هاوسەرگیری سپی.. دیاردەیەكی ترسناك هەڕەشە لەخێزانە ئێرانییەكان دەكات

جیهان

19/07/2019‌ 4926 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسەرگیری سپیی چییە ؟ 
"هاوسەرگیری سپی  ڕێكەوتنێكی زارەكیانەی نێوان كچ و كوڕێكە تا وەك دوو هاوسەر بەیەكەوە بژین ، بەڵام بیئەوەی هیچ سیفەتێكی فەرمی یان شەرعی هەبێت یان هیچ بەرپرسیارییەك لە ماف و ئەركدا بخاتە سەر شانی هیچ كامیان ، تاراددەیەكی زۆر لەو پەیوەندییە خۆشەویستییە دەچێت، كە بەفراوانی لە وڵاتانی رۆژئاوایی هەیە ، بەشێوەیەك بەهیچ بەڵگەنامەیەكی فەرمی یان نەریتی پەسەند ناكرێت"، بە فارسیش پێیدەڵێن "ئیزدواج سەفید".

چالاكوانانی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێن: دیاردەكە بەفراوانی لە شارە گەورەكانی ئێران بڵاوبووەتەوە ، وەكو تارانی پایتەخت .

هەندێك لە گەنجەكان دیاردەكە بە باش دەزانن، كە پاساویشیان بۆ ئەوە قورسی ژیان و دابینكردنی بژێوییە لە شارە گەورەكاندا ، ئەوەش پاڵیان پێوە دەنێت تا بەدوای هاوبەشێكی گونجاوی ژیاندا بگەرێن بەجۆرێك بۆماوەیەكی دوورو درێژ بەیەكەوە بن ، بێ ئەوەی هیچ بەرپرسیارییەكیان بخاتە سەر .

ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە لەلایەن كۆمەڵگەی پارێزكارەوە رەتدەكرێتەوە، كە وایدەبینن هەڕەشەیەكە بۆ سەر خێزانەكان و ئایندەی وڵاتیش .

لەسەر دیاردەكەش عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەڵێت: هاوسەرگیری سپی پیلانێكی ئیمپریالی جیهانییە ، كە هەوڵ دەدات لەوڵاتێكی ئیسلامیدا خێزانەكان لەبەریەك هەڵوەشێنێت". 

دەزگاكانی راگەیاندنی ئێرانی لەسەر زاری خامنەییان گواستووەتەوە، كە لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك پیاوی ئاینیی وتوویەتی: دەبێت كار لەسەر بنیادنانی خێزان بكەین لە وڵاتدا ، لەبەر ئەوەی دوژمنانی ئێران دەیانەوێت لەنیوان مرۆڤەكاندا خیزان نەمێنێت.

هەروەك وتوویەتی: دوژمنانی مرۆڤایەتی ، واتە سەرمایەداری جیهانی و زایۆنیزم ، نزیكەی سەد ساڵە پلانی نەهێشتنی خێزانیان لەنێو مرۆڤەكاندا داڕشتووە  لەهەندێك جێگا سەركەوتوو بوون ، بەڵام لەهەندێك جێگای تری وەك ئێران شكستیان هێناوە ، بەڵام هەر بەردەوامن لەهەوڵەكانیان ".

سەبارەت بە سزادانی ئەو كەسانەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە دەكەن ، پیاوێكی ئاینی ئێرانی دەڵێت: ئەو جۆرە پەیوەندییە وەك زینا كردن وایە ، بۆیە وەك زیناكەر سزای شەرعیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

بەڵام بەشێكی زۆر لە مافپەروەران و چالاكانی بواری مافەكانی مرۆڤ لەئێران بەرگری ئازادی هەڵبژاردن لەنێوان هاوسەران دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە هۆكاری سەرەكی پەنابردنی گەنجان بۆ ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە پەیوەندی بە رەوشی ئابووریی و خراپی گوزەرانی خەڵكەوە هەیە ، بەتایبەت لە شارەكان .

لەسەر ژمارەی راستەقینەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە لە ئێران ، رۆژنامەنووسێك بە " بی بی سی" بەریتانی وتووە: تائێستا هیچ ئامارێكی فەرمی و ورد لەسەر ژمارەی راستەقینەی ئەو دیاردەیە لەبەردەستدا نییە ، لەبەر ئەوەی لەحاڵەتی ئاشكرابووندا مەترسی لەسەر ژیانیان درووست دەبێت .

هەروەها كچێكی گەنج بەناوی ئەنساری، كە خۆی یەكێكە لەو كەسانەی هاوسەرگیری سپی كردووە بە پێگەی "میدڵ ئیست ئای" وتووە: لەمەودوا كچانی ئێرانی لەهیچ شتێك سڵ ناكەنەوە .

هەروەها وتوویەتی: لێرە هەموو شتێك قەدەغەكراوە، بەهۆی قورسی هاوسەرگیری كردنی ئاساییش نەوەیەكی تەواو هەیە پابەندی یاسا باوەكانی وڵات نابێت.

یەكێكی تر، كە ناوەكەی خۆی ئاشكرا نەكردووە وتویەتی: هاوسەرگیری سپی زۆر لە هاوسەرگیری كلاسیكی مرۆڤانەترە ، لەبەر ئەوەی هاوسەرگیرییەكە  هەڵقوڵاوی خواستێكی مرۆڤانەی هاوبەشە ، بێ ئەوەی هیچ بەرژەوەندییەكی دوور مەودای وەك وەچەخستنەوە و میرات و شتی تری تێبكەوێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی