هەرێم یاری بە ئەژمارەكانی تایبەت بەهەناردەكردنی نەوت دەكات

عیراق

01/08/2019‌ 1123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عودەی عەوواد پەرلەمانتاری لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەڵگەنامەیەكی خستووەتەڕوو، تێیدا ئەوەی دەرخسووە چۆن هەرێمی كوردستان یاری بە ئەژمارەكانی تایبەت بە هەناردەكردنی نەوتی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لەرێگای بۆری نەوتی جەیهانی توركییەوە .

عەوواد لەكاتی میوانداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی تەلەفزیۆنی "دیجلە" وتی: بەڵگەنامەیەكم لایە كە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە دەرچووە تێیدا ئەوە ئاشكرادەكات، كە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان یاری بەعەددادەكانی تایبەت بە هەناردەكردنی نەوتی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەهێڵی نەوتی جەیهانی توركییەوە دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: رۆژی ٢٤ی ئازاری رابردوو كاتژمێر ١٢ی شەو تا ٤ی بەیانی دەسەڵاتدارانی هەرێم عەددادەكانی زانینی بڕی ئەو نەوتەی لەڕێگای بۆرییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێت راگیراون ، كە ئەوەش پێشێلكارییەكی ئاشكرای هەموو ئەو ڕێكەوتنانەیە، كە لەنێوان هەرێم و بەغدادا هەیە ، جگە لەوەی سەرپێچییەكی زەقی ئەو یاسایانەیە ، كە پارێزگاری لە سەروەت و سامانی گەلی عێراق دەكەن.

عەوواد ئەوەش دەڵێت: بەڵگەنامەیەكی تر هەیە ئەوە دەسەلمێنێت هەرێمی كوردستان لەناوچەیەكەوە رۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات ، بەڵام لەتۆمارەكان تەنیا نووسراوە ٣ هەزار بەرمیلی رۆژانە .

پرسی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، كێشەی نێوان هەولێرو بەغداو بەو هۆیەشەوە ئاڵۆزی دروست بووەو ماوەیەكیشە چەند هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوانیان چارەسەربكرێت.

پێشتریش موختار موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح بەرپرسیارییەتی پابەند نەبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە رێكەوتننامەی نەوتی نێوان هەردوولای  خستە سەر شانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

موسەوی لەلێدوانێكیدا ئەوەی راگەیاند، كە ئەركی حكوومەتە گوشار بخاتە سەر هەرێمی كوردستان بەوەی پابەندی جێبەجێكردنی بەندەكانی بودجە بێت ، بەتایبەت لەسەر بابەتی ڕێكەوتننامەی نەوتی، كە ئەوە ئۆباڵی جێبەجێنەكردنی لەسەر شانی سەرۆك وەزیرانە.

هەروەها رۆژی ١١ی تەمووزی ئەمساڵ، عودەی عەواد پەرلەمانتاری كوتلەی سادیقوونە وتی: بێدەنگی لەئاست بەتالانبردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ناپاكییە ، هەروەك داوای لە عادل عەبدولمەهدی كرد وەكو یەك یاسا بەسەر هەموو لایەكدا جێبەجێ بكات  تەنانەت ئەگەر ئەوە پێویستی بە بەكارهێنانی هیزیش بێت .

لەوەتەی لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٨ ، عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیری عێراقی گرتووەتە دەست، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا تائاستێكی باش بەرەو باشبوون چووە، كە بەشێكی زۆری چاودێران هۆكاری ئەوە بۆ ئەو پەیوەندییە بەهێزە دەگێڕنەوە، كە لەنێوان  سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان هەیە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی