شارپرێس:
ڕۆژنامەی عەرەب بڵاویكردەوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە یاساكارییەكەی تونس، هاوپەیمانییە پەرلەمانی و حكومییەكەی "بزووتنەوەی نەهزە" و حیزبی "تەحیا تونس"، كە یوسف شاد سەرۆكایەتی دەكات بەرەو درزتێكەوتن هەنگاو دەنێت، یوسف شاهد بەبڕیاری قەدەغەكردنی باڵاپۆشی لە تونس بە پاساوی ئەمنی، بە ڕوونی گوزارەی لەو ڕاستییە كرد.
چاودێرانی تونس دەڵێن: ئەو بڕیارە یەكەم بڵێسەی ئاگری بەرەنگاربوونەوەی گەرمی نێوان ئەو دوو حیزبەیە، كە خاوەن گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانین و پاڵێوراوێكی بەهێزیشن لە هەلبژاردنە پەرلەمانییەكەی 6 ی ئۆكتۆبەری ئایندە.
موفدی ئەلمەسدی ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەت دووپاتیكردەوە كە شاهد فرمانێكی حكومی دەركردووە بەوەی هەركەسێك دەموچاوی داپۆشنراو بێت ڕێگەی پێ نادرێت بچێتە ناو باڵەخانە ئیداری و دامەزراوەییە گشتییەكان.
بڕیارەكە پەیامێكی سیاسییە كە ئەگەر نەهزە تا ڕادەیەك توانیبێتی سەركەوتوو بێت لە بڵاوكردنەوەی نەریتی "بەئیسلامكردنی كۆمەڵكا" و وەك ستراتیژیەتێكیش لە شەقام و دامەزراوەكان خستبێتییەگەڕ، لەولاوە سەرۆكی حكومەت و حزبی "تەحیا تونس" كە سەركردەی پراگماتی و گەنج ڕێبەرایەتی دەكەن، گەرەكیانە بڵێن هاوپەیمانی لەگەڵ نەهزە كاتی بووە، سیاسەتێكی سازانكاری بووە لەگەڵ پارتێكی باكگراوند ئیخوانی كە بە تەواوی بیر و دیدگایان بۆ كۆمەڵگا دژیەكە بە هزر و میتۆدەی حزبەكەی ئەوان. پەیامێكیشە بۆ جەماوەری دەنگدەر كە ئەوان بە تەواوی لە نەهزە جیاوازن و بەمەش گەرەكیانە دەنگی زۆرینەی تونسییەكان ببەنەوە.
لە ساڵی 2013 بەرەیەكی فراوان دژ بە جوڵانەوەی نەهزە پێكهات و سەركەوتووش بوون لە بەدەستهێناننی دەنگی لایەنگرانی دەوڵەتی نیشتمانی و پشتی "ئەلباجی قائد سبسی" یان گرت، بەڵام دەنگی تەواویان بەدەست نەهێنا تاوەكو بەتەواوی تاكلایەنە فەرمانڕەوایی بكەن، بۆیە بە ناچاری بونە هاوپەیمانی نەهزە بۆ پێكهێنانی حكومەت.
بە گوێرەی ڕاپرسییەكان، سبسی سودی لە پاشەكشەی جەماوەی حزبی "نیداو تونس" وەرگرتووە، دەشتوانی لێوەشاوەكان بەلای خۆیدا ڕابكێشێت كە زۆرینەیان لە ناو دامەزراوە حكومییەكان.
یوسف شاهد لە هیچ بۆنەیەكدا لاگیری لە نەهزە ناكات، بە پێچەوانەوە ڕەخنەی لێدەگرێت و تەواو لەگەڵی ناكۆكە و باوەڕی بەوەش نییە كە "ئیسلام تاكە چارەسەر" .
نەهزە لە پشت حكومەتەكەی شاهدەوە گەرەكییەتی خۆی لە تۆمەتە دادوەرییەكانی "بوونی دەزگایەكی نهێنی، پەیوەندی بە تیرۆرە سیاسییەكان، ڕەوانەكردنی گەنجان و لاون بۆ لیبیا و سوریا و عێراق" بدزێتەوە.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن جوڵاندنی دۆسیەی باڵاپۆشی پێش هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری داهاتوو، بەو ئەندازەی سوودبەخشە بۆ شاهد، هێندەش تووشی سەریەشەی دەكات، چوكە پێویستی بە دەنگی كۆمەڵە ئاینییەكان هەیە و لە هەمان كاتیشدا پشتیوانی بڕیاری قەدەغەكردنی باڵاپۆشییە.
ئەو بڕیارە شاهد نالەرزێنێت و بگرە جەماوەرەكەی لە شەقامدا زیاد دەكات، چونكە دەنگە ناڕەزاییەكان دژ بە باڵاپۆشی لە شەقامی تونسیدا لە هەڵكشاندان و پێییان وایە ئەو دیاردەیە لەگەڵ ناسنامەی خەڵكی تونس و قوتابخانە فقیهییەكانی ووڵاتدا نایەتەوە.
جەمال موسلیمی سەرۆكی ڕایەڵەی تونسی بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ لەگەڵ ئەو بڕیارەیە، ڕاشیگەیاندووە كە ئەوان لەگەڵ ئازادی خەڵكن، بەڵام بۆ هۆی دۆخی مەترسییەكاتی تیرۆر لە تونس و ناوچەكە، ئەو بڕیارە بە لۆژیكی دەزانن. ووتیشی دەبێت بڕیارەكە كاتی بێت. میدیاكانی تونسیش دەڵێن "ئەیمەن ئەلسمیری" تیرۆرست كاتێك ڕۆژی 3 شەممەی ڕاوەدوونرا، لە بەرگی ژنێكی باڵپۆشدا خۆی حەشار دابووە. ڕۆژی 5 شەممەش تیرۆرستێك كە پشتێنێكی تەقینەوەی بەستبوو، هەمان بەرگی باڵاپۆشی ژنانی پۆشیبوو.
پۆشینی باڵاپۆشی لە تونس لە ئاكامی شۆرشەكەی ساڵی 2011 بڵاوبۆوە، بەڵام هەمیشە جێگەی مشتومڕ و دەمەتەقێی دامەزراوە زانكۆییەكان بووە. پێشتریش وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی 2015 باڵاپۆشی لە دامەزراوە فێركارییەكان قەدەغە كرد و سزاشی بۆ ئەوانە دانا كە سەرپێچی ئەو بڕیارە دەكەن.
سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
