حەشدی شەعبی لە خورماتوو كشایه‌وه‌
هێزێكی ئه‌مه‌ریكی ده‌چێته‌ فڕۆكەخانەی سەربازیی سدیق

عیراق

09/02/2019‌ 3185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی رایگه‌یاند، هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارۆچكەی خورماتوو پاشەكشەیان كردووە و هێزێكی سەر بە لیوای 61ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هاتوونەتە شوێنیان، ده‌شڵێت، دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌چنه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سدیق له‌ خورماتوو.

ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، بە میدیای حزبه‌كه‌ی وتووه‌، "ئەمڕۆ شه‌ممه‌ حەشدی شەعبی لە شارۆچكەی خورماتوو پاشەكشەیان كردووە، هێزی لیوای 61ی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هاتوونەتە شوێنیان و لە بازگە و دەروازەكانی شار جێگیربوونە".

له‌باره‌ی چوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ فڕۆكەخانەی سەربازیی سدیق كە 15 كیلۆمه‌تر لە ڕۆژئاوای قەزای خورماتووە دوره‌ بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاشكرایشی كرد، "هێزە ئەمەریكییەكان چاوەڕوانی جێبەجێكردنی هەنگاو و ڕێكکەوتنە سەربازییەكانی نێوان هەولێر و بەغدان، دوای كشانەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە بڕیارە ئەوانیش بێنە فڕۆكەخانەی سەربازیی سدیق لە خورماتوو و بنكەی سەربازی دابمەزرێنن".

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی رونیشیكرده‌وه‌، "ئێستا حەشدی شەعبی سەرجەم چەكە قورسەكانی لە فڕۆكەخانەكە كشاندووەتەوە بەرەو ئامرلی، تەنیا هەندێك چەكداریان لە فڕۆكەخانەكەدا ماوە."

ئەرسەلان عەلی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ڕەوشی خورماتوو و دەوروبەری تا ئەمڕۆش ناجێگیرە و هەر دوێشەو كەسێك ڕفێندراوە، كە گومان دەكرێت حەشدی شەعبی ئەم كارەیان كردبێت، چەندین گوندی كورد هەن كە تا ئێستاش بە هۆی بوونی هەڕەشەی تیرۆریستانەوە خۆیان پاسەوانی لە خۆیان دەكەن".
ه.م