پارتەكەی ئەردۆغان دەوڵەمەندەكان دەباتەوەو هەژارەكانیش دەدۆڕێنێت

جیهان

18/05/2019‌ 1071 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە 13 ی ئەپرێڵ لە ئەستەمبوڵ، لە كۆشكی عوسمانی گەورە بەسەر گەرووی بۆسفۆڕدا دەڕوانێت، دوو لە دیارترین خێزانە دەوڵەمەندە بزنسمانەكانی لاگیری حكومەتەكەی ئەردۆغان ئاهەنگی هاوسەرگیرییان گێڕا.

خێزانی بوكەكە ((یەڵدا دیمیرورین)) خاوەنی كۆمەڵەی دیمیرورین، كە خاوەن ملیارەها دۆلارە  و گەورەترین ئیمپراتۆڕیەتی ڕاگەیاندنیان هەیە لە توركیا، 5 ڕۆژنامە و دوو كەناڵی تەلەفزیۆنی و ئاژانسێكی هەواڵ هەیە، هەروەها توانستی دارایی گەورە لە بوارەكانی بنیاتنان و كانزاكاری و ووزەدا هەیە.

خێزانی زاواش خلوق كالینكۆ، خاوەن كۆمەڵەی كالیۆنە كە گەورەترین كۆمەڵەی بواری بنیاتنان و ووزە و ژێرخانی ئابوورییە و دوو كەناڵی تەلەفزیۆنی و دوو ڕۆژنامەی ڕۆژانەشی هەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوژینەكەی، ئامادەی ئاهەنگی ئەو بوك و زاوا دەوڵەمەندەبوون كە سەرۆكی شارەوانی پێشووی ئەستەمبوڵ مەولود ئەویساڵی لاگیری پارتی داد و گەشەپێدان ڕێكیخستبوو. لە نێوان 2000 میواندا، هەریەك لە وەیزری دەرەوە و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا ئامادەی ئاهەنگەكە بوون.

هاتووچۆ لە دەوروبەری شوێنی ئاهەنگەكە قەدەغەكرا، كاتێكیش پارێزەر سیرتۆی سۆرین سەبارەت بە ووردەكارە ئەمنییە پرسیاری كرد، گرتیان و تێر تێریان تێهەڵدا هەروەك پارێزەرەكانی دەڵێن.

ئاهەنگە لەگەڵ گرفتە گەورە ئابوورییە بەردەوامەكانی توركیادا یەكانگیر نییە. زۆرێك لە چاودێر و پێشەنگانی سەر تۆڕە كۆمەلایەتییەكان ناڕەزایی خۆیان لەو بارەوە دەربڕی، چونكە لەو ئاهەنگەدا سیمبولەكانی پارتی داد و گەشەپێدانیان بینین كە لە دەستەبژێرانی بزنسمانانانی توركیان.

شبنیم غۆمۆشۆی مامۆستای زانستە رامیارییەكانی كۆلیژی میدلبری ووتی :" ئەم ستایلە پەیوەندییانەی  كە لە نێوان میوانەكانی ئاهەنگەدا هەبوون، بەرجەستەی ئەوە دەكەن ئەو ڕایەڵانە بە دامەزراوەی بكرێن". سەركەوتنەكانی ئەو حزبەش بۆ ئەو پشتیوانییه بەهێزە‌ دەگەڕێتەوە كە دەنگدەرە كۆنەپارێزەكانی چینی كاركەر لەو حزبەی دەكەن كە لەماوەی 10 ساڵی حوكمڕانی ئەو حزبەدا دۆخی ئابورویان باش بووە.

بە گوێرەی زۆرێك لە ڕاپۆرتەكان، لە ئێستادا زۆرێك لە سیاسییەكانی پارتی داد و گەشەپێدان تیروتەسەلانە دەژین، پارتەكەی ئەردۆغان ‌ یارمەتیدەر بوو لە دروستكردنی گروپێك بۆ لایەنگرانیان بە ناوی پڵنگەكانی ئەنادۆل.

خەلیل یونیجونی توێژەری توركی لە لێكۆڵینەوە ئیسلامییەكان لە زانكۆی ستانفۆڕد ووتی : "ئێستا چینێكی باڵا دروست بوون لەناو پارتی داد  گەشەپێدان كە ئەندامی ئەو پارتەن، كاریان دەستدەكەوێت و دەتوانن لەو قوتابخانانە بخوێنن كە ئارەووی دەكەن و لە پۆستە گرنگەكانیش دادەمەزرێن، هەموو ئەمانەش بە هۆی بوونە ئەندامیانە لەو پارتە".

ئەو حیزبە لە ڕێگەی لایەنگرانییەوە دەستیگرتووە بەسەر گرێبەستەكانی كڕینە زەبەلاحەكان و ماڵ و موڵكی حكومەتەوە، سزای ئەوانەش دەدات كە پاڵپشتی ناكەن لە بورای باج و قەرزەكاندا. ئەو پارتە دەستی بەسەر سەدەها كۆمپانیادا گرتووە لەوانەش كۆمپانیاكانی ڕاگەیاندن كە بەهاكانیان بای ملیارەها دۆلارە ، هەروەها دەستیان بەسەر هەزارەها پارچە زەوی نەیارە سیاسییەكانیاندا گرتووە كە زۆرینەی هی لایەنگرانی فەتحوڵا غولەنن و بە نرخی هەرزانیش بە لایەنگرەكانی خۆیان فرۆشتۆتەوە.

لە توێژینەوەیەكدا كە غومۆشۆ لە ساڵی 2017 بەشداری تێدا كردووە، ئەوە دەركەوتووە كە پارتەكەی ئەردۆغان ئاسانكاری كردووە بۆ گواستنەوەی موڵك و ماڵێك كە بای 62 ملیار دۆلارە لە كەرتەكانی كانزاكاری و ووزە و بنیاتنان و گەشتیاری و چاودێری تەندروستیدا، هەموو ئەمانە لە ڕێگەی بە تایبەتكردنی خزمەتگوزارییەكانەوە (خصخصە) كە بە زۆری موڵكی لایەنگرانی ئەو حیزبەن.

ئیسڕا غوراكار كە ژنە شارەزایەكی ئابوورییە لە پەرتووكەی خۆیدا بە ناوی ((سیاسەتی كەسكەسێنە لە بواری كڕنی گشتیدا لە توركیا)) دەڵێت لە كۆی 1000 كۆمپانیا لە توركیا، 255 یان موڵكی سیاسییەكانی پارتی داد و گەشەپێدانن یان هی خزم و كەس و كارەكانیانن.

زاڵبوون بەسەر كەرتی میدیا و ڕاگەیاندنیشدا لە زۆر كاتدا بەهۆی یارمەتی قەرزی بانكەكانی دەوڵەتەوە بووە، ئەمەش وایكرد لە كۆتایدا حكومەت زاڵ بێت بەسەر هۆكارەكانی ڕاگەیاندندا.

لە تۆمارێكی دەنگی دزەپێكراویشدا كە لە ساڵی 2014 بڵاوبۆوە، بە ڕوونی تیایدا سەرۆك ئەردۆغان سەرزەنشتی ئەردۆغان دیمیرورینی سەرۆكی كۆمەلەی دیمیرورین دەكات، بە هۆی چیرۆكێكی ڕەخنەئامێزەوە كە لە ڕۆژنامەی میللیەت بڵاوبۆتەوە كە خاوەندارییەكەی هی كۆمەڵەی دیمیرورینە .

كۆمپانیا گەورەكانیش خاوەن پڕۆژەی جۆراوجۆرن، گرێبەستەكانیش دەبەخشنە كۆمپانیا بچوكەكان. لێرەشەوە ڕستەوخۆ  لە ڕێگەی پارتی داد و گەشەپێدان یان زۆرێك لە ڕێكخراوە خێرخوازەكانەوە، پارەوپولەكان‌ دەگوازرێنەوە بۆ چینە هەژارەكان و دەستی كاركەر.

غۆمۆشو دەڵێت له هەموو ڕەمەزانێك و پشوویەك و قۆناغێكی خوێندندا، ‌ لە ڕێگەی پارتی داد و گەشەپێدانەوه،‌ بەخششەكان لە بزنسمانه لۆكاڵییە‌كانەوە كۆدەكرێنەوە و بەشێوەی پارەی نەختینە دەبەخشرێنە هەژارەكانی شارەكان. ئەم كارە لە ڕێگەی شارەوانی یان بارەگاكانی پارتەكەی ئەردۆغانەوە ئەنجام دەدرێت، لایەنگرانی پارتەكەی ئەردۆغان زۆرێك لەو خیزانە هەژارانە دەناسن  و دەشزانن دەنگ بە چ پارتێك دەدەن.

غوراكار دەشڵێت دۆڕاندنی شارەوانە گەورەكانی وەك ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ، زیانی گەورەی بە پارتی داد و گەشەپێدان گەیاندووە، چونكە لەو ڕێگەیەوە گرێبەستەكانی دامەزراوەكانی دەوڵەت بۆ لایەنگرانی پارتەكەی ئەردۆغان فەراهەم دەكرێت. ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەش نزیكەی نیوەی كردەكانی كڕین و فرۆشتنی ئەو گرێبەستانەی تیدا ئەنجام دەدرێن، بۆیە پارتەكەی ئەردۆغان ئارەزووی ڕاستكردنی پۆستی شارەوانی ئەستەمبوڵ ناكات بۆ ئیمام ئۆغڵۆ.

لەم ماوەیەشدا ئابووری توركیا تووشی گرفتی گەورە بوو. لیرەی توركی 40% ی بەهای خۆی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لەدەستداوە، ئابووری توركیا لە دۆخی متبووندایە دوای ئەو تەنگژە دبلۆماسییەی لەگەڵ ئەمریكادا تووشی هات. هێشتا ڕێژەی هەڵاوسان 20%. بە هۆی لاوازی بودجەوە كڕینە گشتییەكان بەرەو كەمبوونەوەن. 

غۆمۆشۆ هەروەها دەڵێت پێدەچێت چینی كاركەر دەستبەردرای پارتی داد و گەشەپێدانبن، چونكە ئەو پارتە شكستی خوارد لە ڕەواندنەوەی مەترسییەكانیان سەبارەت بە بژێوی ڕۆژانەیان. وتیشی بەرەبەرە كەلێنی نێوان چینی دەسەڵاتداری پارتەكەی ئەردۆغان و هەژارەكانی شارەكان گەورەتر دەبێت و بۆتە دیاردەیەكی بەرچاوی ڕۆژانە. گرفتە ئابوورییەكانی توركیاش وا لە خەڵكی دەكات پەنابەرنەبەر یارمەتییەكانی حكومەت.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە