شارپرێس:
دەزگاكانی راگەیاندن باس لەوە دەكەن، كە شۆفێری تایبەتی ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا لەدەستی پۆلیس رایكردووە ، ئەوەش دوای ئەوەی لەخێرایی ڕێپێدراو زیاتری لێخوڕیوە.
پێگەی Mediapart ی فەرەنسی تایبەت بە لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانی ئەوەی ئاشكرا كردووە، ڕووداوەكە كاتێكی پێشووتری ئەمساڵ ڕوویداوە ، شۆفێرەكە ناوی ستیڤان بی بووە و یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكانی سەر بە كۆشكی ئیلیزێی لێخوڕیوە و بەرەو كۆشكی ڤەرسای چووە لە نزیك پاریس .
ئەفسەراكنی پۆلیسی هاتوچۆ تێبینیان كردووە، كە ئۆتۆمبیلەكە لە خێرایی رێپیدراو خێراتر لێدەخورێت ، بەڵام ئەو ئامادە نەبووە ئۆتۆمبیلەكەی بۆ پۆلیسی هاتوچۆ رابگرێت و لەشوێنی رووداوەكە رایكردووە.
بەڵام ئەفسەرەكانی هاتوچۆ ژمارەی ئۆتۆمبیلەكیان گرتووە و تا كۆشكی ئیلیزێ بەدوایداچوون ، دواتر لەمانگی شوبات ناسنامەی شۆفێرەكەیان بۆ ئاشكرا بووە.
بەپێی راپۆرتەكە شۆفێرەكە لەكاتی رووداوەكەدا لەئەركێكی فەرمیدا نەبووە ، چونكە پێشتر وەك شۆفێری سەرۆكی وڵات لابراوە ، بەڵام لە كۆشكی ئیلیزێ كارێكی تازەی پێسپێردراوە.
پۆلیس داوای یاسایی لەسەر ئەو شۆفێرە تۆمار كردووە و وابڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو دادگایی بكرێت ، كە رەنگە بە سێ مانگ بەندكردن و ٣٥٠ یۆرۆ پێبژاردن سزا بدرێت ، بەرپرسانی كۆشكی ئیلیزێش رەتیان كردووەتەوە لەسەر ئەو بابەتە لێدوان بدەن .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی