د.هێمن میرانی: یەکێتیی ڕێگرە لەجێبەجێکردنی پڕۆژەیه‌كى حكومه‌ت لەسلێمانی‌و هەڵەبجە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3068 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی حكومه‌تى هەرێم ئاشكرایده‌كات، جیاکارییەک لەجێبەجێکردنی بڕیارەکان له‌هه‌رێمى كوردستان دروستبوە؛ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى دیوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌ڵێت، "لەکاتێکدا هەولێرو دهۆک دەچنە سەردەمی دیجیتاڵ، لەسلێمانی‌و هەڵەبجە بەهۆی ڕێگری سیاسیی یه‌كێتیه‌وه‌، هەمان بڕیار جێبەجێناکرێت".


د.هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم تیشکیخستەسەر ئاستەنگە سیاسییەکانی بەردەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتەکەیان‌و ڕایگەیاند، "ناکۆکییە سیاسییەکان گەیشتونەتە ئاستی پەکخستنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان بۆ هاوڵاتییان لەسنوری سلێمانی‌و هەڵەبجە".

میرانی ئاشکراشیکرد، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەفەرمی ڕێگریدەکات لەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە داخڵی پڕۆگرامی (KRDPASS) بکرێن، ئەمەش بەو مانایەیە کە لەئێستادا تەنها شۆفێرانی هەولێرو دهۆک دەتوانن لەڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە سزا داراییەکانیان ببینن‌و لەڕێگەی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە بیاندەن، به‌ڵام شۆفێرانی سنوری سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌ لەم خزمەتگوزارییە بێبەشکراون".

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ڕوداو جەختیکردەوە، "هۆکاری ئەم ڕێگرییە تەکنیکی نییە، بەڵکو سیاسییە، دەبێت هۆکارەکەشی لەبەرپرسانی یەکێتیی بپرسرێت، تەنها ئەوەندەی ئێمە بزانین ئەوەیە کە بڕیارەکە سیاسییەو ڕێگەنادەن خزمەتگوزارییەکان لەسلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌، هاوتای هەولێرو دهۆک جێبەجێبکرێن".

سەبارەت بەبڕیاری وەزارەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانیش، د.هێمن میرانی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، "جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە لەسنوری سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و گەرمیان‌و ڕاپەڕین، پەیوەندیی بەتەمبەڵی تیمەکانی وەزارەتەوە نییە، تیمەکانی ئێمە لەو سنورانە باشترین تیمن‌و بەبێ جیاوازیی کاردەکەن، بەڵام بارودۆخی سیاسیی‌و ئەمنی لەوێ زۆر جیاوازەو ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساو بڕیارەکان".

چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه‌، لێدوانە نوێیەکانی بەڕێوەبەری گشتیى دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژەیەکی ڕونن بۆ قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار کە ئەمجارە ڕاستەوخۆ کاریکردوەتەسەر ژیانی ڕۆژانەی شۆفێران‌و سیستەمی هاتوچۆو ئەمنیی ناوچەکە.