شارپرێس دەقی رێككەوتنی سیاسی گۆڕان‌و پارتی بڵاودەكاتەوە

کوردستان

19/02/2019‌ 1779 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان ئەو رێككەوتنەیان واژووكرد، كە بۆ پێكهێنانی حكومەت ئامادەیان كردووە.

پارتی‌و گۆڕان رۆژی دووشەممە واژوویان لەسەر ئەو رێككەوتنە كرد، كە چەند رۆژی رابردوو لەسەری رێككەوتن.

پارتی‌و گۆڕان رۆژی شەممەی رابردو لەسەر پێكهێنانی حكومەت گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە رێككەوتنەكە بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەبێت.

بەپێی رێككەوتنەكە گۆڕان بەشداری لەكابینەی داهاتووی هەرێم دەكات، ئەوەش بە وەرگرتنی پۆستەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی‌و چوار وەزارەت‌و سەرۆكی دەستەیەك.

هەر بەپێی رێككەوتنەكە بزووتنەوەی گۆڕان وەزیر و بریكاری هەشت وەزارەتی لەكابینەی نۆی حكومەتی هەرێمدا دەبێت، لەچەند ڕۆژی داهاتووشدا ناوی كاندیدەكانی بۆ ئەو پۆستانە یەكلادەكاتەوە.

رۆژ نوری شاوێس لەمیانی لێدوانەكەی رایگەیاند، ئەو رێككەوتنەیان بۆ پێكهێنانی حكومەتەو دەیانەوێت لەماوەیەكی نزیك ئەوە یەكلابكەنەوە.

رۆژ نوری شاوێس راشیگەیاند، كە وەك پارتی دەیانەوێت جگە لەگۆڕان لایەنەكانی تریش بێنە پێشەوە، بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە ئەو حیزبە بە هێزێكی گرنگی هەرێمی كوردستان دەزانن.

لای خۆیشییەوە، جەلال جەوهەر رایگەیاند، كە رێككەوتنەكەیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانەو ئەوانیش دەیانەوێت لایەنەكانی تر بێنە رێككەوتنەكە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لەپێكهێنانی حكومەت بكەن.

جەلال جەوهەر راشیگەیاند، كە مەبەستیانە لەسەر بنەمای رێككەوتنەكە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان پێكبهرێت‌و خزمەتی خەڵكی بكات‌و دۆخی هەرێم ئاسایی بكرێتەوە.

شارپرێس زانیاری دەستكەوتووە، كە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان چوار وەزارەتە، كە بریتییە لەوەزارەتەكانی (دارایی، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ئاوەدانكردنەوە، پیشەسازی‌و بازرگانی).

بەدەر لەو چوار وەزارەتە بزووتنەوەكە سەرۆكی دەستەی سندوقی داهاتە نەوتییەكانی هەرێمی بەردەكەوێت، هاوكات بریكاری چوار وەزارەتیش دراوەتە گۆڕان كە بریتین لە وەزارەتەكانی (ناوخۆ، شارەوانی، كارەبا و پەروەردە)

یەكێكی دیكە لەپۆستە باڵاكان، كە بزووتنەوەی گۆڕان لەكابینەی نوێ وەریدەگرێت، پۆستی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەیە، لەگەڵ جێگری سەرۆكی دەستەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، كە دەستەكە راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتی دەكرێت.


کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە..