شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر دوا هەڕەشەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ رەجەت تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا ئەوەبوو، كە ئابووری ئەو وڵاتە "وێران دەكات"، ئەگەر هاتوو هێرشبكاتە سەر هێزە كوردییەكان. لەو كاتەوەی دۆناڵد ترامپ بووەتە سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، لێدوانەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا نەپچڕاونەوە و بەدەوامنو وەڵامی دەداتەوە، كە ئەو لێدوانانە ڕەخنەی توندبوون، زۆربەی جاریش ڕەخنەكان هێرش بوون بۆ سەر سیاسەتەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكاو توركیا وردە وردە هەڵكشاندان، هەر لەوكاتەوەی بە بەرچاوی میدیاكانی جیهانەوە پاسەوانەكانی ئەردۆغان هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەرانی ئەمریكیو توركی، ئینجا تەنگژەی قەشە برنسۆنو دواتریش پرسی باكووری سوریاو بوونی هێزە كوردییەكان لەو ناوچانە. هەروەها تێوەگلانی توركیا لە یارمەتیدانی ڕژێمی ئێرانی لە ڕێگەی دۆسییەی بانكی "خەلق"، هۆكارێكی ترن بۆ بەرزبوونەوەی كێشەكانی نێوان توركیاو ئەمریكاو ئەگەر هەیە ئەو كێشانە بگاتە ئاستی پێكدادانی راستەوخۆ ، یان ناڕاستەوخۆ. هەموو ئەم هۆیانە لەپاڵ ئاڵینگاری ستراتیژی توركیا بە هەوڵدان بۆ دەستخستنی سیستەمی موشەكی ئێس 400 ی ستراتیژی ڕوسی، تەنگژەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەی قووڵتر و ئاڵۆزتر كردووە. بەم دوایانەش ئەردۆغان تاموچێژی لەو خەونە نەكرد، كە دەمێك بوو چاوەڕێی بوو، ئەویش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە باكوری سوریا، تا گۆرەپانەكەی بۆ چۆڵ بێت و تۆڵە لە كوردەكان بكاتەوە، كە كارە لەناكاوەكە لەخودی ترامپەوە هاتو بە تەنیا 4 وشە دەماری توركیا و سەرۆكەكەی گرت ، كە هەڕەشەی وێرانركردنی ئابووری وڵاتەكەیانی لێكردن، لەمیانی تویتێك لەتۆڕی كۆمەڵایەتی توریتەر. ترامپ لەتویتەر وتی: ئابووری توركیا وێران دەكەین، ئەگەر بێتو هێرش بكاتە سەر هێزە كوردییەكانی سوریاو بەقووڵایی 20 میلیش ناوچەی دژەفڕین دروست دەكەن، كە ئەوە كاردانەوەی توندی ئەردۆغانو ئەنقەرەی بەدواوە هات. تۆ بڵیی توركیا چ كارتێكی بەدەستەوە بێت تا بەرووی واشنتۆندا بەرزی بكاتەوە؟ لەوانەیە یەكەم گریمانە دانەپاڵو هاوپەیمانی زیاتری ئەنقەرە بێت لەگەڵ روسیادا، ئەمەش لەسەر كەوڵ و هەگبەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا تەواو دەبێت، ئێنجا هاویشتنی هەنگاوی هێرش لەباكووری سوریا وەك بێڕێزییەك بەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەو مەبەستەی ڕایكێشێتە ناو گەرمەی ڕووداوەكانەوە. وەك وڵامدانەوەیەكیش بۆ تویتەكەی ئەم دوایەی ترامپ لەسەر تویتەر ئیبڕاهیم كاڵنی وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی توركیا بە تویتێك وەڵامی ترامپی دایەوە و وتی: "ناكرێ و نابێت تیرۆرستەكان هاوبەش و هاوپەیمانتانبن، هیچ جیاوازیەك لەنێوان داعش و یەكینەكانی پاراستنی گەلدا نییە". لای خۆشیەوە فەخرەدین ئاڵتونی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی توركیا ئەوەی دووپاتكردەوە، بەشێلگیری و مكوڕبوونەوە بەردەوام دەبین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر". هەروەها جەختی لەوەش كردەوە، توركیا دوژمنی كوردەكان نییە و تەنیا و تەنیاش "ئەوان تیرۆرستان بە ئامانج دەگرن". ئاڵتۆن وتیشی: سەرچاوەی تیرۆر هەرچییەك بێت، باوەڕی یان ئاینی یان ئیتنیكی، "ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە و سەرچاوەكانی ووشك دەكەین"، ئەمەش كتومت ئەوەیە، كە توركیا لە باكووری سوریا ئەنجامی دەدات. پێشتریش ئەردۆغان دژ بە لێدوانەكانی جۆن بۆڵتۆنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی توركیا وەستایەوە، كاتێك ڕۆژی 3 شەممەی ڕابردوو ناوبراو سەردانی ئەنقەرەی كردو ئەردۆغان وەك ناڕەزاییەك بەرانبەر لێدوانەكانی ڕەتیكردەوە چاوی پێ بكەوێت، چونكە وتبووی پێشمەرجێكی كشانەوەی ئەمریكا لەباكووری سوریا گەرەنتی دەستەبەری سەلامەتی و ئارامی كوردەكانە. شەممەی ڕابردووش مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشبینی خۆی نیشاندا سەبارەت بەپاراستنی كوردە هاوپەیمانەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كاتێك ئەمریكا هێزەكانی لەسوریا بكێشێتەوە، لە هەمان كاتیشدا مافی ئەوەی بەتوركیا ڕەوابینی، كە بەرگی لە خۆی بكات. واپێدەچێت گەشبینییەكەی پۆمپیۆ لە ئێستادا لە شوێنی خۆی نەبێت، چونكە توركیا لەوە تۆقیووە واشنتۆن دەست بۆ شادەماری ژیانی ئەنقەرە بەرێت، كە ئابوورییەكەیەتی، حكومەتەكەی دادو گەشەپێدانیش دوای نزیكەی 70 ڕۆژی دیكە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوس سازدایە، بۆیە دەبێت زۆر بەوریاییەوە كارتەكانی بەكاربێنێت تاوەكو بە سەلامەتی لەو زریان و گێژەڵوكە دەربازی بێت ، بەپێچەوانەوەش ئەنقەرە باجێكی زۆر قورس دەدات.