هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەڕێژەی ٣٧% بەرزبووەتەوە

عیراق

05/07/2019‌ 697 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەحیا عیشق سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێرانی –عێراقی باس لەوە دەكات، كە لەماوەی ساڵێكی ساڵنامەی ئێرانی لە مانگی ئازار كۆتایی دێت ئێران بە بەهای ١٣ ملیار دۆلار شمەك و خزمەتگوزاری هەناردەی عێراق كردووە .

كەناڵی "پرێس تیڤی" لەسەر زاری عیشق گواستوویەتییەوە، كە بەهای هەناردەكانی ئێران لەماوەی ١٢ مانگی رابردوودا بەڕێژەی ٣٧% بەرزبوونەتەوە ، كە بەشێكی گەورەی هەناردەكانی ئێران بۆ عێراق خزمەتگوزاری تەكنیكی و ئەندازیارین‌و لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی ئێرانەوە پێشكەش كراون .

عیشق ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە بەڵێندەرە ئێرانییەكان زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاریان لە پرۆژەكانی بیناسازی و پیشەسازی لە عێراق دەستكەوتووە .

ئەو بەرپرسە ئێرانییە راشیگەیاندووە، لەماوەیەكی نزیكدا دەتوانرێت هەناردەكانی ئێران بۆ عێراق بگەیەنرێتە ٢٠ ملیار دۆلار ، لەبەر ئەوەی چەند بوارێكی نائاسایی بۆ هاوكاری لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیەدا هەیە .

سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێرانی –عێراقی هۆكاری بوژانەوەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران بۆ لاوازبوونی بازرگانی ئێران لەگەڵ ئەوروپا دەبینێتەوە ، روونیشی كردۆتەوە كە لەماوەی ساڵی رابردوودا ئێران تەنیا بە بەهای یەك ملیار دۆلار كاڵا و خزمەتگوزاری هەناردەی ئەوروپا كردووە .

ئەو لێدوانە لەكاتێكدا دێت، كە لەژێر سایەی ئەو گەمارۆ توندەی وڵاتە یەكگرتووەكان بەسەر چالاكییە بازرگانی و بانكییەكانی ئیرانیدا سەپاندووە  عێراق رایگەیاندووە میكانیزمێكی دارایی تایبەت بۆ چالاكییە ئابوورییەكانی لەگەڵ ئێران پەیرەو دەكات ، بەشێوەیەك ئەو میكانیزمە رێگە بە عێراق دەدات پارەی خەرجییەكانی ئەو وزەیەی ئێران هەناردەی عێراقی دەكات بە دینار بدات و لە بانكێكی عێراقی هەڵبگیرێت ، دواتر رێگە بە ئێران بدرێت بەو پارەیە كاڵا و شمەك لە دەرەوە بكڕێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە