لەئەنكەرە وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێکردنی وتوێژەکانی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەیی لەگەڵ تورکیا ڕادەگەیەنێت

عیراق

56 خولەک پێش ئێستا‌ 1068 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی نەوتی عێراق ئێوارەی دوێنێ هەینی ئاشكرایكرد، باسم عەبادی وەزیری نەوت، سەرکردایەتی وه‌فدێكى عێراقی کردوە بۆ کۆبونەوەیەکی بەرفراوان سه‌باره‌ت به‌دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەسەر ڕێککەوتننامەی چوارچێوەیی لەگەڵ تورکیا، کە تایبەتە بەهاوکاری لەبوارەکانی نەوت‌و غازدا، ده‌شڵێت، "کۆبونەوەکە لەئەنكەرە سازکراو لەلایەن تورکیاوە ئالپئارسلان بایراکتار وەزیری وزەو سامانە سروشتییەکان سەرۆکایەتی کردوە".


به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەو کۆبونەوەیەدا باسی نەخشەڕێگەی پێشنیازکراو کراوە بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی دولایەنە لەپەرەپێدانی ژێرخانەکانی بەشی نەوت‌و غاز، پیشەسازیی پترۆکیمیایی‌و بازرگانیی نەوت، غازو وزە، لەپاڵ دۆزینەوەی ڕێگه‌کانی پەرەپێدانی چوارچێوەی کارو هەماهەنگیی هاوبەش بەجۆرێک کە خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.

ڕاگەیەندراوەکە ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، ئامانجی ئەم کۆبونەوە سەرەتاییە بۆ دەستپێکردنی وتوێژەکان لەسەر ڕێککەوتننامەی چوارچێوەیی نێوان کۆماری عێراق‌و کۆماری تورکیایە، بەمەبەستی دانانی بنەماکانی هاوکاریی هاوبەش‌و فراوانکردنی بوارەکانی هاوبەشی لەبەشەکانی نەوت، غازو وزەدا.

وه‌فدى عێراق پێکهاتون لەنەسیر عەزیز جەبار بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان‌و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیاکانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، نەوتی باکور، پڕۆژە نەوتییەکان‌و هێڵەکانی بۆریی نەوت، لەپاڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی فەرمانگەکانی ئابوری، یاسایی‌و گرێبەست‌و مۆڵەتە نەوتییەکان.