بەهۆی کورتهێنانی بودجەوه‌ پەرلەمان هەوڵی لێسەندنه‌وەی متمانە لە وەزیری دارایی دەدات

عیراق

29/07/2019‌ 1145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە لەناو ئەنجومەنەکەدا دەست بە جوڵەیەک کراوە بۆ کۆکردنەوەی واژۆ و بەڵگەی پێویست بەمەبەستی وتەوەرگرتن لە فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی و سەندنەوەی متمانە لێی ، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کورتهێنان لە بودجەی ساڵی داهاتوو کە دەگاتە نزیکەی ٧٢ تڕیلیۆن دینار .


عەبدول هادی موحان ئەندامی لیژنەکە دەڵێت " لیژنەی دارایی بەڵگە و بەڵگەنامەی زۆری لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێت فوئاد حوسێن وەزیری دارایی هەندێ جار لە دەرەوەی یاسا و رێساکان هەندێ جاریش لە دەرەوەی پلانەکان پارەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کرووە .


موحان دەڵێت " خەرجکردنی ئەو هەموو پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان کارەساتی بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو درووست کردووە ، بەشێوەیەک کورتهێنان تێیدا بۆ ٧٢ تڕیلیۆن دینار بەرزبۆتەوە "، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لیژنەکەیان سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆ و بەڵگەی پێویستە بۆ وتەلێوەرگرتن و سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی لەجیاتی بانگهێشتکردنی. 


ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت بەهۆی بەرزی ڕێژەی کورتهێنان تێیدا ،لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری نوێی تێدا جێنەکراوەتەوە .


رۆژی شەممەی رابردوو ، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرای کرد کە لە بودجەی گشتی فیدڕاڵی ساڵی داهاتوو ، کورتهێنانێکی گەورەی تێدا دەبێت کە دەگاتە ٧٢ تڕیلیۆن دینار ، ئەوە لەکاتێکدا لە بودجەی ساڵی رابردوو کورتهێنانەکە تەنیا ٢٧ تریلیۆن دینار بوو .


وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی