لەوێنەیەكدا دەردەكەوێت باڵندەیەك قنچكە جگەرەیەك دەداتە بەچكەكەی

جیهان

04/07/2019‌ 600 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كەنارێكی ئاوەكانی فلۆریدا لە ئەمریكا، وێنەگرێكی ژیانی كێوی وێنەی باڵندیەكی گرتووە لەكاتێكدا، كە فلتەری جگەرەیەك دەداتە بەچكەكەی.

لە پۆستێكی فەیسبووكدا وێنەگرەكە لەپاڵ دانانی وێنەكەدا نووسیویەتی ''گەر جگەرەكێشی، قنچكە جگەرەكان فڕێ مەدە.''

كۆمەڵگەی شاهانە بۆ پاراستنی باڵندەكان RSPB لە بەریتانیا وێنەكەی بە ''غەمباركەر'' ناوبرد و دەشڵێت كە سروشت هەوڵ بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پاشماوەكانی مرۆڤدا دەكات.

ئەو وێنەگرە وێنەی باڵندەیەكی تریشی گرتووە كە فلتەرێكی جگەرەی لەسەر پشتی هەڵگرتووە.

باڵندەكان ڕەنگە ئەو قنچكە جگەرانەیان لەگەڵ خواردن لێ تێك بچێت و بیدەن بە بەچكەكانیان بۆ خواردن.

وتەبێژی كۆمەڵگەی شاهانە بۆ پاراستنی باڵندەكان RSPB بە بی بی سی ڕاگەیاند كە ''زۆر لە باڵندەكان بە گرنگییەوە لەو شتانە دەڕوانن كە ئێمە فڕێیان دەدەین، وە زۆر جار ئەوان هەوڵ دەدەن بزانن كە شتێك خواردنە یان نا.''

وتیشی ''بە داخەوە ئەو دایكە بڕیاریداوە كە ئەو قنچكە جگەرەیە وەك خۆراك بداتە بەچكەكەی.'' 

''سروشت تێدەكۆشێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو شتانەی كە ئێمە دەرهەق بە هەسارەكەمان دەیكەین؛ هەموو ساڵێك ئاژەڵی زیاتر دەبینین كە بەهۆی بەرهەمە مرۆییەكانەوە گیر دەخۆن، بریندار دەبن و دەمرن. تەنانەت دەبینین كە ئاژەڵان پاشماوەكانی مرۆڤ وەك هێلانە بەكار دەهێنن.''

''بە داخەوە بەلای زۆر كەسەوە فڕێدانی پاشماوەكان زیانبەخش نییە، بەلای ئەوانەوە تەنیا دەبێتە هۆی پیسكردنی شوێنێك؛ بەڵام وێنە غەمباركەرەكانی وەك ئەو وێنەیە كاریگەرییە ڕاستەقینەكانی پاشماوەكان لەسەر ژیانی كێوی نیشان دەدەن.''

فلتەرەكانی جگەرە لە پلاستیك دروست دەكرێن و چەندان ساڵیان دەوێت تا لە سروشتدا شی دەبنەوە.

بە گوێرەی دەزگاكانی ژینگە دۆستی، فلتەری جگەرە بەربڵاوترین ماددەی ناو پاشاماوەكانی كەنار دەریاكانە لە جیهاندا.

وەرگێران: هێمن عەزیز