ڕاپرسییەكان ئاماژە بەهەڵە گەورەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكەن

جیهان

07/06/2019‌ 3283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەروەك زۆرینەی شڕۆڤەكار و شارەزایانی سیاسی پێشبینیان دەكرد، بڕیاری دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژارنەكانی شاری ئەستەمبوڵ گەورەترین هەڵەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دەبێت.

ڕاپرسییەك، كە سەبارەت بە هەڵمەتەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای توركیا بۆ هەڵبژاردنەكان ئەنجامدراوە، ئەوەی دەرخستووە كە پاڵێوراوی ئۆپۆزسیۆن لە ئەستەمبوڵ، بە سێ خاڵی سەدی (3%) لە پێش پاڵێوراوەكەی پارتی داد و گەشەپێدانەوەیە، لەو هەڵبژاردنەی وا بڕیارە لە مانگی ئایندە بەڕێوەبچێت.

بەرپرسێكی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ووتی " ڕاپرسییەكانی پارتەكەمان ئەوەیان دەرخستووەكە ئیمام ئۆغڵۆ بە جیاوازیەكی گەورە و بە ڕێژەی 3 خاڵ لە پێش پاڵێوراوەكەی پارتی داد و گەشەپێدانەوەیە".

ئەنجامەكانی ئەم ڕاپرسییەش یەكانگیرن لەگەڵ زۆر ڕاپرسی دیكە كە لەو شارەدا كراون، سەبارەت بە هەڵوێستی دەنگدەران لەمەڕ هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەمبوڵ كە ماوەی 25 ساڵە ئیسلامییەكان و پارتی داد و گەشەپێدان فەرمانڕوایی دەكەن. 

لە هەڵبژاردنی پێشوو، ئیمام ئۆغڵۆی  پاڵێوراوەكەی ئۆپۆزسیۆن ، بە جیاوازییەكی كەم بەسەر  بن عەلی یەڵدرمی پاڵێوراوی پارتەكەی ئەردۆغاندا سەركەوت كە بە گەورەترین شكستی ئەو پارتە دادەنرێت لە ماوەی 16 ساڵی ڕابردوودا.

لە دەرئەنجامی سكالاكانی پارتی داد و گەشەپێدان بەوەی سەرپێچی لە هەڵبژاردنەكاندا ڕوویداوە، دەسەڵاتدارانی توركیا ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی شاری ئەستەمبوڵیان پوچەڵ كردەوە، بەمەش ویلایەتەكەی ئیمام ئۆغڵۆ دوای كەمتر لە سێ هەفتەی دیكە كۆتایی دێت و لە 23 یۆنیۆ هەڵبژاردنەكان لەو شارەدا بەڕیوەدەچن.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ، لە هەڵبژاردنی پێشوودا، ئیمام ئۆغڵۆ 4 ملیۆن و 169 هەزار و 765 دەنگی بەدەستهێنا، بن عەلی یەڵدرمی ڕكابەریشی 4 ملیۆن و 156 هەزار و 36 دەنگی بەدەستهێنا.

بە هۆی بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان لە ئەستەمبوڵ، ئۆپۆزسیۆنی توركیا هەڵوێستەكانی خۆی بەرەو هەڵكشان بردن و جەماوەرەكەی خۆی جۆشدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بڕیاری پوچەڵكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەستەمبوڵ و دووبارەكردنەوەی وەك بەدەنگەوەهاتنێك بۆ سكاڵا و داوكانی پارتی داد و گەشەپیدانی فەرمانڕەوا.

ئێمام ئۆغڵۆش ئەو بڕیارەی بە ناپاك وەسف كرد"، ووتیشی ئەوانەی ئەو بڕیارەیان دا، كەوتنە زەلكاوی ناپاكییەوە، بەڵام هەرگیز خۆمان ڕادەست ناكەین، بۆیە بە هیوا و ئومێدبن". 

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر