ململانێكەی نێوان ئەمریكاو ئێران.. ئایا گەردەلوولەكە تێپەڕیوە؟

جیهان

29/05/2019‌ 1289 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی لێدوانی نوێی بەرپرسانی ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكان  بێت واپێدەچێت شەپۆلی یەكەمی گەردەلوولەكە تێپەڕیوە یان واخەریكە تێدەپەڕێت .

پێش چەند مانگێك ئێران هەڕەشەی ئەوەی دەكرد، كە لە ڕێكەوتننامەی ناوەكی دەكشێتەوە و لەڕێگای دەستوپێوەندە ناوچەییەكانی دەستی كرد بە هەندێك جموجۆڵ ، ئەوەش پەرچەكردارێكی روون و بێپێچ و پەنای ئەمەریكییەكان و هەندێ لایەنی نێودەوڵەتی بەدواداهات .

ئەوروپاییەكان هەم پاشەكشەی ئێران لە رێكەوتننامەی ناوەكی و هەمیش ئەو جموجۆڵ و نەفیرعامە سەربازییەی ئەمەریكاییەكانیان رەتكردەوە .

ئێرانییەكان زوو لە رەهەندەكانی وەڵامەكە حاڵی بوون ،تێگەیشتن هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك بەهەموو پێوەرەكان ئەوان دۆڕاو دەبن ، بۆیە لەسەر هەردوو ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی دەستیان بە جموجۆڵ كرد .

لەچوارچێوەی ئەو جموجۆلانەدا سەردانی عەباس عێراقچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كوێت و عوممانی بەدوادا هات .

عێراقچی وتی: ئێران ئامادەیە بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ چوونە ناو مامەڵەیەكی بنیادنەرانە لەگەڵ وڵاتە هەرێمییەكان ، هەروەك هۆشداریشیدا لە گەمارۆكانی ئەمەریكا و گوتی ئەو گەمارۆیانە ئاسایشی ناوچەكە بەگشتی دەخاتە مەترسییەوە.

لەهەمان كاتدا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانی گەشتەكەیدا بۆ عێراق گوتی تاران ئامادەیە رێكەوتننامەی هێرشنەكردنە سەر یەكتر لەگەڵ وڵاتانی كەنداو واژۆ بكات .

سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ئێران برەوی بە پێشنیازەكەی زەریفدا وەك دەرچەیەك بۆ دوورخستنەوەی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك هەژماری كرد .

هەروەك زەریف جەختی لەوە كردەوە كە ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ناوەكی نادات ، لەبەر ئەوەی بەقسەی ئەو ئیمام خومەینی كاتی خۆی بەدەستهێنانی چەكی ناوەكی حەرام كردووە .

هەرچی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە دوای ئەوەی لە تۆكیۆی پایتەختی یابان گوتی واشنتۆن نایەوێت رژێمی دەسەڵات لە ئێران بگۆڕێت ئومێدی گفتوگۆ و كرانەوەی لەگەڵ ئێران فراوانتر كرد .

پێدەچێت ئەو لێدوانە لەسەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەكانەوە زۆرترین دڵنیایی بۆ تاران تێدا بێت و دەرچەیەكی گونجایش بێت بۆ چارەسەری كێشەكە .

بەڵام چاودێران پێیان وایە كە جارەسەری ئەو كێشەیە پیویستی بەوەیە ئێرانییەكان بە لێبڕاوانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكە بكەن ، نەوەك هەوڵ بدەن لەڕێگای ڕاكێشانی لایەنی تریش بۆناو گفتوگۆكان هەوڵی كات كوشتن بدات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی