ئەستەمبوڵ شاری خەونە سیاسییەكان.. ئەو شارەی ئەردۆغانی دروست كردو رەنگە بیشدا بەزەویدا

جیهان

10/04/2019‌ 1803 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئەوەی ئەستەمبوڵ بەدەست بێنێت، توركیای بەدەست هێناوە، سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان یەكەم كەس بوو ئەو وتەیەی داهێناو پاشان بووە بنەماەیەكی ناسراو لەژیانی سیاسی توركیادا. 

ساڵی 1994، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم قسەیەی كرد، تاكو ئەمڕۆش قسەكە بەراستی مایەوە، ئەو كات حیزبی دادو گەشەپێدان و حیزبە ئیسلامییەكانی تر بۆ ماوەی چارەكە سەدەیەكە دەستیان بەسەریدا گرت.

لەگەڵ ئەوەی ئەنجامە سەرەتاییەكان لەهەفتەی رابردووەوە دەركەوتووەو تێیدا كاندیدی حیزبی "گەلی كۆماری" بەرهەڵستكار لەئەستەمبوڵ بەجیاوازییەكی كەم لە هەلبژاردەكانی شارەوانیدا، كە لە 31ی ئازاردا ئەنجام درا سەركەوتوو بووە، بەڵام تائێستاش ئەنجامەكانی كۆتایی یەكلایینەبووەتەوە.

حیزبەكەی ئەردۆغان تانەی لەو ئەنجامانەدا لەسەرجەم بازنەكانی ئەستەمبوڵ ، كە ژمارەیان 39 بازنەیە بووە مایەی دووبارە ژماردنەوەی هەندێك شوێن و لە هەندێكی تردا بەتەواوەتی ژمێردرانەوە لەسەرجەم ناوچەكانی گەورەترین شاری ئەو وڵاتەدا. 

دیارە ئەردۆغان و حزبەكەی پەیوەست بوونیان بەو شارەوە پێوە دیارە، كە سەرەتای هەڵكشانی لایەنی سیاسی ئەردۆغان بوو.

گەورەترین شاری توركیا لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە
ئەستەمبوڵ بە گەورەترین شاری توركیا و هەبوونی چڕترین دانیشتوان لەسەر ئاستی ئەوروپا ئەژمار دەكرێت. بە فەرمی 15 ملیۆن كەسی تێدا دەژی، و 10 ملیۆنیان مافی دەنگدانی هەیە، نزیكەی 20% ی دانیشتوان و دەنگدەرانی توركیا لەو شارەدا دەژین كە ئاسیاو ئەوروپا پێكەوە دەبەستێتەوە.

ژمارەیەكی زۆر لەسیاسییەكان لەو شارەوە ژیانی سیاسی خۆیان بنیاد ناوە، باشترین نموونەی ناسراویش سەرۆكی ئێستای توركیا ئەردۆغانە، كە لە ساڵی 1994 دا بوە سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە.

لە ماوەی كاركرنیدا وەك سەرۆكی شارەوانی سیاسەت و دەستپێشخەرییەكانی خۆی بنیاد نا بۆ چاككردنی شارەكە، بۆ نموونە دووبارە بنیاد نانەوەی (قرن زەهەبی) لەئەستەمبوڵ، كە گوزارشتە لەنیمچە دوورگەیەك و دەكەوێتە بەری ئەوروپای ئەو شارە، هەروەها كۆشی (باب العالی)و مزگەوتی سولتان ئەحمەدو ئایا سۆفیای تێدایە. 

ئەمەش وای لێكردوە لەلایەن ژمارەیەكی زۆری هاولاتیانەوە پێشوازی لێبكرێت و لەسەر ئاستی وڵاتدا بەناوبانگ بێت.

ئەردۆغان لە ساڵی 2002 بووە سەرۆك وەزیران و ساڵی 2014ەش بووە سەرۆكی توركیاو چەندین جار لەهەڵبژاردنەكاندا سەركەوتەوە، زۆربەی سیاسەكان و لە نێویاندا خودی ئەردۆغان پێیانوایە سەركەوتن لە ئەستەمبوڵ لەرووی سیاسییەوە بە مانای سەركەوتن دێت لەسەرانسەری توركیادا.

