كۆنگریس دەسەڵاتەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەسوریا زیاد دەكات

جیهان

19/06/2019‌ 1449 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆنگریسی ئەمریكا ئازادییەكی زیاتر دەبەخشێتە پنتاگۆن لە سوریا، بەوەی ڕیگەی ئەوەیان پێدەدات چەكدارەكانی داعش وەك بەندی لە سوریا دەستگیر بكەن.

یاسای "ڕێگەپێدانی نیشتمانی"، كە هەفتەی پێشوو كۆنگرێس دەریكردووە ئامانجی ئەوەیە دەسەڵاتەكانی پنتاگۆن فراوانتر بكات، بەشێوەیەك بتوانێت باڵەخانەی بچوكی دامەزراوەی كاتی لە باكوری سوریا دروست بكات، ئامانجی یاساكە دەستگیركردنی چەكدارەكانی داعشە و بەندكردنیانە، یاساكە داوای ئەوەش دەكات یارمەتی و هاوكارییەكان بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات بەرفراوانتر بكرێن، بەشێوەیەك "دەستگیركردنی كاتی و گێرانەوەی چەكدارە بیانییەكان بەگوێرەی یاسایی نێودەوڵەتیش". بگرێتەوە.

چەند مانگێگ لەمەوپێش ئیدارەكەی سەرۆكی ئەمریكا داوای لە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی كردووە لە پرسی مامەڵەكردن لەگەڵ چەكدارە بەندكراوەكانی داعش لە سوریا و عێراق هاوكار و هەماهەنگبن. بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوە لەوانەیە ئومێدێكی هەڵە دروست بكات لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات كە توركیا هەڕەشەیان لی دەكات ، وە ناڕەزاییەكانی عەرەبەكانی باكوری سوریا.

ئیلیزابیس دنتی ڕاوێژكاری پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ووتی "هاوپەیمانەكانمان سوودیان لە هەر كۆمەك و یارمەتیدانێكی ئێمە وەرگرتووە.. كاتێكیش بەشێكی كەمی داواكارییەكانیان جیبەجێ دەكەین، ئەوان هیوای ئەوەیان بۆ پەیدا دەبێت كە ئێمە هاوبەشی متمانەپێكراوی ئەوانین، سەرباری ئەوەی لە هەزارەها شتی دیكە خاوەنی وەفا نەبووین بەرامبەریان".

ئەم سیاسەتی بنیاتنانی باڵەخانە بچوكەكان لە سەردەمی ئیدارەكەی باڕاك ئۆبامادا سەریهەڵدا كە چەند شوێنێك  بە كاتی بنیاتنران و هەر پڕۆژەیەك بڕی 4 ملیۆن دۆلاری تێچووە كە 12 ملیۆن دۆلاری ساڵانە دەكات. ئیدارەكەی تڕەمپیش لە ساڵی 2017 دەسەڵاتەكانی پنتاگۆنی لەم ڕووەوە زیادكردن لە ڕەقە ، واتە بەشداریكردن لە جەنگی دژ بە داعش، هەروەك پێگەی "مۆنیتۆر" دەڵێت.

بە هۆی ئەو فشارەی لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكراتە سەبارەت بە گیراوەكانی داعش، كۆنگرێس بڕیاریدا دەسەڵاتەكانی پنتاگۆن لەوبارەوە درێژ بكاتەوە تا ساڵی ئایندە، لەوساوەی دوا پەناگەی داعش لە لایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، بە گویرەی زانیارییەكانی پنتاگۆن ژمارەی دانیشتوانی كەمپی هەول بۆ زیاتر لە 70000 هەزار كەس لە خێزانی ئەو چەكدارانە زیادیان كردووە كە كوردەكانی باكوری سوریا ئەو كەمپە بەڕێوە دەبەن.

هێزەكانی سوریای دیموكرات داوای پێكهینانی دادگایەكی نێودەوڵەتیان كرد بۆ دادگاییكردنی هەزارەها لەو چەكدارە توندڕەوانەی ژێردەستی خۆیان، ئەمریكاش لە هەوڵی هاندانی دەوڵەتانی ئەوروپی دایە بۆ ئەو مەبەستە.

نیك هیراس لە سەنتەری ئەمنی ئەمریكی تازە ووتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەو پێناوەدا فشاری زۆریان لە ئیدارەی ئەمریكا كردووە كە میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چەكدارە بەندییە توندڕەوانە بۆ ووڵاتەكانیان، هۆكارەكەش ئەوەیە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات توانستی ئەوەیان نییە خەرجی ئەو ژمارە زۆر بەندەیە بكێشن.

واش بریارە پنتاگۆن لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەیەك لە بڕۆكسل ڕێكبخات و باسی ئەو بەندییانەی تێدا بكرێت.

شارەزایان پێیان وایە پێویستیشە لەسەر ئەمریكا سوود لەو چەكدارە بەندكراوانە وەربگرێت بۆ كاری هەواڵگری دژ بە داعش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش دڵەڕاوكێی نەشاردەوە سەبارەت بە هیشتنەوەی ئەو چەكدارانە لەو بەندیخانانەدا كە لەوانەیە ببێتە هۆی پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی.

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بە بایەخەوە لەو پرسە دەڕوانێت و دەیەوێت لە پڕۆژە یاسای بەرگری ئەمساڵدا شوێنێكی بۆ بكاتەوە. واش بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەو پڕۆژە یاسایە گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

سەرچاوە: THE KURDISH CENTER FOR STUDIES 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر