نهێنی گەیشتنی بەلوتكەی دەسەڵاتی سعودییە
دیوە شاراوەكانی قۆناغی منداڵی‌و هەرزكاری محەمەد بن سەلمان

جیهان

16/04/2019‌ 2115 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ڕۆژنامەی وۆل سترێت جۆرناڵ هەندێك وردەكاری قۆناغی منداڵی‌و هەرزەكاری شازادی جێنشینی سعودییەو چۆنییەتی گەیشتنی خێرای بەلوتكەی دەسەڵات لە ناو بنەماڵەی پاشایەتی سعوییە ئاشكراكردووە.

بەپێی رۆژنامەكە، كە لەلایەن "كارێن ئێلیوێت هاوس" لەژێر ناوی "سعودییە، ڕابردوو خەڵكەكەی" كتێبێكی لەسەر نووسراوەو سەرچاوەی راپۆرتەكە، محەمەد بۆ گەیشتن بەدەسەڵات ژیانێكی پڕ كێشمەكێشی بەسەر بردووە، هەروەها نهێنی شا سەلمان بۆ ئەو خراوەتە روو.

نووسەر لەڕاپۆرتەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات، شا سەلمان پاشای سعودییە دوو خێزانی هەبووە، كە ناوی یەكێكیان سوڵتانەو ئەویتریشیان فەهدە بووە، كە لەهەركام لەو خێزانانەی شەش منداڵی بووە.

دوو لەمنداڵەكانی خێزانی یەكەمی بەهۆی نەخۆشی دڵەوە گیانیان لەدەستداوە و نووسەر  ئەوەش دەڵێت: یەكێك لەهۆكارەكانی نزیكی شا سەلمان بەكوڕەكەی محەمەدەوە، ئەوە بووە كاتی مردنی ئەو دوو منداڵەی، شازادە محەمەد لای باوكی بووە و دڵنەوایی داوەتەوەو ئەوانیتریش خەریكی ماڵ‌و ژیانی خۆیان بوون، كە ئەمەش ئاماژەكانی خۆشەویستبوونی ئەوی زیاتر لەلای باوكی كردووە. 

شا سەلمان لەو كاتانەدا ئەمیری ناوچەی ڕیاز بوو، كە ئەركی زۆریشی لەسەرشاندا بووە، یەكێك لە ئەركەكانیشی بەپێی وتەی نووسەر بەرپرسی سزادانی ئەو شازادە ئاژاوەچی‌و ئاشوبگەرانە بووە، كە بۆ خانەدانی دەسەڵاتی سعودییە كێشەیان دروست  كردووە.

 هەر لەو كاتانەدا محەمەدی كوڕی سەلمان، بەهۆی نزیكی لەباوكی شارەزای پەیداكردووە لەوردەكاریی كاروبارەكان، ئەو ڕێگاو مكانیزمانەی، كە شازادەكانی دەبوو پێبانگهێشت بكات، لە شا سەلمانی باوكییەوە فێربووە، ئەو فێربووە، كە چۆن چۆنی لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكاندا هەڵسوكەوت بكات، هەروەها ئەو مكانیزمانەی لە گرتن و بەندكردنی شازادەو وەزیر و بازرگانەكان لەكەمپەینی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا بەكارهێنا.

نووسەر هەروەها دەڵێت: قۆناغی خوێندنی بن سەلمان بەهۆی نزیكبوونی لەباوكییەوە، هاوشێوەی هەموو هاوڕێ و هاوتەمەنكانی زۆر ڕێكوپێك نەبووە و ئەو هۆیەش وای كردووە، لەگەڵ هاوڕێیانی هەڵسوكەوتێكی باشی نەبێت.

هاوس، پاشان چالاكییەكانی محەمەد سەلمان پاش دەرچوونی لەزانكۆی شا سعود دەخاتە روو،  كاتێك یەكەم گرژی‌و ناكۆكی لەگەڵ  شا عەبدوڵڵای پاشای پێشووی سعودییەدا دەستپێكرد، كە ئەویش ئەوە بوو، شا سەلمان زەویوزاری بنەماڵەی لەقازانج و بەرژەوەندی خۆی بەبێ هیچ حساب بۆ كردنێك بۆ شا عەبدوڵڵای برای فرۆشتبوو، ئەویش ناڕازی بووە.

 ئەو نووسەرە دەشیگێڕێتەوە، بن سەلمان بەنزیكەكانی خۆی لەو ساڵانەو بەدیاریكراویش لەساڵی2007دا وتووە، ناچار كراوە یەكەم هەنگاو بۆ پشتیوانی لەخێزانەكەیان بهاوێت. 

بەوتەی خالیدی برای شازادەی جێنشین، ئەو كۆمپانیایەكی تایبەتی دامەزراندو تەواوی گرێبەستە حكومییەكانی بۆ ژێرچاودێری ئەو كومپانیایە وەك هەموو شازادەكانی پێشووتر لەخۆی گواستەوە.

شازادە سەلمان هەوڵیدابوو، ڕەزامەندی شا عەبدوڵڵای مامی بەدەست بێنێت، بەڵام  هەوڵەكانی بێسوود بوو، هەروەها لەهەوڵیش دابووە كۆشكی شا فەهد بەدەستبخات، بەڵام دیسانەوە بێئەنجام لەو هەوڵەشی هاتووەتە دەرەوەو لەو ڕووەشەوە چاوەڕوانی مەرگی ئەوی كردووە.

هاوس دەشڵێت، لەو كاتانەدا وڵاتی سعودییە بەهۆی مردنی شا عەبدوڵڵا لەخەم‌و ماتەمدا بووە، شازادە بن سەلمان چوار ڕاوێژكاری بۆ سەر لەنوێ بونیاتنانی حكومەت ڕاسپاردووە، كە بەم هەنگاوەی ئەنجوومەنە بڕیادەرەكانی هەڵوەشاندووەتەوەو دوو ئەنجوومەنی تری بەناوی ئەنجوومەنی ئابووری و ئەنجوومەنی ئاسایشی ناوخۆ، كە چاودێری دۆخی سیاسەتی وڵاتی دەكرد، دامەزراند.

لەو كاتانەدا شا سەلمان، "محەمەد بن نایفی" وەك شازادەی جێنشین هەڵبژارد، هەوڵێك وا دەهاتە بەرچاو، هەوڵدانێك بۆ ڕێگریكردن لەگەیشتنی خێرایی شازادە بن سەلمان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات بێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە پێشەكییەك بوو، تا كوڕەكەی خۆی، شازادە محەمەد بكات بە شازادەی جێنشینی وڵات، كە پاشان محەمەد بن نایف-ی لابردو شازادە محەمەد سەلمانی لە جێی ئەودا دانا.

شازادەی جێنشین محەمەد سەلمان لەگەڵ گەشتنی بەم پۆستە، پلانەكانی خۆی بۆ ڕزگاربوون لە تەواوی ڕكابەر و بەرهەڵستكارانی بەتایبەت كوڕە مامەكانی دەستپێكرد و هەندێك بڕیاری چاوەڕواننەكراویشی لەبارەیانەوە دەركرد، كە هەمووانی بەم بڕیارەی تووشی شۆك كرد.

ئەو بڕیارە شۆكهێنەرانەشی هەر شەش مانگ جارێك دەردەكرد، ئەو بڕیاڕەكانی بەپچڕانی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتی قەتەر و  گرتنی شازادەكان وڵات و دەستبەسەركردنی سەعد حەریری سەرۆكی وەزیران لوبنان لەنێو ماڵەكەی خۆی و ناچاركردنی بەدەستلەكاركێشانەوە.

هەروەها بڕیاریشیدا، سووبسیدی سوتەمەنیش ببڕێت، لەگەڵ ئەمانەشدا زانینی ئەوەی، كە بڕیاڕەكانی تری شازادەی جێنشین چییە، كارێكی كەمێك دژوارە، لەئێستاشدا لەگەڵ ڕەخنە نێودەوڵەییەكان لە محەمەد،  لە ئەدای كار و تاوانێكی وەك كوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەوان، ئەو تا ئێستاش لەمكارەی پەشیمان نییە، كە بەوتەی نووسەر تا ئەوكاتەی لەپشتیوانیكردنی دۆناڵد ترامپ و شا سەلمانی باوكی بەهرەمەند بێت، هەرگیز هەنگاو بەرەو دواوە نانێت. 

كەمپەینی شازادە بن سەلمان دژی بەرهەڵستكاران و چالاكوانان و گرتن و بەندكرنیان، وای لەو كردووە لەبەرنامەی پێشكەوتنی "دوورنمای 2030 وڵاتەكەیدا بەتەنیا بمێنێتەوە، كە لەودا سعودییە دەیەوێت چیدی پشت بەكەرتی نەوت بۆ بوژاندنەوەی ئابووری لە وڵاتەكەیدا نەبەستێت، یان لانیكم ئەو زۆر كەمبكاتەوە.

وەرگێڕان: یاسین نادر