هەنگاوەكانی پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن چی بەسەر جبەخانەی ئەتۆمی روسیا دێنێت؟

جیهان

19/08/2019‌ 1604 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە ئەلیكساندەر پراتیرسكی راپۆرتێكی لە (غازیتا رو) نووسیوە دەربارەی خۆپڕچەككردنێكی مەترسیدار لەلایەن ئەمریكا و روسیاوە.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەمریكا بەدوای هۆكاردا دەگەرێت تا لە پەیماننامەی (ستارت 3) بكشێتەوە، ئەگەر كاركردن بەو پەیماننامەیە بوەستێت، دۆخە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت و دەبێتە مایەی چالاكبوونەوەی جبەخانە ئەتۆمییەكان. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لەم دۆخەدا، سەربازیەكان هەوڵی ئەوە دەدەن دەسەڵاتدارە مەدەنییەكان رازی بكەن بە پێویست بوونی چەكی نوێی و جۆاروجۆر بەناوی بەرگری كردنەوە.

لەو بارەیەوە، گەورە راوێژكار لە پەیمانگەی ئابری جیهانی و پەیوەندی نێودەوڵەتی سەر بە ئەكادیمیای زاستەكانی روسیا (سیرگی ئۆزنوبیشیف) دەڵێت: پێویست ناكات دەربارەی خۆپڕچەككردن بدوێین، ئەوە وەك ئەوەی هەیە بەڕێوەدەچێت، ئێمە رووەو هەنگاوێكی فراونتر دەڕۆین و ئاماژەی بۆ ئەو چەكە نوێیانە كرد، كە روسیا دروستیان دەكات و ئەمەش بێ وەلامدانەوە نابێت.

ناوبراو ئەوەشی وت: زۆرینە داوای ئەوەی دەكات چەكی ئەتۆمی سنوردار بكرێت‌و بەشێوەیەكی وردە وردە جبەخانەی هەردوولا كەم بكرێتەوە. بەڵام پەنا بردن بۆ نموونەی ئەو سیناریۆیە خۆی لە داڕشتنی روونەدانی جەنگی ئەتۆمیدا دەبینێتەوە، كە روسیا ماوەیەك لە مەوپێش بیرۆكەی ئەم جۆرە رێكارەی خستە روو، بەڵام لە واشنتۆن پشتیوانی لێ نەكرا.

بەگوێرەی قسەی راوێژكارەكە، ئەوەی بەلای ترامپەوە گرنگە دەرخستنی سەركەوتنێتی بەسەر روسەكانەوە، لە ئێستادا ترامپ شەڕی سەرۆكایەتی دەكات بۆ خولی دووەم، لەم دوایەشدا رایگەیاند واشنتۆن رێككەوتنێك بۆ رێكخستنی خۆپڕچەككردن لەگەڵ مۆسكۆ واژوو دەكات.

بیرۆكەی بنەڕەتی لای ترامپ راكێشانی وڵاتی چینە بۆ نێو رێككەوتنێكی ئەتۆمی نوێ لەگەڵ روسیا، لە پەكین وای دەبینن بەرژەوەندییان لەم بابەتەدا نییە، لەگەڵ ئەوەی جبەخانەی ئەتۆمی چین بەراورد ناكرێت بە جبەخانەكانی ئەمریكا و روسیا.

بەلای ترامپەوە، هەوڵدان بۆ سنورداركردنی چین لە هەموو بوارێكدا بەشێكە لە سیاسەتی سەرەتاكانی سەرۆكایەتی ئەو. پاشان پەیماننامەیەكی نوێ لە جێگای پەیماننامەكانی تر بەرجەستە بكات، وەك هەلێك بۆ ئەوەی بچێتە نێو مێژوەوە، هەروەك هەردوو سەرۆك رێگان و گورباتشۆف ئەنجامیاندا؛ بە واژۆ كردنیان لە داماڵینی رۆكێتە ناوەند و كورت مەوداكان.

لە كۆتاییدا راوێژكارەكە دەڵێت: بەدووری نازانم ئەمە روو بدات، چونكە ترامپ كەسێكە بەرزە فڕی هەیە و دەیەوێ بچێتە مێژوەوە، لەگەڵ ئەوەی زانینی دەربارەی كاروباری سەربازی كەمە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا