عەبادی لیستیكی گەندەلكارانی ئامادەكردووە بە زێباری و تەمیم دەستپێدەكات

عیراق

20/06/2019‌ 5727 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی "عەرەبی جەدید"، دیارترین ئەو ناوانەی ئاشكراكردوون كە "لیستی گەندەڵی یەكەم" دەیانگرێتەوەو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیری پێشوو بەنیازە بیانداتە دادگا.

ڕۆژنامەكە ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، كە لیستەكە هەرسێك وەزیری پێشوو " هۆشیار زێباری وەزیری دارایی ، سەعدون دلێمی وەزیری بەرگری، محەمەد تەمیمی وەزیری پەروەردەی" سەرتۆپی لیستەكەن، ئاماژەی بەوەش كردووە عەبادی داوای كردووە سەبارەت بە چەند دۆسییەكی دیاریكراو سەبر و ئارامییان هەبێت و جارێ دوایخستوون.

بەپیچی راپۆرتەكە، لیژنەی دادوەری كە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سەرۆك وەزیرانەوە و چەند لێكۆڵەرەوەیەكی نێودەوڵەتیش یاوەری دەكەن، پێویستە لەسەریان نزیكەی 800 بەرپرسی حكومی و سەربازی و ئەمنی و پەرلەمانتاری پێشوو و ئێستا ڕاپێچی لێكۆڵینەوە بكەن سەبارەت بەو دۆسییانەی گەندەڵی كە لە تاوتوێكردنی بوونەوە.

ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی عێراقییەوە ڕایگەیاند، عەبادی داوای كردووە لەمەر چەند دۆسییەكی تایبەت سەیر و ئارامییان هەبێت و بە دۆسییە بچوكەكانی گەندەڵی دەست پێبكەن، مەبەستی عەبادی لەم گێرمەوكێشمە ئەوەیە براوەی ئەو جەنگە بێت كە دەستی داوەتێ و گەرەكیەتی لەو ڕێگەیەوە خۆی وەك سەركردەیەك نیشان بدات كە عێراقی بۆ ماوەی 4 ساڵی ئایندە پێ بەڕێوەدەچێت. 

بەرپرسە عێراقییەكە كە ڕۆژنامەكە بە دیار و بەرچاوی ناو دەبات، راشیگەیاندووە، عەبادی یەك لە دوای یەك دۆسییەكان دەداتە دادگا، ئەو كەسایەتییانەی لەو دۆسیانەشدا دیار و بەرچاون و بانگهێشتی دادگا دەكرێن بریتین لە هەر یەك لە "هۆشیار زیباری وەزیری دارایی پێشوو،سەعدون دلێمی وەزیری بەرگری پێشوو ، محەمەد تەمیمی وەزیری پیشووی پەروەردە، عەبدولقادر عوبەیدی وەزیری بەرگری پێشوو، عەدنان ئەسەدی وەزیری ناوخۆی پێشوو بە وەكالەت".

بەرپرسەكە ئەوەشی راگەیاند، لیستەكە هەریەك لە پارێزگارانی بەغدا و ئەنبار  و نەینەوا، سێ لە ئەمیندارانی ئەمانەتی بەغدای پێشوو، سەركردەی سەربازی، بریكار، وەزیر، بەرێوەبەرە گشتییەكان، پشكنەرانی گشتی و پەرلەمانتاران، هەروەها سەرۆك هۆزەكانی (هێزەكانی سەحوە)  وەك شێخ ئەحمەد ئەبو ڕیشە، دەگرێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكانی گەندەڵی پەیوەست بە مامەڵە و گرێبەستی  وەهمی و بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی و پارەی ونبووی چارەنووس نادیار، لیكۆڵینەویان لەگەڵ دەكرێت. 

بەرپرسەكە ئەوەشی دووپاتكردەوە، عەبادی لە ڕێگەی لیستی یەكەمەوە هەوڵ دەدات یەكەم سەركەوتنی خۆی دەستەبەر بكات لە میانەی ئەو هەڵەمەتە دژە گەندەڵییەی بە پشتیوانی بۆگەڕاوە (مەڕجەع) ئاینییەكانی نەجەف دەستی داوەتێ، لە هەمان كاتیشدا عەبادی چەند دۆسییەیەكی دیاریكراوی گەندەڵی دواخستوون كە ملیارەها دۆلاریان لە ماڵی گشتی بەفیڕۆداوە، ئەمەش بە هۆی هەستیاری دۆسییەكان و ئەو كەسانەی دەستیان لەو دۆسییانەدا هەیە".

بەرپرسە عێراقییەكە هەروەها رایگەیاندووە جوڵاندنی ئەو دۆسییانە لە لایەن عەبادییەوە وەك بومەلەزەیەك دەبێت بۆ ناوچەی سەوز، لە هەمان كاتیشدا خستن و گلاندنی سیاسیشی لەگەڵ دەبێت، بۆیە بەلایەنی كەمەوە بەم زووانە مشتومڕیان لەبارەوە ناكرێت، ئەو لیژنەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش پێكهاتووە، لە یەكشەممەی ئایندوە بۆ 10 ڕۆژ دیكە ڕاپۆرتێك سەبارەت بە گەندەڵی و ئاشكراكردنی گەندەڵكاران و دۆسییەكانی گەندەڵی كە بە فەرمی حەواڵەكراون دەخاتە بەردەمی دادگا ".

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر