بۆچی جەستەی شێوە "سێویی" مەترسییە لەسەر ژنان؟

تەندروستی

03/07/2019‌ 830 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێ ئەوەی دەرخستووە، كۆبوونەوەی چەوری لەناوچەی ورگی ئەو ئافرەتانەی سكێكی شێوە سێوییان هەیە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و سەكتەی مێشكیان هەیە.

زاناكانی كۆلێژی "ئەلبێرت ئەنیشتاین " لە نیویۆرك دەڵێن: هۆكاری ئەوە كۆبووونەوەی چەورییە لەدەوروبەری ئەندامە سەرەكییەكانی وەك جگەر و پەنكریاس ، بەشێوەیەك ماددەی ئەوانە ژەهراوی بۆ خوێن دەردەدەن كە رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ.

لێكۆڵینەوەكە بۆ ماوەی ١٨ ساڵ بەدواداچوونی بۆ ڕەوشی ٢٦٨٣ ئافرەت كردووە كە گەیشتوونەتە تەمەنی نائومێدی و خاوەن كێشێكی تەندرووست بوون ، دواتر زاناكان شیكردنەوەیان بۆ دابەشبوونی چەوری لە جەستەیاندا كرد .

دواتر ئافرەتەكانیان لەسەر بنەمای شێوەی جەستەیان بۆ دوو جۆر دابەش كرد : شێوەی سێویی یان هەڵووژەیی ، لەئەنجامدا دەركەوت كە ئەو ئافرەتانەی سكێكی شێوە سێوییان هەیە زیاتر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و سەكتەی مێشكیان هەیە بەراورد بەوانەی چەوری كەمتریان لەدەوری كەمەریان هەیە .

زاناكان دەشڵێن: بوونی رێژەیەكی بەرزتری چەوری لە قاچەكاندا رەنگە ژنان لە نەخۆشییەكانی دڵ بپارێزێت ، لەبەر ئەوەی ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە چەوری ناتوانێت كێشە بۆ بەشەكانی تری جەستە درووست بكات .

كاتێك ژنان دەگەنە تەمەنی نائومێدی ، ئەوە گۆرانكاری لە شێوەی جەستە و جێگرەوەی خۆراكیی رەنگە ببێتە هۆكارێك بۆ زیاتر كۆبوونەوەی چەوری لە دەوری ئەندامەكانی جەستە ، نەوەك لەژێر پێست.

ئەو زانایانە گوتوویانە دابەشبوونی چەوری لەجەستەی كەسێك  ئاماژەیەكی  زۆر گرنگترە بۆ كێشەكانی دڵ بەراورد بە پێوانەی جەستە ، لەبەر ئەوە پزیشكان دەڵێن بۆ هەڵسەنگاندنی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ واباشترە دەوروبەری كەمەری نەخۆش بپێورێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی