ئیمام ئۆغڵو.. ئەو پیاوەی مێزەكەی بەسەر ئەردۆغاندا هەڵگیرایەوە

جیهان

02/04/2019‌ 2365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی سەركەوتنێكی گەورەی لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ بەدەستهینا، قسەیەكی  زۆر لەسەر ئەو پیاوە دەكرێت، كە مێزەكەی بەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا هەڵگیرایەوە .

ئیكرام ئیمام ئۆغڵو پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری توانی لەهەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ بە بەدەستهێنانی ٤١٥٩٦٥٠ دەنگ بەرانبەر بە ٤١٣١٧٦١ دەنگ بەسەر بن عەلی یڵدرم كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان سەربكەوێت و گرنگترین شارەوانی توركیای لە حزبەكەی ئەردۆغان بردەوە .

شارەداری ئیستەنبوڵ و سەرۆكایەتی توركیا زۆر شت بەیەكییانەوە دەبەستیت ، بۆیە ئەو بردنەوەیە مەترسییەكی گەورە لەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان دروستدەكات، كە دوای چەند ساڵێكی تر بەڕێوە دەچێت .

سەرەتا
ئیمام ئۆغڵو، كە خاوەن كەسایەتییەكی كاریزمایی گەورەیە ، لەساڵی ١٩٧٠ شاری ترابزۆنی باكووری رۆژهەڵاتی توركیا لەدایك بووە ، كاروانی ژیانی ئیمام ئۆغڵو لەزۆر ڕووەوە لەكاروانی ژیانی رەجەب تەییب ئەردۆغان دەچێت .

ئۆغڵو دەرچووی بەشی كارگێڕی كاری زانكۆی ئیستەنبوڵە ، ئەوە چۆن سەرۆكی توركیا بەهەمان شێوە كارگێڕی كاری لە زانكۆی مەڕمەڕە خوێندووە ، لەبواری حەزی وەرزشیدا چۆن ئەردۆغان لەتەمەنی گەنجیدا وەك یاریزانێكی پیشەگەر  یاری تۆپی پێی كردووە ، بەهەمان شێوە ئیمام ئۆغڵو تەنیا وەك حەزی خۆی لەگەڵ یەكێك لە یانەكانی تۆپی پێی توركیا بووە.

ئۆغڵو لەچەند بوارێكدا لە سەركەوتنەكانی بەردەوام بووە ، وەك ئیدارەی كۆمپانیایەكی تایبەت بە بواری بیناسازی ، دوای ئەو دامەزراندنی یانەی تۆپی پێی ترابزۆن، كە لەماوەیەكی پێوانەییدا بووە یەكێك لە باشترین یانەكانی خولی نایابی توركی.

ژیانی سیاسی 
ئەو سەركەوتنەی ئیمام ئۆغڵو لە بواری كارگێڕی كاردا وایكێكرد رووبكاتە ژیانی سیاسی ، بۆیە ساڵی ٢٠٠٨ ئەوكاتەی ئەردۆغان سەرۆك وەزیر بوو ئیمام ئۆغلو بووە ئەندامی پارتی گەلی كۆماری .

لەهەمان ساڵدا ئەردۆغان سەرۆكایەتی توركیای وەرگرت ، جەماوەرێتی ئیمام ئۆغڵوش لە ئیستەنبوڵ هەر لە بەرزبوونەوەدا بوو ، تاوەكو  بوو بە سەرۆكی شارەوانی یەكێك لە گەرەكەكانی ئیستەنبووڵ 

ئیوارەی رۆژی یەكشەممە ئیمام ئۆغڵو دوای ئەوەی لە بەدەستهینانی پاریزگاری ئیستەنبوڵی گەورەترین شاری توركیا  سەركەوت ، سەلماندی ركابەرێكە گاڵتەی پێناكرێت .

هاوشێوەی ئیمام ئۆغڵو ، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لەساڵی ١٩٩٤ توانی پاریزگاری شاری ئیستەنبوڵ بباتەوە ، ئەوەش ڕێگای خۆشكرد بۆ بوون بە كەسێكی ناسراو و ئامدەی كرد بۆ بوون بە سەرۆكی توركیا .

ئیستا ئۆغلو سەرۆكایەتی گرنگترین شاری توركیا دەكات لەرووی سیاسیی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە ، كاتی پێویستیشی لەبەردەستە تا ساڵی ٢٠٢٣ بنكە جەماوەرییەكەی خۆی فراوان بكات ، ئەوەش ئەوكاتەیە كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بەڕێوە دەچێت .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی