ترامپ بەپڕچەككردنی كوردەكانی‌ ڕۆژئاوا ڕیسەكەی ئەردۆغانی كردەوە خوری

کوردستان

18/02/2019‌ 4138 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریكا بۆ پاراستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات پەنا بۆ وڵاتە ئەوروپییەكان دەبات، توركیاش بۆ دەستەبەركردنی زۆنی ئارام، كارتی پەنابەران بەڕووی نەیارانیدا بەرزدەكاتەوە.

ئەوە دیمەنی گۆڕەپانی یارییە سیاسی‌و سەربازییەكەی سوریایە، كە لەو چوارچێوەیەدا دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، كارتی فشاری دیكەی بەدەستەوەیە بۆ پڕكردنەوەی شوێنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و ڕێگریكردنیش لەتوركیا كێشەكانی خۆی لەگەڵ گروپە كوردەكانی هاوپەیمانی واشنتۆن بە رێگە سەربازی یەكلاییبكاتەوەو ئەمەش پلانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا پوچەڵ دەكاتەوە لە دروستكردنی زۆنێكی ئەمنی ئارام وەك پشتێنەیەكی سەربازی بۆ دەورەدانی كوردەكان.

ئەمریكا بە پڕچەككردنی كوردەكانی سوریا كارتە جێگرەوەكانی بەڕووی ئەردۆغاندا بەرزكردووەتەوەو دووریش نییە پەنا بۆ هێزە سەربازییە ئەوروپییەكان بەرێت بۆ پاڵپشتیكردنی كوردەكان دژ بە مەترسییەكانی توركیاو داعش، ئەمەش وایكرد ئەنقەرە هۆشدارییەكی بداتە ئەوروپا، كە دەرگاكان بە ڕووی پەنابەراندا بەرەو ئەوروپا دەكاتەوە.

جەنەڕاڵ جۆزێف فۆنتێلی سەركردەی سەركردایەتی مەركەزی و سەرپەرشتیاری هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند هەتا دوای كشانەوەشیان لە سوریا، پێویستە ووڵاتەكەی بەردەوام بێت لە پڕچەككردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات.

ئەمەش تا ئێستا یەكێكە لە بەهێزترین ئاماژەكانی ئەمریكا بەوەی واشنتۆن دەستبەردرای كوردەكان نابێت بە تەنیا ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان ببنەوە، بە تایبەتیش كە توركیا هەڕەشەیان لێ دەكات، ئەنقەرە بە چاوی دەستكەوتەوە لە شكانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەڕوانێت، دەیەوێت ئەوشە بە خەڵك بڵێت كە بڕیارەكەی تڕەمپ لەژێر فشاری توركیادا دراوە نەوەك بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.  

شارەزایان وای بۆ دەچن لێدوانە فسقەلكەرەكانی ئەردۆگان به شێوەیەكی كارا پشكداربوون لە پیداچوونەوەی تڕەمپ بە هەڵوێستەكانی سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ووڵاتەكەی لە سوریا و بەڕیوەبردنی پڕۆسەی جەنگی دژ بە داعش، ئاماژه بەوشە دەدەن كە ئەردۆگان بڕیارەكەی تڕەمپی بە بەزینی واشنتۆن لێكداوەتەوە، پێشی وابوو ئیدی ڕێگە تەخت و چۆڵە بۆ توركیا كە دەست بەسەر ئەو بەشەی سوریادا بگرێت پێش ئەوەی ئەمریكا و ڕوسیای بۆ ببنە بەربەست.

مایك بنسی جێگری سەرۆكی ئەمریكا ڕۆژی شەممە لە گۆنگرەی میونخ لە ئەڵمانیا گووتی كشانەوەی ووڵاتەكەی لە سوریا لە لۆژیكی هەمواركردنەوەی شێوازی كارەوە سەرچاوەی گرتووە نەوەك گۆرانێكی ستراتیژی.

هەمواركردنەوەی هەڵوێستەكەی تڕەمپ لە كشانەوەی لە سوریا، پێویستی بە پاڵپشتی ئەوروپییەكان هەیە، دوای فەڕەنسا، ئەڵمانیاش باوەڕی بەوە هێناوە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمركیا لە سوریا هەژموونی ڕوسیا و ئێران زیاد دەكات لە ناوچەكەدا.

مێڕكڵ لەوتەكەی لە كۆنگرەی میونخ پرسیاری كرد و وتی: "ئایا بیرۆكەیەكی باشە كە ئەمریكییەكان بە خێرایی و لەناكاو‌ لە سوریا بكشێنەوە؟ ئایا ئەوە هەژموونی ڕوسیا و ئێران زیاد ناكات؟".

تێگەیشتنی ئەوروپییەكان بۆ پێویستی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، پاڵنەری تڕەمپ بوو كە داوای پشتیوانیان لێ بكات بە ناردنی هێزی سەربازی بە مەبەستی دروستكردنێكی زۆنێكی ئارام لە باكوری سوریا و پاراستنی هیزەكانی سوریای دیموكرات، ئەمەش‌ ئەو بیرۆكەیە بوو كە سیناتۆری ئەمریكی لیندسی گراهام ئاماژەی پێكرد.

گراهام ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەگەر ئەوروپییەكان بەو پێشنیارە ڕازیبن، تڕەمپ بەشێك لە هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە سوریا دێڵێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی "ستراتیژیەتی دوای داعش"پەیڕەوی لی دەكرێت.

ئەوەشی ڕوونكردەوە كە تڕەمپ لەگەڵ سەركردە ئەوروپییەكان باس لەو پێشنیارە دەكات لە سەردانی ئایندەیدا بۆ ئەوروپا.

ئاشكرا و ڕوونیشە كە پاشگەزبوونەوەی تڕەمپ لە بڕیارەكەی پلانی بەرپرسە توركەكانی سەرەوژێركردەوە، ئێستا ئەردۆگان چاوی لە فلادیمیر پۆتنی سەرۆكی ڕوسیایە لەو تەڵەزگەیە رزگار بكات، لەولاشەوە خەڵوسی وەزیری بەرگری توركیا جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەنقەرە بە تەنیا دەتوانی ئەو ناوچە ئارامە دروست بكات و بەرێیەوە بەرێت.

ئەردۆگان جڵەوی داشكاندنەكانی بۆ فلادیمیر پۆتن شلتر و شتتر كرد،  كاتێك ئامادەی ئەوەی نیشاندا، بەیەكەوە لەگەڵ مۆسكۆ، پڕۆسەیەكی سەربازی هاوبەش لەگەڵ مۆسكۆ دژ بە توندڕەوەكانی ئیدلب ئەنجام بدات، ئەمەش‌ گرنگترین كارتێك بوو كە ئەردۆگان لە بەرامبەر ڕوسیادا یاری پێ دەكرد بە مەبەستی دەستكەوتی زیاتر لە پرسی دروستكردنی زۆنە ئارامەكەی باكوری سوریا. 

شەممەی ڕابردوو ئەردۆگان ئاماژەی بەوەدا كە دەكرێت ووڵاتەكەی و ڕوسیا و ئێران كردەی سەربازی هاوبەش لە ناوچەی ئیدلب ئەنجام بدەن، كەناڵی ئاسمانی "ئین تی ڤی" لە زاری ئەردۆگانەوە ڕایگەیاند " لە هەر كاتێكدا و بە گوێرەی رەووتی ڕووداوەكان، دەكرێت كردەی سەربازی هاوبەش ئەنجام بدەین، هیچ بەربەستێكیش له بەردەم ئەو كارەدا نییە".

ئەردۆغان پێش ئەو داشكاندنەی، داشكاندنی دیكەشی كردبوو، وەك كردنەوەی كەناڵێكی گفتوگۆ لەگەڵ ڕژیمەكەی بەشار ئەسەد و بیدەنگبوونیشی لە مەرجەكەی مۆسكۆ بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ ئەسەد سەبارەت بە زۆنە ئارامەكە. 

شەممەی رابردوو ئەردۆغان پابەندبوونی وڵاتەكەی بە گرێبەستی موشەكی "ئێس-400" ی ڕوسی دووپات كردەوە، بەمەش ئاڵێنگاری ئەمریكا و دەوڵەتی ئەوروپای كرد،  بەو هیوایەی سەرۆكی ڕوسیا بە چارەسەرێك ڕازیبێت بۆ پرسی سوریا و توركیا لەو روگیریە ڕزگار بكات كە تێی كەوتووە.

هەنگاوە فسقەلكردنەكانی ئەنقەرە پاڵی بە "بنس"وە نا ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە توركیا بگرێت بێ ئەوەی ناوی بهێنێت و ووتی: "ئێمە تەماشاكەر نابین كاتیك یەكێك لە هاوبەشەكانمان چەك لە دوژمنەكەمان دەكڕێت".

لە بەرامبەریشدا دووبارە ئەنقەرە كارتی ئاوارە و پەنابەران وەك فشارێك بە ڕووی یەكیەتی ئەوروپادا بەرز دەكاتەوە وەك وولامدانەوەیەك بۆ هەڵوێستی واشنتۆن و ئەوروپییەكان كە تێبینیان لەسەر دروستكردنی زۆنە ئارامەكە هەیە لە باكوری سوریا.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ لە زاری سەرۆكی توركیاوە ئەوەی گواستۆتەوە كە هەر خاوخلیسكییەك لە پرسی سوریا باجەكەی قورس و گران دەبێت.

هەر لەم بارەشەوە ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی لاگیری حكومەت نووسیویەتی كە ئەنقەرە تاوتوێی ئەوە دەكات سنورەكانی بە روی ئاوارە و پەنابەراندا بكاتەوە تاكو گەشت بكەن بۆ ئەوروپا، ئەمەش لە بەرامبەر هەڵوێستی ئەوروپا لەمەڕ زۆنە ئارامەكەی باكوری سوریا.

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
سەرچاوە: پێگەی ئەلیكترۆنی عەرەب