وردەكاری مەرجەكان.. پارتی‌و گۆڕان گەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی رێككەوتن

کوردستان

22/04/2019‌ 3820 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان بە پارتی راگەیاندووە، كە ئەوان نایانەوێت ببنە هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت‌و ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستانیش تەئكیدی كردەوە، كە پارتی و گۆڕان گەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی رێككەوتنەكەیان.

رۆژی سێی نیسانی رابردوو، پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رێككەوتن و كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەموار و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد، بەڵام خاڵێكی رێككەوتنەكەی نێوان ئەو دوو هێزە، بزووتنەوەی گۆڕانی نیگەران كرد، بەهۆی زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی رووداو، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، رێككەوتنی نێوان بزووتنەوەكەی و پارتی پشتڕاست دەكاتەوەو دەڵێت: چاوەڕوانكراو بوو، كە رێكدەكەون، چونكە گۆڕان نەیدەویست ببێتە هۆی تێكدانی پرۆسەكە و "ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان رازی بووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو جێگری هەبێت".

گۆڕان بەچەند مەرجێك رازی بوو بەزیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەویش پەیوەندی بە دەسەڵاتەكانی ئەو جێگرەوە هەبوو لەگەڵ پێشخستنی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، یەكێتی بە پارتی وتووە ئەوان بەو مەرجانە رازین و ئامادەن رێككەوتنەكە لەگەڵ پارتی واژۆ بكەن، بەڵام ئەوە هەموو بابەتەكە نییە. 

هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی لەو چەند رۆژەی رابردوو، كە لەگەڵ گۆڕان لەسەر هێڵ بووە، بۆ نییەتپاكی بە گۆڕانی وتووە، ئامادەیە دەقی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی بخاتە بەردەستی گۆڕان، بۆ ئەوەی ئاگاداری وردەكارییەكان بێت و یەكێتیش لاری نەبووە.

جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كە گۆڕانە، دەڵێت: "دەتوانین بڵێین پارتی و گۆڕان گەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی رێككەوتنەكەیان و ئەگەری بەهێز ئەوەیە رۆژی چوارشەممە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری بكرێت".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: لەسەرەتاوە ئێمە رەتماندەكردەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو جێگری هەبێت، بەڵام ئێستا "لەبەر ئەوەی پرۆسەكە لەوە زیاتر دوانەكەوێت، گەیشتووینەتە هەنگاوی كۆتایی رێككەوتنەكەو چاوەڕوان دەكرێت دووشەممە یان سێشەممە بە فەرمی رێككەوتنەكە رابگەیێندرێ و دواتر پارتی و یەكێتی رێككەوتنەكەیان واژۆ بكەن".

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بەهۆی هەستیاری دۆخەكە نایەوێت ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت: "تائێستا بەهۆی یەكێتی و دواتریش بەهۆی نیگەرانییەكانی گۆڕانەوە پرۆسەكە پەكیكەوتبوو. ئەگەر گۆڕان بە دوو جێگر رازی ببێت و یەكێتی و گۆڕان گرفتی دیكە لە نێوانیان دروست نەبێ‌ لەسەر بابەتی دەسەڵاتەكانی ئەو دوو جێگرە، بێگومان لە رۆژانی داهاتوودا هەنگاوە كردەییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەبینین".

بزووتنەوەی گۆڕان بەچڕی سەرقاڵی ئامادەكردنی ناوی بەربژێرەكانیەتی بۆ ئەو پۆستانەی بەری كەوتوون، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی 11 كەسی پێكهێناوە، تاوەكو ئەو لیژنەیە پاڵفتەی ناوەكان بكەن و بیخەنە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكە. 

لیژنەكە لە سەفین مەلا قەرە، هیوا جەلال، كەمال موسلیم، ئاكۆ وەهبی، شێخ كامل پێنجوێنی، ئاواتی محامی، كاوە مامەعەبە، ئاسۆ رەحیم، شۆڕش حاجی .د.دەرباز محەممەد و هۆشیار عومەر عەلی پێكهاتوون.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكاروباری لیژنە پێكهێنراوەكە رایگەیاند، لیژنەكە بۆ هەر پۆستێكی وەزاری لە نێو بەربژێرەكاندا "یەك ناو دەهێڵێتەوە و دەیخاتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بۆ پەسەندكردن".

دواهەمین لیستی بەربژێرەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكان بەو شێوەیە: مستەفا سەید قادر، بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم، جەلال جەوهەر، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئاواتی شێخ جەناب و هاوار شێخ رەئوف و عەدنان عوسمان بۆ وەزارەتی دارایی. 

دانا عەبدولكەریم و عەبدولڕەحمان موهەندیس و چالاكی موهەندیس بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە. كاروان هاشم و بەشدار حەسەن و ساماڵ سەردار بۆ وەزارەتی بازرگانی، كوێستان محەمەد و ئاراس وەلی و زمناكۆ جەلال بۆ وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی.

كاوەی مامە عەبە، ئەندامی لیژنەكە بەهەفتەنامەكەی وت: "هێشتا كۆنەبووینەتەوە بۆ هەڵسەنگاندن و جیاكردنەوەی ناوەكان، بەڵام بڕوانامە و ئەزموونی كاركردن، پێوەری هەڵسەنگاندنی بەربژێرەكان دەبێت".