بودجەی شارەكە و قورسایی ئابوریەكەی 
ئەستەمبوڵ ئابوریەكی جۆراوجۆری هەیە و بەتەنها پشت بە كەرتێك نابەستێت، 27%ی بەرهەمی ناوخۆیی توركیا لەو شارەوەیە، 20% ی هێزە كاركەرەكانی پیشەسازیش بەهەمان شێوە لەو شارەدایە.

هەروەك پێشبینی دەكرێت بەهۆی قەبارەی شارەكەوە، خاوەن پیشەسازییەكی جۆراوجۆریشە، و جۆرەها كەل و پەل بەرهەم دەهێنێت لە نمونەی زەیتی زەیتون و خواردن و ئۆتومبیل و ئەلیكترۆنیات.

تێكڕای بودحەی شارەوانی ئەستەمبوڵ لە ساڵی 2018دا بڕی 42.6 ملیار لیرە بووە (7.78 ملیار دۆلار)، ئەم بودجەیە رێگە بەسەرۆكی شارەوانی و پەرلەمانی ناوخۆیی دەدات دەسەڵاتێكی فراوانی هەبێت بۆ دروست كردنی گەورەترین شار لەو وڵاتەدا لە رووی سیاسی و ئابوریەوە، لەگەڵ دیاریكردنی ئاراستەی گەشەسەندنەكەی بۆ ماوەكانی داهاتوو.

سەرەرای ئەوانەش، شارەكە ملیۆنان گەشتیار بەلای حۆیدا رادەكێشێت لە هەموو سالێكدا (12.5 ملیۆن لە ساڵی 2018دا)، بە واتای 30%ی ئەوانەی ساڵانە سەردانی توركیا دەكەن.

ئەردۆغان و شارە گەورەكە 
ژیانی سیاسی سەرۆك ئەردۆغان راستی و دروستی ئەو قسەیە دووپات دەكاتەوە كە ناوبراو بۆ ماوەی چارەكە سەدەیەكە دروستی كردوە، ئەویش ، ئەوەی ئەستەمبول بەدەست بێنی سەرجەم توركیا بەدەست دێنێ.

ئەم بابەتە 25 ساڵە دەستی پێكردوە، كاتێ ئەردۆغان بوە سەرۆكی شارەوانی گەورەترین شاری توركیا. لەگەڵ ئەوەدا، ئەم سەركەوتنە دەگەرێتەوە بۆ دیمەنی سیاسی لێكدابڕاو بە قەد ئەوەی پەیوەندی بە سیفەكانی ئەم سیاسیە گەنجە خاوەن بەرزەفڕیەوە هەبێت، ئەمەش بە گوێرەی قسەی نوسەری توركی –كان دونار- ی سەرنوسەری رۆژنامەی –حورییەتی توركیا – تاكو ساڵی 2016.

لەساڵی 1994دا هەردوو حزبی راستڕەوی مامناوەند 38% ی دەنگەكانیان بە دەست هێنا، كەچی سەرجەم كاندیدەكانی چەپی مام ناوەند گەیشتنە 32%، بەمەش ئەردۆغان بە رێژەی تەنها 25% سەركەوتنی بەدەست هێنا.

ئەردۆغان ژیانی سیاسی خۆی بەهاوكاری كۆچهێنەرە هەژارەكانی ئەم شارە دەست پێكرد ، كە لەو كاتەدا ژمارەی دانیشتوانەكانی دەگەیشتە نزیكەی 10 ملیۆن سەرنشین.

لەگەڵ ئەوەی خەرێكی فێركردنی رێنماییە ئایینیەكان بوو، خەونی ئەوەی دەبینی ببێتە یاریزانێكی بەناوبانگی تۆپی پێ، لەگەڵ تیپێكی ناوخۆیی گەمەی دەكرد، پاشان بوە پاسەوانی كۆمپانیایەكی كارەبای حكومی و لە كاتی كودەتای سەربازی ساڵی 1980 دا لە كارەكەی دەركرا.

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا