یەكێتی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی كاندیدەكانی دەكات
حاكم قادر و ئەرسەلان بایز لە خۆكاندیدكردن بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم كشانەوە

کوردستان

15/05/2019‌ 3762 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستیكردووە بە زەمینەسازی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی، بۆ پۆستە باڵاكانی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان. هەروەها هەریەكە حاكم قادر و ئەرسەلان بایز لە خۆكاندیدكردن بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم كشانەوە.

بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی "هاووڵاتی" لەناو یەكێتی دا لەسەرەتادا پێنج كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خۆیان كاندید كردبوو بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، كە پێكهاتبوون لە (حاكم قادر حەمەجان، ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر مستەفا، عومەر فەتاح، عیماد ئەحمەد).

لەو بارەوە مستەفا چاوڕەش، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی به ‌‌ھاوڵاتی وت "حاكم قادر حەمەجان و ئەرسەلان بایز‌ لە خۆكاندیدكردنیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كشاونەتەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، وەرگرتنی ئەو پۆستە لەنێوان عومەر فەتاح و عیماد ئەحمەد و شێخ جەعفەر مستەفادا ماوەتەوە. رونیشیكردەوە كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەنێوان ئەو سێ كەسەدا یەكلایی دەكرێتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، كە عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەچەند رۆژی رابردوودا نامەیەكی داخراو و نهێنی ئاڕاستەی جێگرانی سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردو داوای كرد كەسانێك دەستنیشان بكرێن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی بەر یەكێتی دەكەون، «توانای ئەوە هەبێت لێپێچینەوەیان لێبكرێت، یان لابدرێن، گەر وەك پێویست نەبون».

عیماد ئەحمەد، كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیە و لە ساڵانی پێشوتر جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە لە ئیدارەی سلێمانی و دواتریش حكومەتی یەكگرتوو، هەروەها پۆستی چەندین وەزارەتی وەرگرتووە.

لە درێژە بەو نامە داخراوەدا عیماد ئەحمەد دەنوسێت «خوازیارم شیاوترین كەس بخرێتە شوێنی شیاو كە تیایدا رەچاوی بەرژوەندی باڵای میللەتەكەمان و یەكێتی و ناوچەكان و پێگەی ژن و شارەزایی و ئەزمون بكرێت.»

دوێنێ سێشەممە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبوویەوەو گفتوگۆی كرد لەسەر كاندیدەكانی سەرۆكی پەرلەمان و ئەو وەزیرانەی كە پشكی یەكێتین.

مستەفا چاوڕەش وتی «لەناو یەكێتیدا دەكرێت زەمینە سازی لەنێوان كاكەكاندا بكرێت، بەڵام هەموو یەكێتی لەگەڵ تەوافوقدا نییە و دەیانەوێت بەهەڵبژاردن بێت لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی».

بڕیارە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان، كە كاندیدی بەهێز نێچیرڤان بارزانیە و سێ فراكسۆن دەنگی پێ دەدەن، سەرۆكی هەرێم مەسرور بارزانی كە كاندیدی پارتییە بۆ سەرۆكی حكومەت رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، دەشبێت لەماوەی مانگێكدا حكومەت پێكبهێندرێت.

مستەفا چاوڕەش وتی «پێكهێنانی حكومەت ئاسان نییە كە پێش جەژنی رەمەزان تەواو بكرێت، چونكە كاندیدی لایەنەكان بۆ پۆسته ‌باڵاكان كاتی دەوێت».

هـ ـ ح