ئایا پارتە عێراقییەکان سەرکەوتوبوون لە پڕۆسەی نیشتیمانسازیدا؟

عیراق

14/04/2019‌ 1527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوسینی: عەلی دلاوەر

پارت و بزووتنەوەی سیاسی لەگەڵ گەشەکردنی بنەماکانی دیموکراسی، کات بە کات بە شێوەو فۆڕمی جیاواز دەرکەوتووە و گەشەی کردووە و بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سیستەمی سیاسی و دەستووری تازە دادەنرێت، کە دەوری کاریگەر دەبینێت لە ناو کۆمەڵدا لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی جا ئەگەر لە دەسەڵاتدا بێت یاخود لە ئۆپۆزیسیۆن. 

زۆر پێناسە و ڕای جیاواز هەیە لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە لەسەر پێناسەکردنی پارتی سیاسی، بەڵام زۆربەی لەسەر  ئەم پێناسەیە کۆکن: (پارتی سیاسی بریتییە لە  کۆبونەوەی کۆمەڵێ خەڵک کە خاوەنی فکرو ئایدیۆلۆجییەکی تایبەت بە خۆیانن، کە ئامانجییان ئەوەیە کە کۆمەڵ گۆش بکەن بە فکرو بەرنامەی خۆیان تا بتوانن  بگەن  بە دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردن و هەنێ جاریش بێ لە هەڵبژاردن، وە هەروەها بتوانن  پارێزگاریی لە مانەوەیەیان بکەن لە دەسەڵاتەکەدا) واتا بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر بنەماکانی پارتی سیاسی دیاری بکەین دەتوانین لەم چوار خاڵەدا کۆیبکەینەوە.

یه‌كه‌م: ئایدیۆلۆجییەکی تایبەت: دەکرێت بیرو ڕاکان سیاسی، نەتەوەیی، دینی و پەروەردەیی بێت، کە بۆچارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا بەکاریان دەهێنن بە پشت بەستن بە بەرنامەکانی خۆیان.

دووه‌م: کادیر: کە پێکدێت لەو کۆمەڵە تاکانەی کە لە ئۆرگانەکانی پارتەکەدا دەبن و هەوڵ دەدەن کۆمەڵگا زیاتر بە بەرنامەو پەیڕەوی پارتەکەیان ئاشنا بکەن تا بتوانن بگەنە دەسەڵات، وەهەروەها کۆمەکی بۆ پارتەکەیان پەیدا دەکەن.

سێیه‌م: ئامانج و بەرژەوەندی هاوبەش: پێویستە پارت و کادیر بزانێت کە هەوڵ بۆچی بەرژەوەندییەک دەدات تا بتوانێ کاری درێژخایەنی لەسەر بکات.

چواره‌م: رێکخستنێکی بە‌هێز و دادپەروەر: پێویستە لەسەر ئاستی  لێهاتوویی و دڵسۆزی کادیرەکانی بڕیار بدرێت کە کێ شیاوترە بۆ ئەوەی بتوانێت هەم بچێتە دەسەڵاتەوە هەم لە پارتەکەی خۆیدا بەرزتر بێتەوە.

بەڵام کاتێک چاو بە ئەدای پارتە سیاسییەکانی عێراق بە شێوەیەکی گشتی دەخشێنین، بۆمان دەردەکەوێت کە پارتە سیاسییەکان هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان نەکردووە هەم ئەگەر لە دەسەڵاتتا بوبێتن یان لە ئۆپۆزیسیۆندا، لە ڕوی سیاسیی و هۆشیاری و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی خۆیاندا. یاخود پارتەکان هیچ کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە بۆ جێبەجێکردنی سێ کۆڵەکە سەرەکییەکەی بنیاتنانی دەوڵەت و نیشتیمانسازی. کە زۆربەی بیرمەندان لەم سێ کۆڵەکەیەدا کۆیان کردۆتەوە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان، کە ئەوانیش بریتین لە:

یه‌كه‌م: وەبەرهێنان لە لایەنە دەرونی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی، لە پێناوی دروستکرنی هەستی هاونیشتیمانی تا هەمو هاوڵاتیان هەست بەوە بکەن کە یەک ئامانج کۆیان دەکاتەوە و خاوەنی یەک یەک ئاڵاو یەک زمانی هاوبەشن، لە ڕێگەی بۆنەو چالاکییە نیشتیمانییەکان کە وا دەکات کە هەمیشە هاونیشتیمانییان لە هەر شوێنێکی دنیا بن خۆیان بە دەرەجە یەکی یەکتر بزانن و وا بیر بکەنەوە کە هاونیشتیمانییەکانیان پێش هەمو هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکەن و نیشتیمانەکەیان پیرۆزترین بەها بێت لە لایەن.

بەڵام لەعیراقدا ئەم کۆڵەکەیە نەک هەربەرجەستە نییە، بگرە بە پێچەوانەوە هەمیشە پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات، حەز بە شکان و زڕاندنی یەکدی دەکەن، چ لە ناوخۆ بێت یان لە دەرەوە، لە هەر شوێنێ تەنانەت هەنێ ڕوداوی سروشتیش ڕو بدات و هەنێ زیان بدات، هەندێ لە هاونیشتیمانیان پێیان خۆش دەبێت. بەشێکی زۆری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشەو شەڕە کۆنانەی کە لە مێژودا ڕویداوەو ئێستا وەکو تۆڵە سەندنەوەیە سەیری دەکەن، کە هەنێ لەو ڕوداوانەش بۆ زیاد لە هەزار ساڵ لەمەو پێش دەگەڕێتەوە، وەکو کێشەی سوننە و شیعەکان. 

زۆر کارەسات ئامێزە، کە یەکێك  لە پەرلەمانتاری شیعەکان پێش چەند ساڵێک وتی ئەگەر سوننەکان چەند شیعەیان کوشت ئێمەش لێیان دەکوژینەوە، ئەمە هەمووی بۆ تەمەڵی و خۆشنەویستنی وڵات و نەبونی بەرنامەیەکی سەنگین دەگەڕێتەوە، تا بتوانرێت وڵات بەرەو پێش ببات لەم ڕووەوە. لە کاتێکدا، لە هەندێك لە وڵاتانی ناوچەکەدا، لە هەڵبژاردنەکاندا، زۆرجار لەو شارانەی کە زیاتر یەک نەتەوە تیایدا دەژین، پارتی نەتەوەکانی دیکە، دەنگی تێدا دەهێنن، چونکە جۆرێك لە هەستیکی هاونیشتیمانی یەکگرتوو لە نێوانیاندا هەیە. 

تا کۆتایی ساڵی 2012 هێشتا لە کوردستان یەک لایی نەبۆوە کە تێرمی خوێندکار بەکار بهێنن یاخود قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندندا، ئافرەت بەکاربێنن یان ژنان، کە بێگومان بۆ ئەو باکگراوندە سیاسییە دەگەڕێتەوە کە ساڵانێکی زۆر کۆمەڵگەی کوردی بەدەستییەوە ناڵانوویەتی. 

دووه‌م: کۆڵەگەی دووەم بریتییە لە بەرەو پێشچونی ژێرخانی وڵات لە ڕێگەی دروستکردن و زیادکردن و بەرەوپێشبردنی ئەو هۆکارانەی کە پێویستە بۆ زیاتر بەستنەوەی هاونیشتیمانیان لە هەموو شارەکانەوە بە یەکەوە، وەکو فڕۆکەخانەو شەمەندەفەرو چاککردن و زیادکرنی  جاددەکان و دروستنکرنی شوینی کۆبونەو حەوانەوەو پاڕک و هاوشێوەکانیان. هەڵبەت بەهۆی لاوازی ئەم کۆڵەگەیە لە عێراقدا یاخود هەر نەبونی هەنێکیان، زۆربەی هاونیشتیمانیان پایتەختی لێ دەرچێ بە کلتور و بیرکردنەوەی هاونیشتیمانیان لە شارەکانی دیکە ئاشنا نین. بۆیە زۆر شتێکی ئاساییە، زۆربەی هاونیشتیمانیان شاری وڵاتانی دراوسێیان دیوە، کەچی شارەکانی وڵاتەکەی خۆیانیان نەدیوە. 

ئەوەی کێشەکە قوڵتردەکاتەوە ئەوەیە، کە هەر یەک لە سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی وڵات، هەر یەکەیان لە ناوچیەکی جوگرافیی دیاریکراودا کۆبوونەتەوە، کورد لە سەرەوەو سوننەکان لە ناوەڕاست و شیعەش لە باشوور. بۆیە ئەم نامۆییە بە یەکتری وای کردووە لەو شارانەش کە ئەم سێ پێکهاتەیە و کەمایەتییەکانی دیکەش کە بە یەکەوە دەژین هەمیشە کێشە ی تێدا بێت، باشترین نمونەش بۆ ئەمە شاری کەرکوکە، کە بە داخەوە لە دوای ڕیفڕاندۆم بە جوانی ئەم کێشەیە لە نێوان پێکهاتەکاندا دەتوانرێت ببینرێت.

ئەم دورییە لە یەکتری وایکردووە، هیچ گفت و گۆیەک و دیداری ڕۆشنبیری ڕو نەدات لە نێوان پێکهاتەکان، هەر یەکەیان خۆی بە ڕاست و بەرامبەر بە هەڵە لە قەڵەم بات، بە تایبەتی لە ڕوی لایەنی دینییەوە کە زۆرترین توندوتیژی بە دوایا دێت. 

ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ ئێستا لە جیهان گفتوگۆی دینەکان هەیە ساڵانە چەندین لەم جۆرە دیدارانە ساز دەکرێت، تا زیاتر ئاشتەوایی لە نێوان هاوڵاتیانی وڵاتاندا هەبێ کە هەر یەکەو خاوەن ئایدیۆلۆجییەک و دینێکی تایبەت بە خۆیانن. بۆیە پارتە سیاسییەکانی عێراق فەشەلیان هێناوە لە بنیاتنەنەوەی ژێرخانی وڵات، کە ئەمە جگە زەرەر لەو لایەنە سیاسییە دەدا کە باسمان کرد، بەداخەوە زەرەری دیکەشی هەیە، بۆ نمونە  ئێستاش لە ساڵی 2019 دا، کە هه‌ندێك زیاتر باران دەبارێت زۆر زەرەر دەدات لە هاوڵاتیان چ لە ڕوی کشتوکاڵەوە بێت یان لە ماڵەکانیان. 

ئەمانە بۆ بێ ئەگایی و خەم نەخواردنی بەرپرسان دەگەڕێتەوە لەو ساڵانەی پێشودا، هەندێك خەڵکی بە بێتاقەتی و ناچارییەوە ئاخ بۆ سەردەمی دیکتاتۆری دەخوازن. بۆیە ژێرخانی وڵات وێرانە. 

سێیه‌م: کۆڵەگەی سێیەم بریتییە لە فەراهەمکردنی دیموکراسی لە وڵاتدا. کە ئەمە بە سەرەکیترین کۆڵەگە دادەنرێ کە وڵات بەرەو پێش دەبات لە ڕێگەی کێبڕکێیەکی شەریفانە لە نێوان سەرجەم پارت ولایەنە سیاسییەکان تا بتوانن باشتر پێشکەش بە هاونیشتیمانیان بکەن. بەڵام جارێکی دیکە بە داخەوە، لە عێراقی نوێدا ئەم کۆڵەکەیە سەری هەڵداوە، بەڵام ئاستەنگ و لەمپەڕی زۆری لەبەردەمدایە، کە دوایینیان هەڵبژاردنەکانی 12ی 5ی 2018 بو، کە زۆرترین تەزویری تێدا کرا. 

ئەوە جگە لە هەڵبژاردنەکان، هاوڵاتییان هەنێ جار ناتوانن با ئاشکرا ڕا و سەرنجی خۆیان بدەن لەسەر بابەتە گشتییەکان، چونکە زۆر جار دەکەونە ژێر هەڕەشەی کوشتنەوەو بەوەش مومارەسەکردنی دیموکراسییەت جارێکی تر دەکەوێتە بەردەم لەمپەڕی گەورەوە. تەنانەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەوانەی کە پشتگیری لە مافی مرۆڤ و مناڵان  وە هەروەها نەهێشتنی تاوان دژی ژنان، ئەوانیش بە ئاسانی و بە ئازادی ناتوانن چالاکی بکەن و کۆمەڵگە زیاتر هۆشیار بکەنەوە لە مافەکانی خۆی. ئەمەش لە کۆتاییدا بە زەرەری دیموکراسییەت و هۆشیاری سیاسی هاونیشتیمانیان دەشکێتەوە و جارێکی دیکە، پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەکەوێتەوە دواوە. لە لەیەکی دیکەوە، کەمی ڕێژەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا، ئاماژەیەکی دیارە بۆ بێ متمانەی هاوڵاتییان لە پڕۆسەی دیموکراسی و پارتەکان لە وڵاتدا.  

پارتە سیاسییەکان ئەبوایە هەر لە 2003ەوە دەستیان بکردایە بە دانانی نیزامیکی سیاسی جێگیر بۆ وڵات، ئەگەر چی ئەگەر ئێستا پێیان بڵێی بۆ نەتانکردووە، باس لەوە دەکەن کە هەڵبژاردن دەکرێت و دیموکراسی بەرقەرارە، بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونکە هەڵبژاردن بەتەنیا نابێتە یەکەم و کۆتا پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دیموکراسی، بەڵکە شەفافی هەڵبژاردنەکان، وە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی دادگایی کردنی بەرپرسەکان، وە هەبوونی فەزایەکی ئازاد کە هەموو پارتێک بتوانێت گوزارشت لە ڕاو بەرنامەی خۆی بکات بێ ئەوەی مەترسی لەسەر بێت، وە هەروەها سەربەخۆ بونی دادگاکان، وە هەبونی میدیای ئازاد، ئینجا دەتوانین بڵێین کە دیموکراسی بەرقەرارە. 

کاتێک ئەم سێ کۆڵەکەیە فەرامۆش دەکرێت، کاردانەوەی خۆی دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کەوا حکومەت پلانێکی درێژخایەن و ستراتیجی نەبێت بۆ گەشەسەندنی ئابوری، بەمەش وڵات یا لە شوینی خۆیدا دەمێنێتەوە یا دەگەڕێتەوە دواوە، چونکە پارتەکان خەریکی گەندەڵی دەبن و هیچ لێپرسینەوەیەک نابێت بۆیان و چاوپۆشی لە گەندەڵی یەکتر دەکەن.

لە لایەکی دیەکەشەوە هیچ بەرەو پێشچونێك نابێت لە ڕوی هۆشیاری کۆمەڵایەتییەوە و فەرامۆش دەکرێت، چونکە وڵات کاتێ دەتوانێ وەبەرهێنان لەم بارەدا بکات، کاتێک لە ڕووی ئابووری و ئازادییەوە کێشەی نەبوو. بۆیە بەداخەوە هەتا ئێستاش لەناو پایتەختدا ئەو چالاکوانانەی کە کار لەسەر هۆشیاری کۆمەڵایەتی دەکەن یاخود هەنێ جار ئەوانەی مۆدێلن و لە بواری جلو بەرگی ئافرەتاندا کار دەکەن یا هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەدەن بۆبەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژی ژنان، بە ڕۆژی ڕوناک دەکوژرێن و دواییش وەکو دەستکەوتێ سەیر دەکرێت. 

هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی پارتە عێراقییەکان لە پڕۆسەی نیشتیمانسازی، دەتوانین بە شێوەیەکی گشتی لەم چەند خاڵەدا کۆبکەینەوە.

