شارپرێس:
شادی نەوزاد، پهرلهمانتاری فراكسیۆنی نهوهی نوێ لهپهرلهمانی كوردستان دهڵێ:"سهرۆكی فراكسیۆنی نهوهی نوێ ههڕهشهی دورخستنهوهم لێدهكات".
شادی نهوزاد لهڕاگهیهندراوێكدا ئاشكرایكرد، "پێم گرنگە رای گشتیی کوردستان لە هەڵوێستێکی نایاسایی و هەرەشەئاسا لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ "کازم فاروق"، بخەمەروو، کە لەبری ئەوەی وەک سەرۆکی فراکسیۆن، بەرگریی ئەخلاقی و یاسایی و پیشەیی لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی بکات و بەگژ ئەوانەدا بچێتەوە، کە هەرەشە لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی دەکەن و بوختانیان بۆ دەکەن، هەروەکچۆن بە بەرچاوی خۆیەوە، هەرەشە لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەمان و خودی خۆشی کراوە و ئەویش لەژێر هەرەشەی ئەو باندە سیاسییەدایە و لە کۆبوونەوەی ئەمدواییەی فراکسیۆنەکەشماندا ئەم هەڕەشانەی نەشاردووەتەوە، کەچی زۆر نابەرپرسانە و لەرێگەی دادنوسەوە، نامەیەکی نایاسایی و هەڕەشەئامێزی ئاراستەکردوم و هەرەشەی دورخستنەوەم لە فراکسیۆن لێدەکات".
شادی نهوزاد دهشڵێ:"ئەگەربێتوو بەشداری کۆبونەوەی فراکسیۆنەکەمان لە ئۆفیسی سەرەکی "نەوەی نوێ"دا نەکەم، ئەمە لە کاتێکدا ئەو جێگایە بۆ من و چەند ئەندامێکی تری فراکسیۆنەکەمان جێگای متمانە نیە، دواتر خۆ ئێمە فیرارمان نەکردووە و لە ئەشکەوت خۆمان نەشاردۆتەوە تا سەرۆکی فراکسیۆن بچێت لە رێگەی دادنوسەوە ھەڕەشە بکات و داوای کۆبوونەوە لە شوێنێکی گوماناوی نائەمین بکات".
ههر بهگوێرهی ڕاگهیهندراوهكه شادی نهوزاد ڕایگهیاندوه، "من بە رایگشتی کوردستانی رادەگەیەنم سەرۆکی فراکسیۆنێک هێندە نەزان بێت بەرامبەر یاسا، لەرێگای دادنوسەوە هەرەشە لە پەرلەمانتاریک بکات و هێندە بێ هەڵوێست بێت بەرگری لە هاوپیشەکانی نەکات، کە لە لایەن سەرۆکی حزبەکەوە کراوینەتە ئامانج، ئەی چۆن بەرگری لە هاوڵاتیان دەکات لە بەرامبەر دەسەڵاتدا؟".
ڕ . ج