عێراق لەشەڕێکی نوێ دەترسێت؛ فوئاد حوسێن زانیاریى ده‌خاته‌ڕوو

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1965 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا عێراق بەرەو قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ده‌ستى به‌هەنگاوه‌كانى كردوه‌، وەزیری دەرەوەى عێراق هۆشدارییەکی توند لەلێکەوتە ئەمنی‌و ئابورییەکانی سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان ئەمریکاو ئێران دەدات؛ ده‌شڵێت، "پەککەوتنی پێشتری هاتوچۆی دەریایی لەگەروی هورمز زیانی گەورەی بەهەناردەی نەوته‌كه‌مان گەیاندوە"، هاوکات پەردە لەسەر مانەوەی دوو گروپی چەکدار لادەدات کە هێشتا ڕەتیدەکەنەوە چه‌كه‌كانیان ڕاده‌ستى حكومه‌ت بكه‌ن.


فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەى عێراق هۆشداریدا لەلێکەوتەکانی سەرهەڵدانەوەی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی لەنێوان ئەمریکاو ئێرانداو جەختیکردەوە، عێراق لەڕوی ئەمنی‌و ئابورییەوە یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە زۆرترین زیانی بەردەکەوێت، هاوکات ئامادەیی بەغدای ڕاگەیاند بۆ نێوەندگیریی لەنێوان هەردولادا ئەگەر داوای ئەوەبکەن.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق لەدیدارێكدا لەگەڵ (ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/ڕادیۆی ئازادی) ڕایگەیاندوه‌، عێراق نایەوێت تێکەڵی چونە ناو هیچ ڕوبەڕوبونەوەیەک ببێت‌و داوای لەواشنتۆن‌و تارانیش کرد بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆکان‌و کێشەکانیان لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەربکەن.

ڕونیشیکردەوە، عێراق زیانی پێگەیشتوە بەهۆی پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لەگەروی هورمزدا کە بوەتە هۆی بەربەست لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتەکەیدا؛ ئاماژەی بەوەشدا، کە هەناردەکردن دەستیپێکردوەتەوە لەکاتێکدا مەترسییەکان لەسەرهەڵدانەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان‌و کاریگەرییان لەسەر داهاتی گشتیی وەک خۆیان ماونەتەوە.

جەختیشیکردەوە، بەغدا په‌یوەندییەکانی لەگەڵ هەردولادا بەردەوامدەکات‌و ئامادەشە بۆ نێوەندگیریی ڕاستەوخۆ ئەگەر داواکارییەکی فەرمی لەو دوو وڵاته‌وه‌ پێبگات.

سەبارەت بەدۆسیەی ناوخۆیی، فوئاد حوسێن پەردەی لەسەر لێکتێگەیشتنەکانی نێوان حکومەت‌و چەندین گروپى چەکدار لادا بۆ پاڵپشتیکردنی پلانی کۆنترۆڵکردنی چەک، لەبەرامبەر مانەوەی دوو گروپ کە هێشتا هەڵوێستی هاوشێوەیان ڕانەگەیاندوە، جەختی لەبەردەوامبونی گفتوگۆکان کردەوە بۆ ڕێگریکردن لەبەکارهێنانی خاک‌و سنورەکانی عێراق لەهەر کێبڕکێیەکی ناوچەییدا.

ناوبراو کۆتاییهاتنی ئەرکە سەربازییەکەی ئەمریکای وەک دەستپێکی "وەرچەرخان‌و بەشێکی نوێ" لەپه‌یوەندییەکانی نێوان بەغداو واشنتۆندا وەسفکرد کە فراوانکردنی هاوکارییە ئابوریی‌و سیاسییه‌كان‌و تاووتوێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییە دولایەنەکان لەخۆدەگرێت.