یه‌كه‌م: زۆربەی پارتەکان پشت بە عەشرەتەکان دەبەستن لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆیە تا بتوانن فکر و کلتوری عەشرەتگەری لەناو نابەن لە وڵاتدا، تا بتوانن لە ڕێیەوە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێ کۆبکەنەوە.

ئەگەر چی کە قسە بۆ خەڵکی دەکەن باس لە فکری نوێ و ئازادییە کەسییەکان دەکەن، بەڵام بەداخەوە هەرگیز نایەڵن ئەم کلتورە بمرێ. نوسەر و بیرمەندی گەورە (عەلی وەردی) لە پۆڵێنکردنەکەیدا بۆ ململانێی شارستانیەتی و بیاباننشینی، عێراقی لەو وڵاتانەدا داناوە، کە هەمیشە بەریەککەوتنی توند هەیە لە نێوان شارستانێتی و بیاباننشینیدا. واتە هەر کاتێک یەکێکیان بەهێز بێت، ئەوەی دیکەی لاواز دەبێت. بۆ نمونە هەر کاتێک دەوڵەتێکی مەدەنی بەهێز هەبێ لە بەغدا، ئەوە مافی مرۆڤ وهۆشیاری سیاسیش پێش دەکەوێت، وە بە پێچەوانەشەوە.

بەڵام ئەوەی کە ئێستا دەبینرێت ئەوەیە کە مەدەنی بوون زۆر لاوازە لە هزری تاکی عێراقیدا بەهۆی نەبوونی حکومەتێکی مەدەنی بەهێز. بۆیە زیاتر فکری بیاباننشینی و عەشرەتگەرایی زیاترە.   

دووه‌م: پارتەکان هەمیشە هەوڵ دەدەن وەکو پێشتر باسمان کرد، کە نیزامی ئابوری و کارگێڕی وڵات تێک بدەن تا بتوانن ئەوانەی کە سەر بەخۆیانن دوور لە ڕێنمایی و یاساکان دایانمەزرێنن و ڕازییان بکەن، ئەوەی کە بەدی دەکرێ ئەوەیە پارتەکان هەوڵ دەدەن جۆرێک لە فەزایەک بۆخۆیان دروست بکەن هاوشێوەی میرنیشینی بچوک یاخود کۆمپانیایەک، کە تیایدا هەمو هەڵبژاردنێ هیچ نەبێت پارێزگاری لە دەنگەکانی خۆیان بکەن لە ڕێگەی ئەو ڕێگا ناڕاستانەی کە باسمان کرد، وە هەروەها ئەندامە دڵسۆزەکانی خۆیان جێگیر بکەن بۆ پۆستەکان بێ گوێ دانە هیچ لێهاتوویەک تەنها دڵسۆزی نەبێ بۆ دەستڕۆیشتووەکانی ئەو پارتانە. 

سێیه‌م: بە شێوەیەکی گشتی، لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق زۆربەیان لە ژێر هەیمەنەی وڵاتانی دیکەدان، کە ئەمەش جارێکی تر لەمپەڕ دروست دەکات لەوەی کە بتوانن خزمەتی هاوڵاتیانی خۆیان بکەن، چونکە ئەو وڵاتانە هەر کاتێک بیانەوێ لەڕوور ئابوری و سیاسییەوە لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنن، ئەمەش بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێش 2003 زۆربەی ئەم پارتانە کە ئۆپۆزیسیۆن بون لە یەکێ لەو وڵاتانە گەورە بون و خزمەت کراون، لە پاش پڕۆسەی ئازادییەوە کاتێک کە گەڕاونەتەوە زۆر ئەستەمە بتوانن لە ژێر هەیمەنەی ئەو وڵاتانە دەربازیان ببێت.

بەشێکی تری هۆکارەکەش بریتییە لەوەی کە پارتەکان بەشێکیان پاڵپشتی دارایی لەو وڵاتانە وەردەگرن، بەشێکی تری هۆکارەکەش بریتییە لەوەی کە هەنێ پارت سەر بە نەتەوەی جیان جگە لە عەرەب و کورد، هەنێکیان دڵسۆزییان بۆ وڵاتانی دیکە زیاترە وەک لە عێڕاق، بە نمونە هەنێ لە پارتە تورکمانەکان کە تەواو وەلائیان بۆ تورکیا هەیە.

بۆیە لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی وەزاری یاخود کێشەیەکی ئەمنی، بە ئاشکرا پیاوانی ئەم دەوڵەتانە یەنە عێڕاق و دەگوزەرێن ویەنە گفتوگۆکان و کێشەکان یەکلایی دەکەنەوە، لە کاتێکدا لە هەموو وڵاتێکی دیموکراسی تەنها شوێن بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان و گفتوگۆ سیاسییەکان پەرلەمانە. بەڵام ئەوەی کە جێگەی مەترسییە ئەوەیە کە ئەم دیاردەیە بووەتە شتێکی زۆر ئاسایی لەناو عورفی سیاسی عێراقیدا، بە ئاشکرا لە گفتوگۆکاندا ناوی ئەو بەرپرسانەی ئەو وڵاتانە دەهێنن، وە بە ئاشکرا مەوقفی ئەو وڵاتانە باس دەکەن لە پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتتدا. 

چواره‌م: هەمیشە عێراق مەیدانێک بووە بۆ یەک لایی کردنەوەی حساباتی وڵاتانی دیکە، هەمیشە وڵاتان ویستویانە هێزو توانای خۆیان پیشان بە دەوڵەتە نەیارەکانیان بدەن، یاخود پێکهاتەکانی عێراق هەم لە ڕوی سیاسی هەم لە ڕوی سەربازی بە یەکدا بدەن، هەر کاتێکیش ڕێک بکەون ئەوا پارتە عێراقییەکانیش ڕێک ئەکەون. ئەمە وا دەکات کە هیچ کات لەم حزبانە نەتوانن پڕۆژەی هاوبەش و ستراتیجی پێشکەش بکەن و هەمیشە گفتوگۆو پڕۆژەکانیان کاتیین.

پێنجه‌م: هەرچەنە ستڕەکچەری سیاسیی نوێی عێراق سیستەمێکی سەردەمییانەیە بە ڕواڵەت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا وانییە، واتە نەهاتون چاو لەو سیستەمانە بکەن کە توانیویانە ئەم سیستەمی دیموکراتی و پەرلەمانییە بە چاکی بەرجەستە بکەن لە وڵاتەکەی خۆیانا، ئیسڕائیل بە نمونە، بەڵکە هاتون چاویان لەو وڵاتانە کردووە کە پشت بە پشک پشکێنە دەبەستێ وەکو لوبنان، کە هەرچەنە حکومەت بگۆڕدرێت و هەڵبژاردن بکرێت، نە دەموچاوەکان بەزۆری دەگۆردرێن نە ڕێژەی پارتەکان، چونکە جۆرە لە پشک پشکێنە هەیە هەنێکی بە یاسا، هەنێکیشی بووەتە عورفێکی سیاسی. 

شه‌شه‌م: کێشەیەکی زەق هەیە کە کۆمەڵگای شەرقی بە شێوەیەکی گشتی ناتوانن خۆیانی لێ دەرباز بکەن لە ژیانی سیاسییانا، ئەویش کاریگەربوونە بە تاکە سەرکردەوە، کە ئەمە وا دەکات، حزبیکی نیو ملیۆنی یاخود زیاتر لە ژێر هەیمەنەی سەرۆکەکەیدا بێت، زۆربەی کەیس و گفتوگۆ سیاسییەکان بە وشەیەکی سەرۆکەکە یەک لایی بێتەوە، لە کاتێکدا هەمو پارتێک دەبێت پەرلەمانێکی ناوخۆیی هەبێت و بتوانێت لێپرسیەنەوە لەگەڵ هەموو ئەندامەکانیدا بکات. 

ئەمە لەسەر ئاستی پارتەکە، لەسەر ئاستی گشتیش، کۆمەڵگا کاتێک کە یەکێک پیرۆز دەبێت لەلای، ئیتر زۆربەی زۆری کاتەکان ئەم سەرکردەیە هەڵەش بکات، هەر دەنگی پێدەدات، هەر پارێزگاری لێ دەکات لە گفتوگۆکانیدا، هەردەم پۆزش دەهێنێتەوە بۆ هەڵەکانی ئەو سەرکردەیە. هەڵبەت میدیا دەورێکی زۆر گەورە دەبینێ لە بە پیرۆزکردنی ئەم سەرکردانە، لە ژێر ناوی باوکی ڕۆحی، کاکی گەورە، کوڕی فڵانە کەس، کچەزای پێغەمەر،کوڕی فڵانە شەخس، ...هتد.

حه‌وته‌م: بەشێکی تری کێشەکە ئەوەیە، کە کۆمەڵگای کوردی زۆر پێوەی ناڵاند تا سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن لە ٢٠٠٩وە تا ئێستاس لە عێڕاقدا هەیە، ئەوەیە کە هەمیشە دەڵێن وڵات بە قۆناغێکی ڕاگوزەردا تێپەڕ دەکات. کە ئەمە ڕێک نیشانەی خوێندکاری تەمەڵە لە خوێندن کە هەمیشە پۆزش ئەهێنێتەوە و هەڵەکە لەسەر خۆی لا دەبات. ئەم پارتە سیاسییەنەش هەر ئاوان، خۆیان و ڕۆڵەکانیان لە باشترین و چاکترین شویندا دەژین، شتێکی ئاساییە، بەڵام بۆ میللەت و ڕۆڵەی گەنجی وڵات، دەڵێن قۆناغێکی ڕێگوزەرە. 

هه‌شته‌م: گوتار و ئاخاوتنی ئەم پارتە سیاسییانە بە حوکمی ئەوەی بۆ ساڵانێکی زۆر هەر خەبات و شۆڕشیان کردووە دژی ڕژێمی بەعس بۆیە تا ئێستاش وا خۆیان ئەبینن کە شۆڕشگێڕن و پیرۆزن، بۆیە هەر کاتێک باسی ڕەخنەیەک ئەکەی لەگەڵیانا، هەمیشە باسی شەهیدەکانیان و خەباتەکانیان دەکەن. جا ئەوەی کە ئەم کێشەیە قوڵتر دەکاتەوە ئەوەیە، کە هەموو پارتە عێراقییەکان خاوەن ئەم فکرەیەن، بۆیە لەم خاڵەدا پارێزگاری لە یەک دەکەن. ئەمەش بە هەمان شێوە وەهمێکی لا دروست کردوون، کە ئیشی خۆیان تەواو کردووە و ئێستا کاتی چنینەوەی بەرهەمەکانیانە، چیتر پێویست ناکات بەرنامەو ڕوئیای نوێیان پێ بێت بۆ بەرەوپێشچونی وڵات. 

لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە بزانین کە ئێستا هاونیشتیمانیان زۆر بێ ئەمەل بون لە پڕۆسەی سیاسیی لە عێراقدا، دابەزینی ڕێژەی بەشداربووان لە دەنگداندا زەنگیکی مەترسییە، تەنانەت زۆربەی زۆری ئەوانەی کە بەشداریان کردووە، ئەندام و لایەنگری پارتەکانن نەک هاوڵاتی بێلایەن، بۆیە دەبێت ئەوە بزانن کە ئەگەرگەندەڵی کەم نەکرێتەوە، وە دادپەروەری بەرقەرار نەبێ، دەموچاوو فۆڕمی نوێ نەیەتە مەیدان، وەبەرهێنان لە هۆشیاری سیاسی هاونیشتیمانیاندا نەکرێ، دوور نییە لە داهاتوودا، جارێکی تر گەل ڕاپەڕێتەوە دژی ئەوانەی کە تا دوێنێ پیرۆز بوون لە لایان.