ڕووداوی تەقەكردنەكەی هەولێر گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا زیاتر دەكات

عیراق

18/07/2019‌ 4611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "شەرقلئەوسەت"ی سعودی بڵاویكردەوە، كوشتنی جێگری كونسوڵی توركیا لە هەولێر بەهۆی رووداوێكی تەقەكردنەوە ئاستی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن‌و ئەنقەرە زیاتر دەكات.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، زیادبوونی گرژییەكانی نێوان ئەمریكاو توركیا پێش بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات بۆ باسكردن لەبابەتی دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سوریا دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە بەم نزیكانە كۆبوونەوەی باڵای توركیاو ئەمریكا دەستپێبكات، بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لەرۆژئاوای كوردستان ‌و باكووری سوریا، كە بەدەست شەرڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگەوەیەو توركیا بەنزیك لەپارتی كرێكاران پەكەكە دەیاندا لەقەڵەم.

رۆژی چوار شەممە جێگری كونسوڵی توركیا لە هەولێر لەگەڵ دوو كەسی تری كونسوڵخانەكە لە چێشتخانەیەكی شاری هەولێر بەهۆی هێرشێكی چەكدارییەوە كوژران ، كەسی هێرشبەریش توانیویەتی دەربازی ببێت .

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیش باسی لەوە كردووە، كە هێرشبەرەكە یەك كەس بووە و جلوبەرگی مەدەنی لەبەر بووە ، كە دوو دەمانچەی هەڵگرتووە و راستەوخۆش تەقەی لە فەرمانبەرانی كونسوڵخانەكە كردووە.

لەبەرانبەردا ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاند، وەڵامی پێویستی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە دەدەینەوە.

هەرچەندە هێشتا هیچ كەسێك بەرپرسیارییەتی خۆی لەو رووداوە رانەگەیاندووە ، بەڵام راستەخۆ دوای رووداوەكە تۆمەتەكە ئاراستەی پارتی كرێكارانی كوردستان كرا ، بەوەی ئەو كردەوەیە لەتۆڵەی تیرۆركردنی دوو بەرپرسی ئەو پارتە لەلایەن توركیاوە ئەنجام دراوە ، بەڵام دیار دەنیر وتەبێژی ئەو پارتە رەتیكردەوە ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجام دابێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی