سەرەڕای گەمارۆكان.. ئێران رێگای نهێنی بۆ فرۆشتنی نەوتەكەی بەكاردەهێنێت

جیهان

09/06/2019‌ 654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران دان بە سەختی گەمارۆكانی ئەمەریكادا دەنێت ، بەڵام جەخت لەوە دەكاتەوە وڵاتەكەی ڕێگای ناكلاسیكی بەكاردەهینێت بۆ فرۆشتنی نەوتەكەی، كە بەسەرچاوەی سەرەكی دەستكەوتنی دراوی قورس دادەنرێت بۆ ئێران .

وەزیری نەوتی ئێران بۆ ئاژانسی سانا راشیگەیاند، نەوتی فرۆشراوی نافەرمی یاخود ناكلاسیكیمان هەیە ، هەمووی نهینییە ، لەبەر ئەوەی ئەگەر وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێیبزانێت رایدەگرێت.

زەنگەنە رەتیكردووەتەوە هیچ وردەكارییەكی تر لەسەر نەوتی هەناردەكراوی ئێران بدركێنێت ، جەختی كردووەتەوە كە هیچ ژمارەیەك ئاشكرا ناكەن تائەوكاتەی گەمارۆكان هەڵدەگیرێن .

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ ، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە رێكەوتننامەی ناوەكی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز پاشەكشەی كرد كەلەساڵی ٢٠١٥ واژۆ كرا و بەپێی ئەوە دەبێت گەمارۆكان لەسەر تاران هەڵبگیرێن  لەبەرانبەر سنووردانان بۆ بەرنامە ناوەكییەكەی ئێران.

لەمانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوودا واشنتۆن دووبارە گەمارۆكانی خستەوە سەر كەرتی نەوتی ئێران ، بەڵام بۆماوەی شەش مانگ هەشت وڵاتی بەخشی لەوەی نەوتی خاوی ئێران هاوردە بكەن .

بەڵام لە مانگی ئایاردا و لەچوارچێوەی هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ توندكردنی گەمارۆكانی سەر ئێران ، كۆشكی سپی كۆتایی بەو بەخشینانە هێنا و رایگەیاند هەر وڵاتێك نەوتی ئێران بكڕێت رووبەرووی سزادانی ئەمەریكا دەبێتەوە .

زەنگەنە پێیوایە ئەو گەمارۆیانەی بەسەر ئیراندا سەپێنراون توندترین گەمارۆن لەمێژوودا.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی