شارپرێس:
لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تیشکدەخاتەسەر ململانێ سەربازییەکانی
ئێران، لەپەنای ئەو جەنگەدا سوپای پاسداران سوپایەکی نادیاری لەژنانو کچان بەناوی
سێنونەکان ئامادەکردوە کە چەکەکەیان نە موشەکەو نە درۆن، بەڵکو تەڵەی سۆزدارییو
نزیكبونهوهیه لهسیاسییهكان بۆ ڕاوکردنی ئەو نەیارانەی تاران کە ساڵانێکە لەئەوروپاو
وڵاتانی دراوسێ نیشتەجێن، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش دهڵێت، "ژنە سێنونەکان هەڵمەتێکی
بەرفراوان بۆ سیخوڕیی، ڕفاندنو تیرۆرکردنی نەیارەکانی لەدەرەوەی وڵات دەستپێکردوە".
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی كهناڵى (حوڕه) کە پشتى بەسەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنی
ئێرانیو بەرپرسانی ئەمنیی حزبە کوردییەکان بهستوه، سوپای پاسداران لەچەند مانگی
ڕابردودا پرۆسەی ناونوسکردنو مەشقپێکردنی کچانو ژنانی چڕکردوەتەوە، ئەو یەکانە ئەرکی
سەرەکییان ئەنجامدانی (تەڵەی هەنگوین)ە، واتە نزیکبونەوە لەکەسایەتییە سیاسییەکان،
دیپلۆماتەکانو نەیارانی ڕژێم بەمەبەستی ڕاکێشانیان بۆ ناو پەیوەندیی سۆزدارییو
پاشان وێنەگرتن، ڕاوکردنی زانیاریی یان ڕفاندنیان بۆ ناو ئێران.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ژنانە هیچ بارەگایەکی دیاریکراویان
نییە، بەڵکو لەژێر ناوى (کۆچبەر یان پەنابەر) ڕەوانەی وڵاتانی ئەوروپاو تورکیا دەکرێن،
ئەوان دزە دەکەنە ناو ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنو بازنە سیاسییەکانی
ڕۆژئاوا تاوەکو کاریگەری لەسەر بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر تاران دروستبکەن.
یەکێک لەدیارترین نمونەکانی کاری ئەم یەکەیە، ڕفاندنی (حەبیب فەرەجوڵڵا
کەعب) سەرۆکی بزوتنەوەی خەبات بوو لەساڵی 2020 کە لەڕێگەی ژنێکەوە لەسویدەوە بۆ
تورکیا ڕاکێشراو لەوێ بێهۆشکراو گواسترایەوە بۆ ئێرانو لەساڵی 2023 لەسێدارەدرا،
هەروەها دۆسیەی (نەسیمە نەعامی) کە لەساڵی 2018 لەگەڵ هاوسەرەکەی لەپیلانێکی تەقاندنەوە
لەپاریس دەستگیرکران، وەک بەشێک لەم یەکەیە ئەژماردەکرێن.
پرۆسەی دروستکردنی (ژنە سێنونەکان) لەهێزەکانی بەسیجەوە دەستپێدەکات،
دوای پشکنینی وردی پێشینەی خێزانیو دڵسۆزییان بۆ ڕژێم، فەیلەقی قودس هەڵیاندەبژێرێت،
ئەم ژنانە لەکۆمەڵگەی نیشتەجێبونی داخراوو لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا مەشقیان
پێدەکرێت، کە بریتین لەفێربونی زمانە بیانییەکانو ئیتیکێتی کۆمەڵایەتی، تەکنیکەکانی
هەڕەشەو بەکارهێنانی ئامێری سیخوڕییو وێنەگرتنی شاراوە، مەشقە سەربازییەکانو هێرشی
ئەلیکترۆنی.
ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی ئەمدواییەی لیوا ئەمیر حاتەمی
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران کە ڕایگەیاندبوو، بڕی 30 هەزار دۆلار خەڵات دەدەنە هەر
کەسێک سەربازێکی ئەمریکی بکوژێت یان دەستگیری بکات، جەختیشیکردەوە، ئەگەر "ژنێکی
ئێرانی" ئەوکارە بکات، خەڵاتەکەی دەبێتە دوو هێندە (60 هەزار دۆلار).
لهوبارهیهوه مەهدی عەقبائی چالاکوانی سیاسیی دەڵێت، "جێگەی
سەرسوڕمانە ڕژێمێک کە لەناوخۆدا ژنان دەچەوسێنێتەوەو لەسەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشیاندەکات،
هەمان ئەو ژنانە وەک ئامرازێکی ئەمنیی بۆ پاراستنی مانەوەی خۆییو سەرکوتکردنی نەیارەکانی
لەدەرەوەی وڵات بەکاردەهێنێت".
