ئابووریی گەشەی سەندووە
هەرێمى کوردستان دوو ساڵ دواى ريفراندۆمێکى"کارەساتبار" خەریکى هەستانەوەیە

کوردستان

17/06/2019‌ 1174 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو چاودێرییانەی خەریکی تۆمارکردنی پرۆسەی بیرلێدان بە درێل بۆ دەرهێنانی گاز لەژێر گرد و تەپۆڵکە سەرسەوزەکانی خۆرمۆلە لە کوردستانی عێراق دەری دەخەن کە لە قووڵایی ٣٠٤٤ مەتر (کەمێک زۆرتر لە ٣ کیلۆمەتر) پێی گەیشتوون.

 لە ئۆتۆمبێلێکدا لەپەنا ئامێرێکی بیرلێدان پیاوێکی کەنەدی و تیمەکەی لە کۆمپانیای کریسێنت پێترۆلیۆم، کە بنکەی سەرەکیی لە ئیماراتە، بۆ یەکەم نیشانەکانی گاز دەگەڕێن.

 چاڵەکانی تری ئەم ناوچەیە هەر ئێستا لەسەدا هەشتای پێویستیی کارەبای کوردستان دابین دەکەن. ئاستی بەرهەمهێنان لە وێستگەیەکی نزیک لەم شوێنە بۆ دووهێندە زیاد کراوە.

 فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت، کوردستان دەتوانن تا ساڵێکی تر دەست بە پێدانی گاز بە بەشەکانی تری عێراق بکەن. هەناردەکردنی گاز بۆ ئەوروپا لەڕێگەی تورکیاوە لە ساڵی ٢٠٢٢وە دەکرێت دەست پێبکردرێت.

وەها متمانە بەخۆبوونێک ئاماژەدەری وەرچەرخانێکە بۆ کوردانی عێراق، کە لە سەربەخۆیی تا ڕادەیەک سەربەخۆ لە بەشەکانی تری عێراق بەهرەمەندن.

 لە ٢٠١٧دا سەرکردەكانى كوردستانى عيراق هەوڵیان بۆ زۆرتر لەمەداو بەبێباکی ريفراندۆميان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە برد کە بە دۆخێکی ئەستەم و زەختی زۆر تێپەڕ بوو.

 حکومەتی ناوەندیی بەغدا بە دەرخستنی هێزی سەربازیی کورد، کە بە پێشمەرگە ناسراوە، لە کەرکووکی دەوڵەمەند بە نەوت وەڵامی دانەوە.
 ئەم ريفراندۆمە بەشە بوودجەی حکومەتی هەرێم و یارمەتییەکانی تورکیا و ئێرانی بڕی و فڕۆکەخانەکان و بەشێک لە دەروازە سنوورییەکانی داخست.

سەرکردە ڕۆژاواییەکان دەستیان لە کوردەکان هەڵگرت؛ بیانییەکان هەرێمیان جێهێشت مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمى کوردستان، دەستی لە کار کێشایەوە و بۆشاییەکی لەناو دەسەڵات لەپاش خۆی بەجێ هێشت سەربەخۆیی سەری نەگرت.

بەڵام کوردستان، هەروەک گازەکەی، لە بەرزبوونەوە و هەستانەوەدایە. لە ١٠ی حوزەیران سیاسيیەکانى حكومەتی هەرێم لە هەولێر، پایتەختی کوردستان بۆ دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی برازاى مەسعود بارزانى وەک سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان لە دەوری یەک کۆبوونەوە، تورکیا و ئێران نوێنەرەکانیان ناردن.

سیاسیە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕەخنەیان لە بەڕێوبەری لاوازی حکومەت بۆ بارودۆخەکە دەگرت، بەشداری حکومەتی نوێ دەبن. سەرۆک وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، پیرۆزبایی لە بارزانیی گەنج کرد. سەرۆک لەسەر سەکۆیەکی ڕازاوە بە ئاڵای عێراق و هەروەها ئاڵای کوردستان گوتی: «وەرن با لە ئێستاوە لە هاوئاهەنگی و هاودەنگیی لەگەڵ یەکتردا بین».

کوردەکان موشتاقى گەڕانەوەیانن بۆ دۆخی جاران، لەپاش هەڵبژاردنەکانی گشتیی عێراق کە ساڵی پار بەڕێوە چوو. بەشداریی دەنگدەران لاواز بوو و کوردەکان ئەنجامی باشیان دەستەبەر کرد، بوون بە یاریزانی سەرەکیی ناو پەرلەمانی نوێى عێراق. ئەوان یارمەتی عادل عەبدولمەهدییان دا کە ببێت بە سەرۆک وەزیران، لە وەڵامدا، عەبدولمەهدی فوئاد حوسێن، گەورە ڕاوێژکاری مەسعوود بارزانی کرد بە وەزیری دارایی حکومەتەکەى و بەشە بوودجەی هەرێمی گەڕاندەوە (بۆ بڕی زۆرتر لە لەسەدا دوازدەی بوودجەی حکومەتی ناوەندی).

ئابووریی ئەم دواییانەی کوردستان بووژاوەتە و گەشەی سەندووە. لە مانگی ئاداردا، فەرمانبەرانی حکومەتى هەرێم بۆ یەکەم جار لە سێ ساڵی ڕابردوودا مووچەی تەواوی خۆیان وەرگرت. چێشتخانە و مۆڵەکان جمەیان دێت لە خێزانەکان کە بە پارە شاد بوونەتەوە. پارەدان بە بەڵێندەران دەستی پێکردووەتەوە. کرێکاران سەرلەنوێ خەریکی سازکردنی ڕێگاوبانن. ئاسمانی کوردستان بەڕووی فڕۆکەکان کراوەتەوە.
هەڕەشەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکانی کوردستان (و سەپاندنی پرۆسەی ئەستەمی پێدانی ڤیزا) هەرگیز سەری نەگرت و جێبەجێ نەکران. ئاڵووێر و بازرگانی لەگەڵ ئێران، تورکیا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە لە لایەن کوردەکانی سووریاوە بەڕێوە دەچێت، لە گەشەسەندندایە. گەرچی حکومەتی ناوەندی کۆنترۆڵی کەرکوک و چاڵە نەوتییەکانی بەدەستەوە گرتووە، زۆربەی نەوتەکەی لەڕێگای هێڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکات و پارەی گواستنەوەی دەدات.

کوردەکان دەورێکی سەرەکییان لە بەرپەرچدانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ساڵەکانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ بینی و ١٦ پەلاماری جیهادییەکانیان لە کەرکوک پووچەڵ کردەوە. بەڵام دیسانەکە هێرشەکانی داعش لەناو و دەوروبەری شار لە زۆربووندایە و هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جارێکی تر بەشوێن یارمەتیوەرگرتن لە کوردەکانن.

ئاسایش یان پۆلیسی کوردی بنکەکانی پاراستووە و خەریکی بووژاندنەوەی تۆڕ و دامودەزگاکانییەتی لەناو شار؛ یەکێک لە فەرماندەکان دەڵێت ڕێبەرایەتیی ٢٠٠٠ کەس دەکات. لە باکووری کەرکوک وا دەردەکەوێت دەڵێی کوردەکان هەرگیز بەجێیان نەهێشتووە. سەر دەری دووکانەکان بە ئاڵای کوردستان نەخشاوە.

 کوردەکان لە کەرکووک گلەیی و گازندە لە تەعریب دەکەن، بەڵام پەیکەرێکی گەورەی جەلال تاڵەبانی، سەرکردەیەکی کورد و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق کە لە ٢٠١٧دا کۆچی دوایی کرد، هێشتاکە بە گردەکانی سەرووی دەروازەی باکووری شار بەدی دەکرێت.

کوردەکان بەباشی لەنێوان کایەی ڕکابەرە هەرێمییەکان لەگەڵ یەکتر یاری دەکەن. ئێران و تورکیا، کە بۆ کاریگەرییان لەسەر کوردستان لە ململانێ و ڕکابەریدان، بازرگانەکانیان هان دەدەن بگەڕێنەوە ناو بازاری هەرێم.

 ئێران کە لەژێر زەختی گەمارۆ ئابوورییەکاندایە، پێویستی بە دەرچەیەک بۆ هەناردەکانیەتی؛ بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی نەوتی ئێران ڕێگاوبانەکانی کوردستانی عێراقیان ئاخنیوە. بەڵام ئەمریکاش کوردەکان بە هاوپەیمانێکی شاراوەی خۆی لە هەڵمەتەکەی بۆ گوشارخستنە سەر ئێران دەزانێت، ڕێک چۆن لە شەڕی دژی سەدام حوسێن، دیکتاتۆری پێشووی عێراق، و داعشدا هاوپەیمانی بوون.

هێشتا کوردستان کۆمەڵێک گرفت و تەحەدای لە بەردەمە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ بەشەکانی تری عێراق وەک پێش  ریفراندۆمەکە نین.
خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەر دەڵێت، ڕادەی فرۆشی لەناو عێراق، کە پاش ريفراندۆم زۆرتر لەسەدا پەنجا دابەزینی هەبوو، تەنيا کەمێک چاکبوونەوەی بەخۆوە بینیوە. بیانییەکان خەریکن دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر.

حکومەت هێشتاکە پارە بۆ بیرۆکراسییەکی باکراو بەفیڕۆ دەدات. گەندەڵی گرفت و ئاریشەیەکە. دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەردەوامن لە دەستداگرتن بەسەر سیاسەتی کوردستان، کە دەکرا لە دەموچاو و ڕوخساری نوێ سوود ببینێت.

سەرەڕای باشبوون و پەرەسەندنی پەیوەندییەکان، هێشتا بێمتمانەیی کەڵەکەبووی ساڵانێکی زۆر لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم بە هۆکارگەلێکی بەهێز بوونی هەیە.

کوردەکان دەستیان لە خەونی سەربەخۆیی هەڵنەگرتووە. عەرەبی زمانی فەرمیی عێراقە، بەڵام ئەمە سێ دەیەیە بە شێوازێکی گونجاو بە زمانی کوردی لە قوتابخانە و خوێندنگەکان وانە دەدرێت.

 بازرگانێک دەڵێت، دادگاکان خۆ لە وەرگرتنی بەڵگەنامە عەرەبییەکان بەبێ وەرگێڕانێک لێیان بە زمانی کوردی دەبوێرن. بەرپرسان وەک هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی ئاماژە بە ريفراندۆم دەکەن. بەرپرسێک دەڵێت: «ئەمە بەڵگەی خاوەندارێتیی ئێمە بۆ دەوڵەتێکە، ئێمە هەرگیز لێی پاشگەز نابینەوە و دەستی لێ هەڵناگرین.»
لینکى بابەتى پەیوەندیدار

وەرگێڕانى سیروان ساڵح