نەوت بەرانبەر بەخۆراك.. ئێران و ئەمریكا نزیكن لەواژووكردنی رێككەوتنێك

جیهان

08/06/2019‌ 3886 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "عەرەب نیوز"ی سعودی باسی لەوە كردووە، كە بەرپرسە ئەمەریكی و ئێرانییەكان لە قۆناغە سەرەتاییەكانی دانوستانەكانیاندان بۆ گەیشتنە ڕیكەوتنێك، كە بەپێی ئەوە رێگە بە ئێران دەدرێت بڕێكی دیاریكراو نەوت بفرۆشێت بەرانبەر وەرگرتنی شمەك‌و كاڵاو خۆراك ، بەجۆرێك عێراق خاڵی پەڕینەوەی نەوتی هەناردەكراو و كاڵا هاوردەكراوەكان بێت .

رۆژنامەكە لە بەرپرسێكی عێراقییەوە گوستوویەتییەوە، ئامانجی سەرەكی ئەمەریكییەكان ئەوەیە ڕێگە نەدەن ئێرانییەكان دراوی نەختینەییان دەست بكەوێت.

هەروەها راشیگەیاندووە، ڕێكەوتنەكە رێگە بە ئەمەریكییەكان دەدات چاودێری هەموو شتێك بكەن ، وەك بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراوی ئێرانی و جۆری ئەو كاڵایانەی هاوردە دەكرێت و دڵنیابوون لەوەی بەرانبەر بەو نەوتە هیچ برە پارەیەكی نەختینەیی بەدەست ئێران ناكەوێت.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە ئەو هەنگاوە ئێرانییەكان ئیفلیج دەكات و ناچاریان دەكات دەستبەرداری ئەو گرووپە چەكدارانە بن، كە لەدەرەوە پارەداریان دەكات و ناچار دەبێت لەمەودوا بەڕەوشی ناوخۆی وڵاتەكەیانەوە سەرقاڵ بن.

هەروەها یەكێك لەو سەرچاوانە رایگەیاندووە، ئێران پێشنیازی كردووە دەوڵەتێكی ئەوروپی یەكێك لە كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتەكەی بێت ، بەڵام ئەمەریكییەكان ئەوەیان رەتكردووەتەوە، بەڵام  ئەوەی دڵنیایە عێراق دەبێت بە خاڵی پەڕینەوەی پرۆسەی ئاڵوگۆرەكە ، بۆ ئەوەی وڵاتە یەكگرتووەكان لەنزیكەوە بتوانێت چاودێری پابەندی ئێرانییەكان بكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی