دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئەمریكییەكە.. هەڵسەنگاندنی ئاستی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی

جیهان

25/06/2019‌ 2309 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای خستنەخوارەوەی یەكێك لە  بەنرخترین فڕۆكە ئەمریكییەكان، میدیاكانی ئەمریكا هەڵسەنگاندنیان بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی "خەرداد"  كردووە بەوەی لە ئاستێكی بەرزدایە.

گۆڤاری "ووتش میلیتەری" راپۆرتێكی سەبارەت بە ڕووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئەمریكییەكە لە ئاسمانی ئێراندا تەرخان كردووە، ئەو گۆڤارە لە مانشێتەكەی خۆیدا، نرخی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكەی  "RQ- 4A Global Hawk —  220"   بە ملیۆنێك دۆلار خەمڵاندووە.


نووسەری راپۆرتەكە دەڵێت: ئەو فڕۆكەیە بەجۆرێك دیزاین كراوە كە تا ئەوپەڕی ڕادە پارێزراو بێت، كە بە گوێرەی وتەی ئێرانییەكان، فڕۆكەكە لە دۆخێكی تەواو نادیار و شاراوەدا دەفڕی و هەڵگری ئامێری سەرلێشواندنیشە.

ڕۆژنامەنووسە ئەمریكییەكە دان بەوەدا دەنێت، كە خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆكە ئەمریكییە، دەستكەوتێكی گرنگە بۆ سیستەمی موشەكی ئێرانی‌و پێی وایە ئەو سیستەمە بەرگرییە توانستێكی ناوازەی پشانداوە لە كاتی جەنگدا.

ئەمە جگە لەوەی شارەزاكە ئەوەشی ڕونكردۆتەوە كە سیستەمی بەرگری ئاسمانی "خەرداد سێ"  مەوداكەی دوورترە لەكۆسیستەمی ڕاد، كە لە ساڵی 2010 كەوتووەتە بواری خزمەتی سەربازییەكە.

هەروەها ئەو سیستەمە موشەكی "تەیر- 2 بی" بەكاردێنێت و مەوداكەشی دەگاتە 200 كیلۆمەتر، كە سیستەمەكە لە یەك كاتدا دەتوانی خۆی بگەیەنێتە 4 ئامانج و خاوەن ڕادارێكی زۆر بەهێزیشە.

ئەو سیستەمە بەرگرییانە بەشێوەیەكی بەرفراوان بایەخ بە دروستكردنیان دراوە، ئەمڕۆش هێزەكانی بەرگری ئێرانی بە خەستی پشتی پێ دەبەستن. ئەمە جگە لەوەی سوپای ئێران خاوەن سیستەمی "ئێس-200" و "ئێس 300 ئێم ئۆ- 2 " یە 

لە كۆتایی راپۆرتەكە نووسەر لە پوختەی قسەكانیدا دەڵێت: سەركەوتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران دژ بە فڕۆكە ئەمریكییە بێ فڕۆكەوانەكە، كاریگەری ئێجگار مەترسیداری دەبێت بۆسەر هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئیدی لەمەودا نەیارەكانی ئێران لە جاران ووریاتر دەبن لەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەی تاران. لەوانەشە ئێران پەلەی زیاتر بكات لە پەرەپێدانی سیستەمی موشەكی تازەی دورمەودا".

شارەزاكە ئەوەش بەدوور نازانێت كە ئەو ڕووداوە كاریگەری هەبێت بۆسەر بڕیاری سوپای ئێرانی سەبارەت بە كڕینی كۆسیستەمی بەرگری موشەكی ئێس 400 ی ڕوسی.

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە