داواكاری گشتی-یش سكاڵای لەسەر ھەڕەشەكردن لەپەرلەمانتارەكە تۆماركردووە

کوردستان

26/04/2019‌ 1599 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جگە لەسكاڵای (شادی نەوزاد) پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ داواكاری گشتی سلێمانی-یش سكاڵای لەسەر ئەو كەسانە تۆماركردووە ەهەڕەشەیان لەو پەرلەمانتارە كردووە. 

لای خۆیەوە دادوەر عومەر ئەحمەد وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پشتڕاستی زانیارییەكانی كردەوەو بۆ دەنگی ئەمریكا وتی: هەریەكە لەداواكاری گشتی سلێمانی و پەرلەمانتارەكە سكاڵایان تۆماركردووە لەسەر خاوەنی ئەو ژمارەیەی هەڕەشەی لەپەرلەمانتارەكە كردووە دەستگیركراوە، هەروەها دەستگیراوە بەسەر كەلوپەلی ئۆفیسەكەی بەمەبەستی پشكنین بەفرمانی دادگا ئەو فرمانەش بەشێوازێكی یاسایی جێبەجێكراوە بۆ ڕێگەگرتن لەتەشەنەسەندنی كێشە و ناخۆشی لەسلێمانی.

هەروەها فرمانی دەستگیركردنیش بۆ كەسێكی تر دەرچووە تا ئێستا دەستگیرنەكراوە، جگە لەوە هیچ كەسی تر دەستگیرنەكراوە، كەسیش بێ فرمانی دادوەر دەستگیرنەكراوە.

ڕۆژی چوارشەممە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەبەردەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی وتی: لەلایەن باندێكەوە لەجوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆكی جوڵانەوەكە شاسوار عەبدولواحید هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی مۆنتاژكراو، بەمەبستی ئابڕوبردنی لێكراوەو رایگەیاند، لەزووترین كاتدا سكاڵا لەسەر سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماردەكات.

لای خۆیەوە دادوەر عومەر ئەحمەد وتیشی: دۆسیەیەك هەیە لەلای دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی دۆسیەكەش لەلایەن سكاڵای ئەندامێكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و  دۆسیەیەكیش لەلایەن داواكاری گشتی سلێمانییەوەیە لەسەر ئەو ژمارە تەلەفۆنەی، كە بەشێوازێك لەشێوازەكان هەڕەشەی ئابڕوبردنیان لەو پەرلەمانتارە كردووە لەدادگا جوڵێنراوە، وەكو وەڵامدانەوەیەكی دادگا بۆ ئەو سكاڵایە دادگا هەستا بەدەركردنی فرمانی دەستگیركردنی خاوەنی ئەو هێڵە، هەروەها فرمانی پشكنین بۆ شوێنی كاركردنی خاوەنی ئەو هێڵە ئەوەبوو رۆژی پێنج شەممە فرمانی دەستگیركردنەكە جێبەجێكراوە.

سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی كۆمپیوتەر و ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، دادوەر عومەر ئەحمەد جەختی كردەوە ئەوەش بەفرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش بووە، لەوڕوەوە وتی: ئەوكەسەی دەستگیركرا بەفەرمانی دادوەر چەند ئامێرێكی كۆمپیوتەر و پەیوەندی كردنی پێوەگیراوە ‌و ئامێرەكان لەقۆناغی پشكنیندایە و دەستی بەسەرداگیراوە بۆ دەسكەوتنی بەڵگەكان، ئەو فرمانەش بەشێوازێكی یاسایی جێبەجێكراوە بۆ ڕێگەگرتن لەتەشەنەسەندنی كێشە و ناخۆشی لەسلێمانی.

دەربارەی دەنگۆی دەستگیركردنی خۆبەخشانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بێ فرمانی دادوەر وەك ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ لەبەیاننامەكە باسیان كرد؟ دادوەر عومەر ئەحمەد ڕەتیكردەوە و وتی: ئێمە وەك سەرۆكایەتی دادگایتێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بەدواداچوونمان كردووە هیچ شتێكی لەوبابەتەمان بەدی نەكردووە و نییەو هیچ كەسێكیش بەبێ فرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە نابێت دەستگیربكرێت و وەكو زانراوە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك بەڕیوەبەرایەتیەكمان هەیە، كە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەیە لەوێش ئەندامێكی داواكاری گشتی چاودێرە بەسەر ئەو شوێنانەدا و هیچ كەسێك نابرێتە ئەو شوێنە و ڕاناگیرێت ئەگەر یاداشتی دەستگیركردنی دادوەری بەڕێزی لێكۆڵینەوەی پێ نەبێت.

دەربارەی ئەو كەسەی دەستگیركراوە حاكم عومەر ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی ماددە (2)ی ژمارە 6ی ساڵی 2008 یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی مۆبایل-ە وە بەفرمانی دادوەر دەستگیركراوە و ڕاگیراوەو روونیكردەوە، تا ئێستا یەك كەس دەستگیركراوە و فرمانی دەستگیركردنیش بۆ یەك كەس دەرچووە بەپێی هەمان ماددەی یاسایی، بەڵام ئەو كەسە تا ئێستا دەستگیرنەكراوە.

دەربارەی ئەوەی دەوترێت ئەندامان و خەڵكی نەوەی نوێ بێ سەروشوێن و ڕفێنراون؟ وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی وتی: لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە لە سۆشیاڵ میدیا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن "ئێمە پەیوەندیمان بە دادوەری ئاسایش كردو دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش-یش بەدواداچوونی كرد ، دەركەوت هیچ كەسێك بێ فرمانی دادوەر دەستگیرنەكراوە، ئەو دڵنیایی كردینەوە، كە هیچ شتێكی لەو جۆرە نییە.

هـ ـ ح