تاران لەتەنگژەدایە.. پلانەكەی ئەمریكا دژ بە ئێران وەك خۆی بەڕێوەدەچێت

جیهان

09/07/2019‌ 2249 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەمو شتێك بە گوێرەی پلانە بۆداڕێژراوەكە دەڕوات بەڕێوە، ئەوە ئەگەر پێمان وابێت پلانێك دژ بە ئێران لە ئارادایە. بەشێوەیەك هەناردەی نەوتیان لەسەر قەدەغە كردووە، كە ناتوانێت ڕۆژانە زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل هەناردە بكات، جارانیش دەگەیشتە 3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، بە هۆی مەترسی و داشكاندنەكانیشەوە ناچارە نەوتەكەی بە كەمتر لە نرخی بازاڕ بفرۆشێت. 

هەندێك جار بارە نەوتێك زۆری لەسەر دەكەوێت، هەروەك ئەو گوێزەرەوە نەوتییەی دۆزرایەوە و وەستێنرا، كە بە دەریادا دوور لە سەری ئاواتی چاك و ئینجا ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و دواتریش جەبەل تاریق  ڕێی دەكرد، بڕیار بوو نزیكیش بێتەوە لە كەنارەكانی سوریا، بەڵام دواتر بەریتانییەكان لە نزیك گەروەكە وەستاندیان. 

سەرباری ئەوەی ئەو بارە نەوتە بە خۆڕایی بوو بۆ ڕژیمی سوریا، تێچوونەكەشی خەیاڵیی بوو، ئەمەش گوزارە لەو شكست و تێكشكانە دەكات، كە سەركردایەتی ئێرانی بەدەستییەوە دەناڵێنێت. 

هەتا ئەگەر چین ڕۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوتیشی لێ بكرێت، هێشتائەو بڕە نەوتە زۆر بچوكە، سەرباری سزا تازە ئەمریكییەكان، كەرتی پتڕۆكیمیاوی ئێرانیش قەدەغەكردنی لەسەرە.

پلانەكە لەسەر سایكۆلۆجییەتی ئێرانی داڕژاوە، دەزانن كاردانەوەی چۆن دەبێت و كەمیش وایە هەڵەی تێدا بێت. سەپاندنی گەمارۆ ئێران كەلەڕەقتر و كەلەشەقتر دەكات و دەیگەڕێنێتەوە سەر پیتاندنی یۆڕانیۆمەكەی، بەمەش ئەو دەوڵەتانەش لەدەست دەدات كە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەیان واژۆ كردووە و ناچاریشن دژ بە تاران بوەستنەوە. كتومت ئەوەش ڕوویدا. جا لە بری ئەوەی ئێران دانوستان بكات، پێی لێهەڵبڕی و ئاستی ئاڵێنگارییەكانی بەرزكردنەوە بەوەی ڕێككەوتننامەكەی شكاند، ڕوسیا و چین و دەوڵەتانی ئەوروپیش دژی ئەو هەنگاوەی وەستانەوە. ئێستاش دەوڵەتانی یەكیەتی ئەوروپا ناچارن بەشداری ئەمریكا بكەن لە سەپاندنی سزاكان بەسەر ئێراندا.

بەو هۆیەی تاران پڕژە ئەتۆمییەكەشی كارا كردۆتەوە، ڕۆڵی ئیسڕائیل لە تەنگژەكەدا لە جاران كاراتر و چالاكترە، چونكە پێی وایە چەكە ئەتۆمییەكە و موشەكە بالیستییەكانی ئێران نەك هەر وڵاتانی كەنداو، بگرە تەلئەبیبیش بە ئامانج دەگرێت، پێش هەنگاوی پیتاندنەكە، كێشەی عێراق و یەمەن بۆ ئیسڕائیلییەكان كەمتر گرنگ بوو. لە سوریاش دۆخی ئیران سەختر بووە بەو هۆیەی ئیسڕائیل بەردەوام هێرشی سەربازی دەكاتە سەر ، میلیشیا و هێزەكانیشی كشاونەوە بۆ دوای هێڵی دیمەشق. بەوەش مەینەتییەكانی ئێران زیاتر بوو كە مۆسكۆ ڕێگە بە ئیسڕائیل دەدات هێرش بكاتە سەر ئێران لە سوریا  بێ ئەوەی بە ڕۆكێتە دامەزراوەكانی ڕووبەڕووی ئیسڕائیل بكاتەوە. ئێران بە بەرزكردنەوەی پیتاندنی یۆڕانیۆم ئاستی هەڵكشانەكانی دژ بە خۆی زیاتر كرد نەوەك پێچەوانەكەی.

ئاستی دوژمنكاری ئێران لە كەنداو دژ بە كەشتیڕانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی حوسییەكانەوە دژ بە فرۆكەخانەكانی باشووری سعودیەی نزیك یەمەن (ئەبها و جازان) بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، پەرەسەندنێكی چاوەڕوانكراوی ئێرانییە و بەرجەستەی ڕەفتارەكانی ڕژێمەكەی دەكات و ئاستی هەڕەشەكانی دژ بە سعودیە بەرز دەكاتەوە. بەڵام هەتا ئەگەر دووبەرابەر و سێ بەرابەریش هەڕەشەكانی دژ بە سعودیە بەرزكاتەوە، جەدە و هاوپەیمانەكانی لەوە ئاقڵترن لەگەڵ ئێراندا نەچنە جەنگێكی ڕاستەوخۆوە. هیچ كەس و لایەنێك تەنانەت ئێرانیش، نایەوێت پێیان بخلیسكێتە جەنگەوە، بەڵام گەرەكییانە دۆخە بەرەو هەڵگرتنی گەمارۆكان و كەمكردنەوەی بەرن. ئەمەش لە سایەی شێلگیری ئیدارەكەی ئەمریكادا ڕوونادات  كە گەرەكییانە هەموو پلانەكە دژ بە ئیران پراكتیزە بكەن. بۆیە گەمارۆكە هەڵناگیرێت و دانوستانیش دوا چارەسەری بەردەستە، بۆیە دەبێت ئێران داشكاندنە چاوەڕوانكراوەكان پیشكەش بەوانی دیكە بكات.

زیانەكانی ئێران سیاسی و ئەمنی و ئابوورین. ساڵێكە گەمارۆی لەسەرە ، لە ئاكامدا ئێران ساڵانە 5 ملیار دۆلار زەرەر دەكات كە زیاترە لەو بڕە پارەیەی سعودیە لە كڕینی چەك بۆ جەنگی یەمەن و كەنداو خەرجی دەكات. ئەم پرسە بۆ ناوچەكە چارەنووسسازە، ئێران لە ڕووی سەربازییەوە پەلی بۆ ئەو دیو سنوورەكانی خۆی هاویشتووە و هەڕەشە لە مانەوەی دەوڵەتانی ناوچەكە دەكات، ئەمەش دەرئەنجامی ڕێككەوتنە ئەتۆمییە خراپەكە بووە كە بواری پەلهاویشتنی بۆ ڕەخساند، كەمێكیش گەمارۆكانی لەسەر سوككردن، تەنها و تەنهاش بۆ ماوەیەكی كەم (10 ساڵ) چالاكییە ئەتۆمییە سەربازییەكانی تارانی ڕاگرت.

سەرچاوە: شەڕقلئەوسەت
نووسین: عەبدولڕەحمان ڕاشد
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر