شارپرێس ـ تایبهت:
ئەمڕۆ هۆڵی دادگای دوی تاوانەکانی سلێمانی بوە گۆڕەپانی ئاشکراکردنی چەندین نهێنیو زانیاری شۆکهێنهر، کاتێک گیراوانی دۆسیەی "لالەزار" لەبەردەم دادوەردا پەردەیان لەسەر جۆرەکانی ئەشکەنجەدانو بارودۆخی سەختی زیندانیکردنیان لادا، یەکێک لەگیراوەکان ڕایگەیاند، "60 ڕۆژ لەناو كولانهى پەلەوەردا زیندانیکراوم"، هەندێکی دیكهشیان بەهۆی ترسو توندی ئەشکەنجەکانەوە، ئامادەنەبون بەدەم قسەبکەنو نامەی نهێنییاندایە دەست سەرۆکی دادگاكه.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى لهتیمى پارێزهرانى گیراوانى لالهزارهوه تایبهت بهشارپرێس دراون، لەکۆی 12 تۆمەتبار، ئەمڕۆ تەنها وتەی شهش کەسیان وەرگیراو دواتر بەبڕیاری سەرۆکی دادگا، پرۆسەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ئەشکەنجە بەکارەباو نامەی نهێنی بۆ دادوەر
تۆمەتبار (بۆتان مستەفا) یهكێك لهگیراوانى لالهزارهو لهبهردهم سهرۆكى دادگا ڕایگەیاند، ئەو جانتایانەی لەڤیدیۆکانی ئاسایشدا وەک "درۆنو چەک" نیشاندراون، تەنها جلوبەرگو کەرەستەی دیزاینو كارى تهكنیكییه کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی لاهور شێخ جەنگی بەکاریانهێناوە، ناوبراو پارچە کاغەزێکی دایە دەست دادوەرو وتی، "بەهۆی توندی هەڕەشەو ئەشکەنجەکانەوە، ناتوانم بەدەم باسیان بکەم، لێرەدا نوسیومە".
هەمان سیناریۆ لای تۆمەتبار (ڕەمەزان حسێن) دوبارەبوەوە؛ ئەو ئاشکرایکرد، بەکارەبا ئەشکەنجەدراوهو هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، بۆیە بەهۆی "مەترسی لەسەر ژیانی" زانیارییەکانی لەسەر کاغەزێک نوسیو ڕادهستى سهرۆكى دادگا كرا.
زیندانیکردن لەناو "کولانە"دا
یەکێکی دیكه لەوتە هەرە شۆکهێنهرهكان، وتەی تۆمەتبار (ئاراس حەمەعەلی) بوو کە چێشتلێنەری دەباشانو بهشى كامێراكان بوە، ئەو وتی، "ماوەی 60 ڕۆژ لەژوری تاکەکەسی (ئینفرادی) بوم، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە ژور نەبوو، بەڵکو کولانهى پەلەوەر بوو کە تێیدا بەندکرابوم"، ناوبراو هەموو تۆمەتێکی سیخوڕیکردنی بەسەر دەباشاندا ڕەتکردەوە.
باخەوانو دیزاینەر؛ تۆمەتی تیرۆر!
تۆمەتبارانی دیكهى وەک (کەیوان محەمەد) کە باخەوان بوەو (سەربەست مینە) جەختیانکردەوە، کە ئەوان هیچ ئاگایەکیان لەپلانێکی کوشتن یان تیرۆر نییەو تەنها لەبەر لایەنگرییان بۆ لاهور شێخ جەنگی یان بۆ کاری بژێویی لەو شوێنانە بون.
دەستگیرکراوەکان زۆربەیان وەک کارمەندی نوسینگە یان پاسەوانی لاهور شێخ جەنگی (هاوسەرۆکی پێشوی یەکێتیی) ناسرابون، ئەم دۆسیەیە بەشێکە لەلێکەوتە بەردەوامەکانی ڕوداوەکانی 8ی تەمموزی 2021 کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی لەدەسەڵاتەکانی ناو یەکێتیی دورخرایەوە.
ڕوداوی لالەزار-یش ئاماژەیە بۆ ئەو شەڕو پێکدادانە سەختە چەکدارییەی کە لەبەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 22ی ئابی 2025 لەگەڕەکی گردى سەرچناری شاری سلێمانی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سەر بەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (وەک دژەتیرۆر، کۆماندۆو ئاسایش)و هێزەکانی سەر بەلاهور شێخ جەنگی (ناسراو بەهێزی دوپشک) ڕویدا.
ئاسایشی سلێمانی پێشتر ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەندێک لەوکەسانە "دانپێدانان" دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ لەبەردەم دادوەردا هەمویان ئەو دانپێدانانەیان ڕەتکردەوەو وتیان "لەژێر ئەشکەنجەدا" پێیان وتراوە.
