هــەر بـەڕاسـتی عـێـراق شـوێـنـكـەوتـەی وڵاتـی ئـێـرانە؟

عیراق

19/05/2019‌ 1199 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پرسیارێكە رۆژنامەنووسی پسپۆر لە كاروباری عێراق (ئارون ماجد) دەیەوێت وەڵامی بداتەوە لە وتارێكدا لە گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) ئەمەریكی لە دوا ژمارەیەدا.

ناوبراو دەڵێت: لەم چەند رۆژانەی دواییدا قسە و باس وایە ئێران بەسەر دراوسێ رۆژئاواییەكەیەوە هەژمونی هەیە، ئەم قسەیەشی پاڵپشت بە بانگەشەكانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین شیخ خالد بن احمد ئال خەلیفە پشت راستكردۆتەوە، كە تویتێكدا وتبوی ئێران دەسەڵاتی بەسەر عێراقدا هەیە.

پێش ئەوەش راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا جۆن بۆلتن بەراوردی دەسەڵاتی تارانی بەسەر بەغدادا كردبو بە دەستی خنكێنەری یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو له قوڕگی ئەوروپای رۆژهەلات لە كۆتایی چلەكانی سەدەی رابردوو.

لە رووی ئابوریەوە، ماجد وای دادەنێت ئێران هەژمونێكی گەورەی لە عێراقدا هەیە، سێیەم گەورە هاوبەشی بازرگانی بەغدایە بە قەبارەی گۆڕینەوەی 12 ملیار دۆلاری ساڵانە. بەلام لە رووی سیاسیەوە هاوپەیمانی فەتح 48 كورسی هەیە (14.6%) لە پەرلەمانی عێراقدا ، بەمەش دووەم گەورە كوتلەیە.

ماجد ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە میلشیا شیعە چەكدارەكان چەندین كەرتی ئابورییان قۆرخ كردوە، لە ئێستاشدا ئەم چەكدارانە بەرپرسی ئەمنی هەندێ ناوچەن لە پاش تێكشكاندنی داعش.

ململانێ ی هەژموون
لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپ سەردانی بنگەی عەین ئەسەدی ئاسمانی كرد لە پارێزگای ئەنبار، سەردانێكی رانەگەیەنراو بوو، هاوپەیمانی فەتح بە بێڕێزی سەیر كردنی سەروەری عێراقیان دایە قەڵەم.

لەبەرئەوە، كوتلەی فەتح ویستی یاسایەك لە پەرلەمان دەربكات و داوای دەركردنی هێزە ئەمەریكیەكان بكات، بەڵام هەوڵی ئەو كوتلەیە شكستی هێنا، ئەمەش نوسەر بە یەكێك لە پێنوێنەكانی دانەوە بە هەبوونی بەرگری كردن لە هەژمونی ئێرانی لە عێراق.

نووسەر ئەوەشی خستووەتە روو، یەكێك لە پێنوێنەكانی تر ئەو شەڕەیە كە لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆیە، هاوپەیمانی فەتح مكوڕە لەسەر ئەوەی فالح فەیاز بێت، بەلام ئەم هەوڵانە شكستیان هێناوە، ئەمەش وای كرد هاوپەیمانی فەتح كاندیدەكەی (فەیاز) بكشێنێتەوەو تا ئێستا ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە.

ماجد وای دادەنێت بەلگە لەسەر سەربەخۆیی عێراق سەردانیكردنی سەرۆك وەزیران عادل عبد لمهدی بو بۆ سعودیە، پاش ئەو سەردانی سەرۆكی ئێران حەسەن رۆحانی بەدوادا هات بۆ بەغدا.

بەگوێرەی وتارەكەی فۆرین پۆلیسی، ئێران خۆشحاڵ نەبو بەسەردانیكردنی سەرۆك وەزیران بۆ سعودیە و مۆركردنی ژمارەیەك مامەڵەی نێوانیان، لەم بارەیەوە گەورە راوێژكارێكی خامنەیی هۆشداری ئەوەی دا كە ئێران رێگە نادات لیبرالی و شیوعیەكان حوكمی عێراق بكەن.

بەرپێگرتن و بەرهەڵستكاری بەرانبەر هەژمونی ئێران تەنها حكومەت و پەرلەمانی نەگرتۆتەوە، راپرسیەكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ی ئەمەریكی ئاشكرای كردوە جەماوەرێتی ئێران لای شیعە عێراقیەكان بە رێژەی 41% دابەزیوە لە ماوەی نێوان 2015 و 2018.

نووسەر هێمای بۆ ئەوە كردوە، بانگەشەی ئێران بەوەی تەنها خۆی هەژمونی بەسەر عێراقدا هەیە زیادەڕۆیی تێدایە، و هەژمونی وڵاتانی تری لە بیر كردوە، لەسەروی هەموشیانەوە ئەمەریكا.

لەگەڵ ئەوەی تاران كاریگەری گەورەی لەسەر بەغدا هەیە، بەلام بەرزە فڕیەكانی لەو وڵاتە چەندین جار لەبار براون، بەلای نوسەرەوە عادل عبد لمهدی شوێنكەوتوی ئێران نیە.

نووسەر لەوتارەكەیدا دەڵێ : گەورەكردنی مەسەلەی هەژمونی ئێران بەسەر عێراقەوە لەلایەن ئیدارەی ترامپەوە گەورە كراوە و بە مەترسی وەسف كراوە، ئەم زیادەرۆییەش وای كردوە واشنتۆن هەوڵی ئەوە بدات فشار بخاتە سەر عبد لمهدی بۆ ئەوەی پەیوەندیە نەوتیەكانی لەگەڵ دراوسێ ۆژهەلاتیەكەی ببڕێت.

هەروەها نووسەر پێی وایە ئەم گەورە كردن و زیادەرۆییە عێراق رووبەرووی مەترسی دەكاتەوە و هەوڵی ئەو كوتلە عێراقیانە لە بار دەبات كە دەیانەوێ پەیوەندیەكی چونیەك و هاوتایان لەگەڵ تاران هەبێت.

فۆرین پۆلیسی
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا