باشترینەكەیان تاڵە.. عێراق لەنێوان ئاگری سعودییەو ئێراندا

عیراق

05/07/2019‌ 923 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەسێبەری ململانێی نێوان سعودییە و ئێراندا لە ناوچەكە، عێراق بە ئامانجێكی سەرەكی نێوانیان ئەژمار دەكرێت، كەچی بەغدا لە قۆناغی دووبارە بنیادنانەوەدایە و ناتوانێن لە هیچ دۆخێكدا مەیلی بۆ هیچیان هەبێت.

لە وتارێكی فراوانی ماڵپەڕی ئوریان 21 ی فەرەنسی، هەردوو نووسەر (كلیهان تیرم) و (شفا‌و سیرەفی) باسی ئەوەیان كردووە، عێراق لە هێزە هەرێمایەتییە‌ بەهێزەكان بوو پێش ساڵی 1991، بەڵام ئەمرۆ خۆی لە نێوان ململانێی سعودییەو ئێران دەبینێتەوە بۆ پێشەوایەتی كردنی ناوچەكە، دۆخەكەش زیاتر بەرەو ئالۆزی رۆیشت لەگەڵ هەڵكشانی گرژییە سەربازیەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا.

ئایندەی عێراق تا مەودایەكی دوور پشت بە قۆناغی دووبارە بنیادنانەوە دەبەستێت لە هاوكاری كردنی هێزە هەرێمایەتیەكان.. ئەگەر ئێران توانیبێتی پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەهێز بكات لەدوای ساڵی 2003، ئەوا سعودیە بە شێوەیەكی زۆر دیار ئەو رۆڵەی نەبوە، بەلام شانشین ئێستا دەیەوێ لە رێگەی دیبلۆماسی ئابوریەوە بگەڕێتەوە بۆ رووبەرووبونەوەی هەژمونی ئێران.

خەمساردی سعودییە
شانشینی سعودیە لە ساڵی 1990 ەوە بەهۆی داگیركردنی كوێتەوە پەیوەندی لەگەڵ عێراق پچڕاندوە، داگیركردنی عێراقیش لەلایەن ئەمەریكاوە لە ساڵی 2003 نەبوە هۆی ئەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسیەكانی لەگەڵ دەوڵەتی نوێی عێراق دروست بكاتەوە، بەڵكو پەیوەندییەكان لەسەردەمی سەرۆك وەزیرانی پێشوتری ئەو وڵاتە نوری المالكی (2006-2014) زیاتر بەرەو خراپ بوون چوو، بەوەی سعودیەكان بە پیاوی ئێرانیان دەزانی. بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەوەش ریاز هەوڵیدا هەژموونی خۆی لە رێگەی رێكخراوە سیاسەكانی سونەوە بەهێز بكات، بەمەبەستی رووبەرووبونەوەی كاریگەریی ئێران.

بەرزە فڕیەكانی محەمەد بن سەلمان
لە ساڵی 2014 دا هەموو شتێك گۆڕا، دوای ئەوەی داعش ناوچەیەكی فراوانی لە عێراق داگیركردو بوە هۆی ئەوەی هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەكەو ئاسایشی نێودەولەتی بكات. ریاز هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ ئەوەی هەڵس و كەوت لەگەل عێراقدا بكات دوای كردنەوەی باڵوێزخانەكەی لە بەغدا لە ساڵی 2016، لە حوزەیرانی 2017 شدا كوڕی سەلمان بوە شازادەی جێنشین.

محمد سەلمان سیاسەتێكی زیاتر بەرزەفڕیی پەیرەو كرد لە بەرانبەر عێراق و خاڵە بەهێزەكانی سعودیەو بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولای قۆستەوە، لەگەل ئەوەشدا بەرزە فڕیە بنەڕەتیەكانی سعودیە خۆی لە سنورداردان بۆ هەژموونی ئێران دەبینێتەوە.

لای خۆیەوە ئێران پەیوەندیەكی زۆر باشی لەگەڵ عێراقدا بنیادنا بەهۆی هەوڵە بەردەوامەكانیەوە لە ساڵی 2003ەوە، و توانی تۆڕێكی فراوان پەیوەندی فەرمی لەگەل دەستەبژێرە سیاسیەكاندا دروست بكات، سونەو شیعە پێكەوە، جگە لە دووهێندە بوونی بازرگانی دوو قۆڵی لە نێوان هەردوولا و لە ساڵی 2018 دا گەیشتە 12 ملیار دۆلار.

عێراق لە بواری وزەدا پشت بە ئێران دەبەستێت بەتایبەتی كارەبا، تا ئەو رادەیەی بەغدا راكێشان و هاوردەكردنی وزەی كارەبا ئێران لە سزاكانی ئەمریكا بەخشرا.

دژیەكی 
راپۆرتەكە وای دادەنێت هەژمونی ئێران لە عێراق هەندێ جار زیادەرۆیی تێدا كراوە و هەندێ جاریش ‌ لە بایەخی كەمكراوەتەوە، بە گوێرەی هەلسەنگاندە دژیەكەكانی هێزە هەرێمایەتیەكان، بەلام راستیەكەشی لە نێوان هەردوولادایە.

ئێران و عێراق وەك دوو دراوسێ دەمێننەوەو پێویستە پەیوەندیە دوو قۆڵیەكانیان بپارێزن، ئەمەش رێگە ناگرێت لەوەی هەندێ جار جیاوازی لە نێوانیاندا هەبێت. لە هەمان كاتدا عێراق نایەوێ خاكەكەی ببێتە گۆرەپانی جەنگ لە نێوان هێزە هەرێمایەتی و نێودەولەتیەكاندا، جگە لەوەش نایەوێت بەشداری بكات هاوپەیمانێتی دژی ئێران. تا ئەو رادەیەی ئەگەر عێراق بیەوێ ئابوریەكەی تەواو بكات لەگەل دراوسێ عەرەبەكانی و سنورێك بۆ شوێنكەوتە ئابوریەكەی لەگەڵ توركیاو ئێران دابنێت، بەلام نایەوێ هاوسەنگی هەرێمایەتی و هانی تائیفی بدات لە رێگەی ئاراستەی دیبلۆماسیەتە ئابوریەكەیەوە.

هەلەكانی ریاز
سعودیە لە بەرانبەر هەلی زێڕیندایە بۆ هاوكاری كردن لەگەڵ عێراق، بڕیاری وەبەرهێنانی بەم ئاراستەیەدا ناوە، بەلام دەبێ وریا بێت لەوەی عێراق دژی ئێران هان نەدات، یاخود وا بكات دەسەڵاتدرانی عێراق رابكێشێتە نێو لایەنگیری كردنی یەكێك لە لایەنەكان یان ململانێ لە پێناو پێشەوا بوونی هەرێمایەتیدا. هەروەها نابێت سعودیەكان قەرەبووی بازرگانی نا نەوتیەكان بكاتەوە، چونكە كەل و پەلە ئێرانیەكان هەمان كەل و پەلی سعودیە نیە. لە بەرانبەردا، سعودیە دەتوانێ هەلی ئابوری نوێ بكاتەوە بۆ جۆراوجۆركردنی ئابوری عێراقی، ئەمەش لە میانی كەناڵە دامەزراوەییەكان لە جیاتی پەیوەندی لەگەڵ كەسایەیتەكان، جگە لەوەش فۆكەس بخاتە سەر بازاڕی گازو نەوت بۆ كەمكردنەوەی شوێنكەوتەی عێراق بۆ ئێران لەم بوارەدا.

سعودیە پەیمانی داوە بە پێشكەش كردنی ملیارێك دۆلار لە میانی سندوقی سعودیە بۆ گەشەپێدان، و پێدانی قەرز بۆ هەناردە كردن بە 500 ملیۆن دۆلار لە كۆنگرەی نێودەوڵەتی دووبارە بنیادنانەوەی عێراق، كە لە شوباتی 2018 دا لە كوێت بەسترا، ئەمە جگە لە پێدانی ملیارێك دۆلاری تر بۆ دروست كردنەوەی شارێكی تەواوی وەرزشی.

بەلام چالاكیە ئابوریەكانی سعودیە لەگەڵ عێراق رووبەرووی بەربەست دەبێتەوە بەهۆی دۆخی دارایی و سیاسی قورسی ئەم دواییە.

لەگەل ئەوەی عەرەبستان پرۆژەی هاوكاری بەرزە فڕ بوونی هەیە، بەلام هەنگاوی زۆری بەرچاو نەنراوە، كۆمپانیا تایبەت و گشتیەكانی سعودیە وەبەرهێنانی زۆر لە عێراق ناكەن، بەهۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵی و دۆخی ناسەقامگیری ئاسایشەوە.

درێژخایەن
ئێستا چركەیەكی یەكلاكەرەوەیە لە مێژووی عێراق، سعودیەو ولاتانی تری كەنداو هەلی زۆریان لەبەردەستە بۆ ئەوەی هەڵس و كەوت لەگەل حكومەتی نوێی عێراق بكەن و متمانە له نێوان دامەزراوەكانیاندا دروست بكەنەوە.

ئەم ولاتانە بە تەواوی ناتوانن چارەسەری پێگەی ئێران و هەژمونەكەی لە نێو عێراق بكەن، بەلام دەتوانن سنورێك بۆ كاریگەریە ئابوریەكانی دابنێن لە میانی پەیڕەو كردنی سیاسەتێكی چالاكی دەرەكی شرۆڤەكراوەوە، پەیوەندی دامەزراوەیی لەگەڵ عێراق بنیاد بنێن لە میانی كەناڵە شەرعیەكانی دەوڵەت و رێككەوتنە دوو قۆڵیەكانەوە، بەبێ ئەوەی بەرهەلستكاریی ئێران بكەن بە شێوەیەكی راستەوخۆ.

دامەزراندنی ئەم پەیوەندیە بنیادنەرە لە نێوان عێراق و سعودیەو ولاتانی تری كەنداودا پێویستی بە سیاسەتێكی درێژخایەن هەیە، دەكرێ سەربەخۆیی زیاتر بە عێراق بدرێ، و ئەمەش رێگە بە عێراق دەدات سەقامگیریەكەی بپارێزێ و دۆخی ئەمنی باشتر بێێت لەو وڵاتەو ناوچەكی بە گشتی.

سەرچاوە: ئوریان 21
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا