زانیاری لەسەر هەوڵەكانی بەغداو هەولێر بۆ چارەسەری كێشەكان

عیراق

08/08/2019‌ 1825 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
سەرچاوەیەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، كە گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا سەبارەت بە رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی ناوەندی لەبەرانبەر ناردنی پشكی تەواوەتی هەرێم لەبودجە نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی .

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە دوای سەردانی شاندی حكومەتی عێراق بۆ هەولێر ، دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبەرانبەر رادەستكردنی نەوت كۆمەڵێك مەرجیان هەبووە، وەك ناردنی تەواوەتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ سێ موچەی ساڵی رابردووی فەرمانبەران و پێدانی شایستە داراییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە، لەبەرانبەریشدا شاندەكەی بەغدا وتوویانە دەبێت لەكاتی گەرانەوەیان بۆ بەغدا ئەو بابەتە لەگەڵ عادل عەبدولمەندی سەرۆك وەزیران تاوتوێبكەن.

بەقسەی سەرچاوەكە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دوو لیژنەی دروستكردووە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، كە یەكێكیان تایبەتە بە دۆسیەی نەوت و دارایی، پێشبینیشیكردووە دوای جەژنی قوربان شاندێكی باڵای حكومەتی فیدراڵی بۆ تەواوكردنی دانوستانەكان و رێكەوتنی كۆتایی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

رۆژی سێشەممە ١٦ی تەمموزی ٢٠١٩ ش سەرچاوەیەك باسی لەوە كرد، كە مەسرور بارزانی پێشنیازێكی نوێی بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا پێشكەش كردووە، كە بەقسەی ئەو سەرچاوەیە گفتوگۆكانی نێوان مەسرور بارزانی و سەرۆك وەزیری عێراق زیاتر بۆ قسەكردن بووە لەسەر دۆسیەی نەوت و یەكلاییكردنەوەی بابەتی بودجە .

سەبارەت بەپێشنیازەكەی مەسروور بارزانی ئەو سەرچاوەیە ئاشكرایكردووە، سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشنیازی ئەوەی كردووە، هەولێر رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق (سۆمۆ) بكات ، لەبەرانبەردا بەغدا مانگانە ٨٨٠ ملیار دینار وەك موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رەوانە بكات.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، بارزانی لەكاتی گفتوگانیدا لەبەغدا رایگەیاندووە، بەغدا مانگانە تەنیا  ٤٤٣ ملیار دیناری رەوانەی هەرێم كردووە، بۆیە حكومەتی هەرێمیش بەناچاری نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە یا بتوانێت موچەی فەرمانبەرانی پێبدات.

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە دۆسیەیەكی تر بریتی بووە لەكاراكردنەوەی پێنج لیژنە هاوبەشەكەی نێوان هەرێم و بەغدا، كە لەسەردەمی سەرۆك وەزیرانی نێچیرڤان بارزانی بۆ كەركوك و ناوچەكێشە لەسەرەكان دروستكرابوون، بەڵام دواتر ئەم لیژنانە لەكاركردن وەستان و چیتر هیچ راپۆرتێكیان ئامادە نەدەكرد و وەك لەسەریشی رێككەوتبوون مانگانە كۆنەدەبوونەوە.

دواین دۆسییەش، كە كە مەسرور بارزانی قسەی لەسەر كردووە ئەوە بووە، بەغدا خۆی سەرپەرشتی یەكلاییكردنەوەی ناونان و یەكلاییكردنەوەی پۆستەكانی كەركوك بكات و كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان پێكهاتەكانی شارەكە یەكلایی بكاتەوە.

ماوەیەكە لەسەر چەند دۆسییەك لەنێوان هەرێمی كوردستان عێراق كێشە هەیەو دیارترین كێشەش كێشەی نەوت‌و داراییە، كە بەم دوایانە هەوڵەكان چڕكراوەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشانە بكەن.

هـ ـ ح