عەلى حەمە ساڵح: دۆسیەی فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێم زۆر بەخراپی مامەڵەی پێوە كراوە

کوردستان

21/06/2019‌ 609 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، جەخت دەكاتەوە،فراكسیۆنەكەیان و بزوتنەوەی گۆڕان، دژی ناشەفافی فرۆشتنی نەوت و داهاتی نەوتی هەرێمن‌و بەهیچ شێوەیەك، پشتگیری لە سیاسەتێكی لەو شێوە ناكەن.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەیان، لە بەرنامەیاندایە لە چوار ساڵی داهاتوودا، كار بۆ باشتركردنی دۆخی ژیانی هاوڵاتییان بكەن.

جەختیش دەکاتەوە،دۆسیەی فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێم، زۆر بەخراپی مامەڵەی پێوە كراوە، بەجۆرێك لە بەرژەوەندیی كۆمپانیا و كەسە حزبیەكان بەكارهێنراوە.

 

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان باس لەوەش دەکات،ب ەپێی راپۆرتێكی دیلۆیت، لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2018دا، بڕی 39 ملیۆن و 949 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم فرۆشراوە كە داهاتەكەی دوو ملیار و 125 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام تەنها 703 ملیۆن دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی حكومەت و دوو لەسەر سێی ئەو داهاتە چارەنوسی نادیارە.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، جەختیکردەوە پشتیوانی دزینی داهاتی نەوت ناكەن و كار بۆ بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستان دەكەن.

 

س.هـ