لێكترازانی دیوارەكانی مەدینە نەخشەی 1400 ساڵی مێژوی موسڵمانانە

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

فوئاد سدیق

   كاتێك باسی درزەكانی دیواری مەدینە دەكەم، مەبەستم لە تەلارسازیی شارەكە نییە بەرەو هەڵوەشانەوە چووبێت، بەڵكو جەوهەری ئایینی موسڵمانان بوو لە پێگە باڵا و میتافیزیكییەكەیەوە دابەزییە ناو زۆنگاوی سیاسەت و ململانێی حوكمڕانی. ئەمڕۆ 1416 ساڵ و  23 ڕۆژ بەسەر یەكەمین چركەساتی هاتنە خوارەوەی وەحی اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ تێپەڕ دەبێت، واتا پرۆسەیەكی دوورودرێژی گۆڕانی ئۆنتۆلۆژییە لە شێوازی تێگەیشتنمان بۆ پیرۆزیی. كورد و كوردستان كە لە سەردەمی خەلافەتی عومەری كوڕی خەتابەوە بوونە بەشێك لەم جوگرافیا عەقیدەییە، تا ئێستاش لە ناو دۆخێكی نائاگایی مێژووییدا دەژین. ئێمە وەك نەتەوەیەك، لە كاتێكدا ئامادەین لەسەر شوناسی ئایینی بچینە ناو شەڕی مان و نەمان، كەچی هێشتا لە ئاستی سەرەتاییترین زانیارییەكاندا دەربارەی مێژووی دروستبوونی ئەم سیستەمە و ئەو كێشمەكێشە توندانەی لە نێوان جەمسەرەكانی هێزدا هەبوو، بێئاگا و نامۆین. ئەمە ئەو پارادۆكسە كوژەیە كە كوچك لە ئاگر گەرمتر دەردەكەوێت، بێ ئەوەی ئاگاداری جەوهەری ئەو سووتانە بین كە مێژووی سیاسیی ئایینی پێدا تێپەڕ بووە.

  ئەو مەلا و پیاوە ئایینییەی كە نازناوی دوازدە عیلمیان هەڵگرتووە، تەنیا وەك دەنگێكی دووبارەبووەوە و تەرجیعێكی بێ ڕۆح، ئایەتەكان و فەرموودەكان دەڵێنەوە. كارەساتی مەعریفی لێرەوە دەست پێدەكات كەسایەتییە ئایینییەكانی ئێمە، لە چوارچێوەیەكی تەسكی دەقئاوێزاندا گیریان خواردووە و ئاگایان لەو هەموو فەلسەفە مەزنە نییە كە ماوەی 2500 ساڵە ئەقڵی مرۆڤایەتیی گەورە كردووە. مەلای كورد ناتوانێت لە كایە دۆگماییەكان بێتە دەرەوە و ڕووبەڕووی لێزمەی فیكریی بوونگەرایی، بونیادگەری، ماركسیزم و تەنانەت سوریالیزم و عەبەسێتیش ببێتەوە. نەبوونی ئەم پاشخانە فەلسەفییە، وای كردووە ئایین لە كوردستاندا تەنیا ببێتە كۆمەڵێك ڕێوڕەسمی ڕووكەشی بێ ناوەڕۆك. بێگومان ئەوانەش كە خۆیان بە ماركسیست یان بونیادگەری، وجودی.....یان خۆیان بە ڕۆشنبیری هاوچەرخ دەزانن، ئەگەر قووڵایی مێژوویی و لاهوتیی سێ ئایینە ئاسمانییەكە نەناسن، ئەوانیش لە هەڵەیەكی ستراتیژی قووڵدا خول دەخۆنەوە. چونكە مێژوو زنجیرەیەكی بەیەكەوە بەستراوە و پچڕانی هەر ئەڵقەیەك، واتە تێنەگەیشتن لە كۆی گشتیی تابلۆكە.

  ئیسلام لەبەر ئەوەی لە ڕێگەی فتوحات و جەنگەكانەوە ئاسۆی خۆی فراوان كرد، بە ناچاری كۆمەڵێك قەیرانی گەورەی لەگەڵ خۆیدا بۆ ناو جەرگەی دەوڵەتە نوێیەكە گوازتەوە. بەڵام ئەم قەیرانانە لە ژێر سێبەری كەسایەتیی كاریزماتیكی پێغەمبەر  محەمەد دا حەشار درابوون، بۆیە هەر لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتا هەناسەكانی محەمەد، درزەكان دەستیان بە دەركەوتن كرد. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەكە سەرهەڵدەدات، ئایا ئیسلام وەك پەیامێكی گەردوونی و ڕوحی، لەگەڵ كۆچی دوایی محەمەددا كۆتایی هات؟ یان ئەوەی دواتر وەك ئیسلامی سیاسی و حوكمڕانی دەركەوت، لادانێكی كتوپڕ بوو لەو ڕێچكە ڕەسەنە؟ مێژوو پێمان دەڵێت هێشتا پێغەمبەر لە ژیاندا بوو، بە دیاریكراوی لە ساڵی نۆیەمی كۆچیدا، دیواری یەكپارچەیی مەدینە درزی تێكەوت و لێكترازانی گەورە دروست بوو. ئەم درزە سەرەتا لە شێوەی مزگەوتی ضراردا بەرجەستە بوو. كاتێك پێغەمبەر فەرمانی دا ئەو شوێنە بڕووخێنرێت و بسووتێنرێت، بەپێی سەرچاوەكان ئەم مزگەوتە یەكەم مەكۆی پیلانگێڕی بوو، كە لە بەرگی پیرۆزیدا خۆی حەشار دابوو. سورەتی تۆبە وەك بەڵگەنامەیەكی مێژوویی، پەردەی لەسەر ئەو ڕاستییە لاداوە كە هەمیشە لە ناو جەرگەی باوەڕدا، نەیارێكی شاراوە هەیە دەیەوێت پیرۆزی بۆ مەرامی سیاسی بەكاربهێنێت.

  لە هەمان ساڵدا، غەزای تەبووك بووە وێستگەیەكی تری تاقیكردنەوەی ئیرادەكان. پێغەمبەر لە كاتێكدا بە سوپایەكی 30 هەزار كەسییەوە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتینی دەڕۆیشت، بڕیارێكی سیاسیی قورسی دا، ئەویش هێشتنەوەی عەلی كوڕی ئەبی تالیب بوو لە مەدینە. ئەم بڕیارە دەستبەجێ لە لایەن نەیارەكانەوە كرا بە كەرەستەی پڕوپاگەندە بۆ ئەوەی پێگەی عەلی لە چاوی خەڵكدا بشكێنن. بەڵام وەڵامە مێژووییەكەی پێغەمبەر كە بە عەلی گوت پێگەی تۆ لای من وەك هاروون ی لای موسا(هاڕوون برای موسا بوو، موسا لە کاتی چوونی بۆ کێوی توور، هاروونی جێهێشت بۆ سەرپەرشتی کردنی گەلەکەی)، ئەمە رێك دیاریكردنی نەخشەیەكی سیاسی بوو بۆ داهاتوو، نەخشەیەك كە دوای ئەو، بووە هۆی قووڵترین شەقبوونی مێژوویی لە ناو جەستەی ئۆمەتدا. لێرەوە ململانێی نێوان باڵی عومەری كوڕی خەتاب و ئەبوبەكری سدیق و ئەبو عوبەیدەی جەڕاح لە لایەك، و باڵی عەلی لە لایەكی تر، لە قۆناخی نادیارەوە چوونە ناو قۆناخی جەنگی سارد و پیلانگێڕییەوە.

 رووداوی گەرووی عەقەبە، ئەو خاڵە وەچەرخانەیە كە متمانە بە تەواوی هەرەسی هێنا. كاتێك پێغەمبەر لە گەڕانەوەیدا لە تەبووك، لە لایەن كۆمەڵێك لە هاوەڵە نزیكەكانی خۆیەوە ڕووبەڕووی هەوڵی تیرۆركردن بووەوە، گەورەترین زەنگی مەترسی بۆ لێ درا. ئەم ڕووداوە كە لە سەرچاوە هەرە باوەڕپێكراوەكانی وەك صحیح مسلم و موسنەدی ئەحمەددا هاتووە، دەیسەلمێنێت كە لە ناو بازنەی یەكەمی دەسەڵاتدا، 12  كەسی مونافیق هەبوون پلانی كوشتنی سەركردەی یەكەمی دەوڵەتەكەیان دانابوو. محەمەد لێرەدا زیرەكانە ڕەفتاری كرد و نهێنییەكەی لای حوزەیفە پاراست، كە دەتوانین بیكەین بە یەكەمین دەزگای هەواڵگریی پاراستنی دەوڵەت. لە سورەتی تۆبە ئایەتی ژمارە 74 كە دەڵێت هەوڵیان دا بۆ شتێك پێی نەگەیشتن، ئاماژەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو شكستە سیاسی و سەربازییەی كە نەیارە ناوخۆییەكان لە گەرووی عەقەبەدا تووشی بوون.ئەمە ئایەتەكەیە( (يَحْلِفُونَ بِاللَّهِ مَا قَالُوا وَلَقَدْ قَالُوا كَلِمَةَ الْكُفْرِ وَكَفَرُوا بَعْدَ إِسْلَامِهِمْ وَهَمُّوا بِمَا لَمْ يَنَالُوا ۚ وَمَا نَقَمُوا إِلَّا أَنْ أَغْنَاهُمُ اللَّهُ وَرَسُولُهُ مِن فَضْلِهِ ۚ فَإِن يَتُوبُوا يَكُ خَيْرًا لَّهُمْ ۖ وَإِن يَتَوَلَّوْا يُعَذِّبْهُمُ اللَّهُ عَذَابًا أَلِيمًا فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ ۚ وَمَا لَهُمْ فِي الْأَرْضِ مِن وَلِيٍّ وَلَا نَصِيرٍ) ئەم گۆشەگیرییە سیاسییەی كە پێغەمبەر لە كۆتا مانگەكانی ژیانیدا تێی كەوت، لە وتاری ماڵاواییدا لە كێوی عەرەفە گەیشتە لووتكە. ئەو ڕستەیەی كە وتی نازانم ساڵێكی تر دەتانبینمەوە یان نا، ئەمە پێشبینییەكی سیاسی بوو بۆ ئەو پاشاگەردانییەی كە دوای ئەو چاوەڕێی مەدینەی دەكرد. ڕووداوی غەدیر خوم، كە لەو رووداوەدا محەمەد، عەلی وەك وەلی و مەولا ناساند، ئەمە دوایین هەوڵی پێغەمبەر بوو بۆ جێگیركردنی ڕێچكەیەكی دیاریكراو. بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا، بەرەی ئەبوبەكر و عومەر و ئەبوعوبەیدە بێدەنگ نەبوون. نووسینی ئەو پەیماننامە نهێنییەی كە بە پەڕاوە نەفرەتلێكراوەكە ناسراوە، یەكەمین كودەتای سپی بوو لە مێژووی ئیسلامدا. ئەوان لە ناو جەرگەی كەعبەدا بڕیاریان دا ڕێگە نەدەن دەسەڵات بۆ ماڵی بەنی هاشم بگوێزرێتەوە. ئەمە ئەو ساتە وەختەیە كە ئایین وەك پەیامێكی ئاسمانی بوو بە قوربانیی بەرژەوەندییە كەسییەكان و ململانێی هۆزەكان بۆ دەسەڵات.

  نەخۆشكەوتنی پێغەمبەر، زەمینەیەكی زێڕینی بۆ باڵی سیاسیی ئەبوبەكر و عومەر ڕەخساند تا بەرنامەكانیان جێبەجێ بكەن. پێغەمبەر لەم مەترسییە حاڵی ببوو، بۆیە فەرمانی دا لە مەدینەوە لەشكرێك بە سەرۆكایەتی ئوسامە، بەڕێ بكات بۆ شام. دانانی گەنجێكی نۆزدە ساڵان وەك فەرماندەیەك كە دەبوو ئەبوبەكر و عومەر لە ژێر فەرمانی ئەودا بن، بوومەلەرزەیەكی سیاسی بوو. مەبەستەكە ڕوون بوو، شكاندنی فەزڵی ڕەهای ئەوان و دوورخستنەوەیان بوو لە ناوەندی بڕیار لە كاتی مەرگی ئەودا. بەڵام لێرەدا یاخیبوونێكی ئاشكرا ڕوویدا. هاوەڵان بە بیانووی دڵسۆزی بۆ پێغەمبەری نەخۆش، فەرمانی سەربازییان جێبەجێ نەكرد و لە مەدینە مانەوە. ئەمە یەكەم تێكشكانی پیرۆزیی فەرمانەكانی پێغەمبەر بوو لە لایەن نزیكەكانی خۆیەوە، كە نیشانەی ئەوە بوو بەرژەوەندیی سیاسی لە سەرووی گوێڕایەڵی عەقیدەییەوە جێگیر بووە.

  كۆبوونەوەی سەقیفەی بەنی ساعدە، لە كاتێكدا جەستەی پێغەمبەر هێشتا بە خاك نەسپێردرابوو، گەورەترین گورزی مێژوویی بوو لە ئایینی ئیسلام و لە عەلی درا. عەلی كە سەرقاڵی كفن و دفنكردنی پێغەمبەر بوو، لە پڕێكدا خۆی لە بەردەم واقیعێكی سەپێندراودا بینییەوە. شەش مانگ دانیشتن لە ماڵەوە و بەیعەتنەدان بە ئەبووبەكر، مانای ناڕەزایەتییەكی قووڵ بوو دژی ئەو سیستەمە نوێیەی كە لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی سیاسیی ناو كۆبوونەوە تاریكەكان دروست ببوو. لەم ناوەندەدا، فاتیمەی كچی پێغەمبەر بووە قوربانیی هەرە گەورەی ئەم ململانێیە. ئەو بە ئازارێكی قووڵ و بە دڵشكاوییەكی بێوێنەوە، كەمتر لە سێ مانگ دوای باوكی ژیا. ناكۆكی و تووڕەیی فاتیمە لە عائیشە و حەفسە و ئەبوبەكر و عومەر، ئەوەندە توند بوو تەنانەت وەسیەتی كرد ئەوان لەسەر قەبرەكەی ئامادە نەبن. ئەم وەسیەتە، تا ئەمڕۆش وەك برینێكی ساڕێژنەبوو لە مێژووی ئیسلامدا ماوەتەوە و بووەتە هێمایەك بۆ ستەمی دەسەڵات بەرانبەر بە حەقیقەت.

   مردنی پێغەمبەر و فاتیمە، نەك هەر مەراسیمێكی شایستەیان بۆ نەكرا، بەڵكو بەهۆی كێبڕکێی سیاسییەوە، جەستەی پێغەمبەر سێ ڕۆژ مابووەوە. ئەمە نیشانەیەكی ترسناكە بۆ ئەوەی چۆن سیاسەت دەتوانێت هەموو بەها ئینسانی و ئایینییەكان بكاتە قوربانی. عەلی لەم قۆناخەدا وەك دەروێشێكی سیاسی ڕەفتاری دەكرد، لە كاتێكدا عومەرو ئەبوبەكرو .... وەك سیاسییەكی دەوڵەتمەدار خەریكی چەسپاندنی دەسەڵات بوون. ئەم دابەشبوونە، تەنیا دابەشبوونی دوو كەسایەتی نەبوو، بەڵكو دروستبوونی دوو جیهانبینیی جیاواز بوو لە ناو ئیسلامدا. یەكێكیان جەختی لەسەر پاراستنی جەوهەری ڕوحی و وەسیەتەكان دەكردەوە، و ئەوی تریان بەرژەوەندیی كاتی و سەقامگیریی دەوڵەتی دەخستە پێش هەموو شتێكەوە. ئەم لێكترازانە گەورەیە، بووە سەرەتایەك بۆ هەموو ئەو ململانێ مەزهەبی و سیاسییانەی كە تا ئەمڕۆش جیهانی ئیسلامی و كوردستانیشیان تێوەگلاوە.

  لە دوای کشانەوەی سێبەرە کاتییەکەی وەحی، مەدینە بوو بە گۆڕەپانی جەنگێکی سارد کە مانا پیرۆزەکان ڕووبەڕووی بەرژەوەندییە ڕەقەکان بوونەوە. لێرەدا دەسەڵات نەبوو بە ئامرازێک بۆ خزمەتی ئایین، بەڵکو ئایین کرا بە پەردەیەک بۆ داپۆشینی ڕووخساری دەسەڵات. ئەو لێکترازانەی لە ناو جەرگەی دەوڵەتە نوێیەکەدا دروست بوو، تەنیا دابەشبوونێکی ئیداری یان سیاسی نەبوو، بەڵکو دابەشبوونێکی جەوهەری بوو لە نێوان دوو مۆدێلی ژیان و دوو تێگەیشتن بۆ مرۆڤ و خودا. لە لایەک، عەلی کوڕی ئەبوو تالیب و ئەو بازنە بچووكەی لێی کۆبووبوونەوە، نوێنەرایەتی ڕەهەندە ڕوحی و دادپەروەرییە ڕەهاکەیان دەکرد، لە لایەکی تریشەوە، باڵی ئەبوبەکر و عومەر و ئەبو عوبەیدەو هاوەڵە سیاسییەکانی دیكە، نوێنەرایەتی واقیعێکی توند و پێویستییەکانی دەوڵەتدارییان دەکرد. ئەم دوو جەمسەرە، دوو هێڵی تەریب بوون هەرگیز لە ناو دنیای سیاسەتدا یەکتریان نەدەگرتەوە.

   لەنێو ئەم تەمتەمانی مێژووەدا، ناوی ئەو کەسانەی لە دەوری عەلی کۆبووبوونەوە، تەنیا وەک ناوی هاوەڵ ناخوێنرێنەوە، بەڵکو وەک نیشانەیەک بۆ جۆرێکی تر لە باوەڕ دەردەکەون. عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیب وەک گەورەی بنەماڵەی هاشمییەکان، هەوڵی دەدا شکۆی خوێنی پێغەمبەر لە چنگی  سیاسییەکان بپارێزێت. زوبەیری کوڕی عەوام لە سەرەتادا لە بەرەی عەلی بوو، هێمای ئەو ململانێیە دەروونییە بوو کە لە نێوان خزمایەتی و بەرژەوەندیی نوێدا دروست ببوو. بەڵام سیمایەکی وەک سەلمانی فارسی، قووڵترین ڕەهەندی ئەم بەرەیەی نیشان دەدا. سەلمان خاوەنی داناییەکی کۆن و ڕوحیەتێکی گەڕیدە بوو، عەلی وەک تاقە ڕێگایەک دەبینی بۆ پاراستنی جەوهەری پەیامەکە لە ژەنگ و تۆزی دەسەڵات. لەگەڵ ئەودا، ئەبوزەری غەفاری دەوەستا، ئەو پیاوەی بوو بە ویژدانی هاوارکەری ناو بیابان، ئەو کەسەی دژی کۆکردنەوەی سەروەت و سامان و گۆڕینی خەلافەت بۆ پاشایەتی دەجەنگا. ئەبوو زەر وەك ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی بوومەلەرزەیەکیش بوو لە ناو دڵە ئاسودەکاندا. عەمماری کوڕی یاسر و میقدادی کوڕی ئەسوەدیش، دوو کۆڵەکەی تری ئەو وەفادارییە بوون کە مێژوویان وەک جەستەیەک دەبینی کە تەنیا بە ڕوحی عەلی زیندوو دەبێتەوە. لایەنگرانی عەلی پێیان وابوو حەقیقەت لە دەقی وەحی و وەسیەتەکاندا جێگیر بووە، نەک لە ناو دەنگی جەماوەرێکی شڵەژاوی ناو سەقیفەدا.

      لە بەرانبەردا، بەرەی ئەبوبەکر و عومەر و ئەبو عوبەیدەی جەڕاح، مێژوویان بە ئاراستەیەکی پراگماتیکیدا دەبرد. ئەوان دەیانزانی بۆ مانەوەی ئەم دەوڵەتە گەنجە، پێویستیان بە هێزێکی ڕێکخراو و دەسەڵاتێکی ناوەندیی توند هەیە. عومەری کوڕی خەتاب کە ئەقڵە داڕێژەرەکەی ئەم بەرەیە بوو، ئاشكرا دەیگوت دەبێت دەسەڵات لە بازنەی بنەماڵەیی بێتە دەرەوە بۆ ناو بازنەی خێڵە گەورەکان، تا سەقامگیری بێتە ئاراوە. خالیدی کوڕی وەلید وەک شمشێری ئەم دەسەڵاتە، نیشانەی ئەوە بوو کە چیتر زمان، زمانی بانگەواز نییە، بەڵکو زمانی فەتح و داگیرکارییە. موغێرەی کوڕی شوعبە و عوسمانی کوڕی عەفانیش، پارسەنگی ئەو هاوکێشەیەیان ڕادەگرت کە دەیویست ئیسلام لە بزووتنەوەیەکی ڕوحییەوە بگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی ئیمپراتۆری. ناکۆکییەکە لێرەوە قووڵتر دەبووەوە، کاتێک ئەسید کوڕی حوزەیر و بەشیر کوڕی سەعد، وەک نوێنەرانی ئەنسار، یەکڕیزیی ناوخۆیی خۆیان تێکدا تەنیا بۆ ئەوەی لە پەراوێزی دەسەڵاتی قوڕەیشدا شوێنێکیان دەست بکەوێت. ئەمە ئەو ساتەیە کە عەقڵ دەگۆڕێت بۆ فێڵ و باوەڕ دەگۆڕێت بۆ تاکتیک.

   کارەساتەکە کاتێک گەیشتە لووتکە کە بابەتەکە تەنیا لەسەر کورسیی دەسەڵات نەما، بەڵکو دەستی بۆ ژیانی تایبەتی و پیرۆزییەکانیش درێژ کرد. چیرۆکی فەدەك و داواکارییەکەی فاتیمە، یەکێکە لە قووڵترین تراژیدیاکانی مێژوو. کاتێک کچی پێغەمبەر داوای میراتی باوکی دەکرد، داوای پارچە زەوییەک و داوای شوناسی شەرعیی خۆی و بنەماڵەکەی دەکرد. ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە لە لایەن ئەبوبەکرەوە بە بیانووی فەرموودەیەکی گوماناوی، گورزێکی کوشندە بوو لە ڕوحی فاتیمە. لێرەدا دەبینین چۆن یاسا و دەقەکان بۆ بێبەشکردنی خاوەن مافەکان بەکار دەهێنران. فاتیمە بەم نائومێدییە گەورەیەوە، نەک هەر لە دەسەڵات، بەڵکو لەو کۆمەڵگەیەش دابڕا کە بە بێدەنگی سەیری زوڵمەکانیان دەکرد. عەلی شەریعەتی بە جوانی ئاماژەی بەوە کردووە ئازارەکانی فاتیمە تەنیا ئازاری جەستەیی نەبوون، بەڵکو ئازاری بینینی هەڵوەشانەوەی ئەو هەموو بەهایانە بوو کە باوکی تەمەنی خۆی بۆ بەخشیبوو. فاتیمە بەو خەمەوە مرد کە بینی چۆن ئەو دەستانەی پێشتر لە بەردەم باوکیدا دەلەرزین، ئێستا بە بێشەرمی دەرگای ماڵەکەی دەسووتێنن و مافەکانی زەوت دەکەن.

   مردنی فاتیمە کۆتایی پەناگەیەک بوو بۆ عەلی. عەلی کە خۆی وەک شاخێکی خۆڕاگر و بێدەنگ دەبینی، لە دوای فاتیمە تووشی گۆشەگیرییەکی مێژوویی بوو. ئەو وەسیەتەی فاتیمە کە نابێت ئەوانەی زوڵمیان لێکردووە ئامادەی ناشتنی بن، گەورەترین ناڕەزایەتیی سیاسی و ئەخلاقی بوو کە لە مێژوودا تۆمار کرابێت. گۆڕە ونبووەکەی فاتیمە تا ئێستاش وەک نیشانەیەکی پرسیار بە ڕووی مێژووی سووننە و دەسەڵاتی خەلافەتدا ماوەتەوە. ئەم بێدەنگییەی شەو، کاتێک عەلی تەرمە ناسکەکەی فاتیمەی دەسپارد بە خاک، دەنگی هەموو ئەو غەدرانە بوو کە لە داهاتوودا بەرانبەر بە ئازادی و ڕاستی دەکران. لێرەوە ئایینی ئیسلام کرا بە قوربانیی یارییەکی سیاسیی بێبەزەییانە. ئەوەی دواتر دەست پێدەکات، چیتر ئیسلامی محەمەد نییە، بەڵکو ئیسلامی جێنشینەکانە کە بەرژەوەندیی دەوڵەت لە سەرووی هەموو دەقێکی ئاسمانییەوەیە.

    کەسایەتییەکی وەک سەعد کوڕی عەبادە کە سەرۆکی هۆزی خەزرەج بوو، کاتێک بینی چۆن ڕێککەوتنەکان لە پشت پەردەوە دەکرێن، ئامادە نەبوو بەیعەت بدات. ئەو نەک هەر بەیعەتی بە ئەبوبەکر نەدا، بەڵکو لە سەردەمی عومەریشدا لەسەر هەمان هەڵوێست مایەوە و بۆ شام سەری هەڵگرت. کوژرانی تەمومژاویی كوڕی عەبادە  لە غەریبیدا، یەکەمین تیرۆری سیاسیی دەسەڵاتی نوێ بوو کە ویستی هەموو دەنگە ناڕازییەکان کپ بکات. مێژوو پێمان دەڵێت لەرزین و لێكترازانی دیوارەکانی مەدینە، تەنیا سەرەتایەک بوو بۆ داڕمانی کۆی ئەو پێکهاتە ئەخلاقییەی کە پێغەمبەر خەونی پێوە دەبینی. ئەو درزو لێكترازانەی لە ساڵی نۆیەم و دەیەمدا دروست بوو، لە سەردەمی خەلافەتدا بوو  دیوارەكەی رووخاندو، تا ئەمڕۆش و تا هەتایەش دروست ناكرێتەوە.

  ئێستا کە سەیری ئەو ڕابردووە دەکەین، دەبینین چۆن ئایین لە ناو دەستی میر و ئەمیر و خەلیفەکاندا كراوە بە کاڵایەکی بازرگانی. دابەشبوونی ئیسلام بۆ دەیان مەزهەب و لێکدانەوەی دژبەیەک، پاشماوەی ئەو شەڕی دەسەڵاتەیە کە لە ژوورە تاریکەکانی مەدینەدا دەستی پێکرد. هەر مەزهەبێک هەوڵ دەدات خودایەک بۆ خۆی دروست بکات کە ڕەوایی بدات بە جەنگ و تاڵانییەکانی. حوكمڕانییەک کە بە ناوی پیرۆزییەوە دەست پێدەکات و بە دزی و زوڵم کۆتایی دێت، بەرهەمی ئەو ساتە وەختەیە کە ئەقڵی سیاسی جێگەی ڕۆحی ئایینی گرتەوە. ململانێی نێوان عەلی و عومەر بە پلەی یەكەم، ئینجا ئەوانی دی كە بەرەی بەرانبەر عەلی بوون، تەنیا ململانێی دوو گروپ نەبوو، بەڵکو ململانێی نێوان حەقیقەت و واقیع بوو. عەلی دەیویست حەقیقەت لە ناو واقیعدا بپارێزێت، بەڵام عومەرو هاوبیرەكانی دەیانویست واقیع بە ناوی حەقیقەتەوە پیرۆز بکەن. ئەمە ئەو تەڵە مێژووییەیە کە مرۆڤایەتی تا ئێستاش لەناویدا دەتلێتەوە.

  ئیسلام وەک پەیامێکی ڕزگاریخواز، لە ژێر کێشی قورسی سیاسەتدا چەماوەتەوە. ئەو مێژووەی بۆمان دەگێڕنەوە، زۆربەی کات مێژووی سەرکەوتووەکانە، نەک مێژووی حەقیقەت. بۆ تێگەیشتن لەوەی چی ڕوویدا، دەبێت سەیری چاوە پڕ لە فرمێسکەکانی فاتیمە و بێدەنگییە کوشندەکەی عەلی بکەین لە کاتی ناشتنی پێغەمبەردا. ئەو غەدرەی لە کچی پێغەمبەر کرا، تەنیا زوڵمێک نەبوو لە ئافرەتێک، زوڵم بوو لە داهاتووی ئایینێک کە بڕیار بوو دادپەروەری بێنێت، بەڵام خۆی بوو بە سەرچاوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ستەمکارترین دەسەڵاتەکان لە مێژوودا. لێرەوەیە دەڵێین دیواری مەدینە نەک هەر درزی تێ كەوتبوو، بەڵکو رووخا و لە ژێر داروپەردەکەیدا، جەوهەری ئایینیش نێژرا.

  تێپەڕبوونی زیاتر لە چواردە سەدە بەسەر چركەساتی دابەزینی یەكەمین وەحی، بۆ ئێمەی كورد كۆچێكی درێژخایەنی ڕۆحی و نەتەوەییە بەرەو ناو جیهانبینییەك كە هێشتا لە قووڵاییەكانیدا نامۆین. لەو ڕۆژەوەی كوردستان لە سەردەمی عومەری كوڕی خەتابدا كەوتە ژێر ڕكێفی ئەم ئایینە نوێیەوە، ئێمە وەك نەتەوەیەك هەمیشە لە ناو جۆرێك لە پارادۆكسی بووندا ژیاوین. ئامادەین لە پێناوی ناو و شوناسی ئاییندا بچینە ناو خوێناویترین جەنگەكان و وەك ئەوەی دەڵێن كوچك لە ئاگر گەرمتر بێت، بەرگری لە پیرۆزییەكان بكەین، كەچی لە هەمان كاتدا لە ئاستی مەعریفیدا لە ناو بێدەنگییەكی كوشندەداین. ئەم بێئاگاییە لە مێژووی دروستبوونی درزەكان، لە ململانێی خوێناوی نێوان جەمسەرەكانی دەسەڵات لە مەدینە، وای كردووە ئایین بۆ ئێمە تەنیا ببێتە كۆمەڵێك دروشمی بێ ناوەڕۆك. نەزانینی وردەكاریی ئەو ململانێیەی كە لە نێوان باڵی سیاسیی ئەبوبەكر و عومەر و ئەبووعوبەیدە لە لایەك، و باڵی ڕوحی و بنەماڵەیی عەلی كوڕی ئەبووتاڵیب لە لایەكی دیكەوە هەبوو، وای كردووە كورد نەتوانێت پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە ناو ئەم هاوكێشە مێژووییەدا بدۆزێتەوە.

  ئەو سێ ڕۆژ و دوو شەوەی كە جەستەی پێغەمبەر بە تەنیا مابووەوە، گەورەترین شەرمەزاریی مێژووی سیاسیی ئیسلامە. لە كاتێكدا عەلی و فاتیمە خەریكی شۆردن و كفنكردنی ڕوحی مەدینە بوون، هاوەڵانی تر لە ژێر كەپری بەنی ساعدە خەریكی دابەشكردنی كێكی دەسەڵات بوون. ئەمە ئەو ساتە وەختەیە كە تێیدا ئایین وەك پەیامێكی گەردوونی كۆتایی هات و ئایین وەك دامەزراوەیەكی حوكمڕانی دەستی پێكرد. ناشتنی بێدەنگ و شەوانەی پێغەمبەر و دواتر فاتیمە،كە ئەویش بە بێدەنگی و بە شەو نێژرا، هەردووكیان پاوك و كچ(محەمەد و فاتیمە) دوور لە هەموو مەراسیم و رێورەسمێكی ئایینی و بە شەو نێژران!!  هێمایەكە بۆ ئەوەی كە حەقیقەت لە ناو ئەم سیستمە نوێیەدا جێگەی نابێتەوە و دەبێت لە تاریكیدا بشاردرێتەوە.

   ئەمڕۆ كە سەیری جیهانی ئیسلامی دەكەین، پاشماوەی ئەو هەرەسە دەبینین كە لە ساڵی یازدەهەمی كۆچییەوە دەستی پێكرد. ئایینێك كە بڕیار بوو مرۆڤایەتی یەك بخات، ئێستا بووەتە كۆمەڵێك مەزهەبی دژبەیەك، دەیان ئەمیر و سەركردە كە هەریەكەیان بە ناوی خوداوە خەریكی تاڵان و دزی و شەڕی ناوەخۆو هەرێمین. ئەوەی ئێستا دەیبینین، بەرهەمی ئەو پەڕاوە نەفرەتلێكراوەیە كە لە ناو كەعبەدا بۆ دوورخستنەوەی حەقیقەت لە ناوەندی بڕیار نووسرا. سیاسەت نەك هەر ئایینی كوشت، بەڵكو پیرۆزییەكانیشی كردە ئامرازێك بۆ شەرعییەت دان بە زوڵم. كورد وەك نەتەوەیەك كە لە پەراوێزی ئەم مێژووەدا بووە، پێویستە بە دیدێكی فەلسەفیی قووڵەوە سەیری ئەم ڕووداوانە بكاتەوە. ناكرێت ئێمە تەنیا پاشكۆیەكی بێدەنگی مێژوویەك بین تەنانەت كچی پێغەمبەریش تێیدا غەدری لێكراوە. تێگەیشتن لە ئازارەكانی فاتیمە و تەنیاییەكەی عەلی، تەنیا تێگەیشتنێكی ئایینی نییە، بەڵكو تێگەیشتنێكی مرۆیی و سیاسییە بۆ ناسینی ئەو میكانیزمانەی كە دەسەڵات لە ڕێگەیانەوە پیرۆزییەكان بۆ مەرامی خۆی بەكار دەهێنێت. كاتێك دیوارەكانی مەدینە داڕمان، مێژوو كەوتە ناو زۆنگاوێكەوە كە تەنیا بە گەڕانەوە بۆ جەوهەری ئەقڵ و دادپەروەری لێی ڕزگار دەبین.