كەسێكی سادەی ترسنۆكە.. ئایا داود ئۆغڵۆ دەبێـتە فریادرەس

جیهان

20/08/2019‌ 3003 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەبایەخەوە لە كۆششەكان داود ئۆغڵۆ دەڕوانرێت سەبارەت بەدامەزراندنی حیزبە سیاسییە‌ تازەكەی، گەلی توركیاش چاوەڕێیە چارەسەرەكە لای داود ئۆغڵۆ بێت و لە فەرمانڕەوایی تاكگەرایی چەند ساڵەی رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕزگاریان بكات.

ئاشكرایە، ئەردۆغان بوو بە سەرۆك كۆمار، داود ئۆغڵۆ زاڵ بوو بەسەر ڕێڕەووی سەركردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان، ڕۆڵێكی باڵاشی هەبوو لەپلاندانان بۆ ئەو قۆناغە هزرییە سیاسییەی ئەو كات لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسەت نێودەوڵەتی دەیگێڕا، هەروەها ڕۆڵی هەبوو لە دانانی وەزیر و ڕاوێژكارەكان، بە واژوو ئەو دادەنران، زۆر یاسا پیادەكران، كە ژیانی خەڵكیان تاریك و لێڵكرد، ئێستا دەكرێت چاوەڕێ لە هەمان كەس بكەین برینەكانی توركیا سارێكات؟

ئۆغڵۆ كەسایەتییەكی كاریكاتیرییە، كەسایەتییەكە دەجوڵێت‌و هەست بەوەش ناكات، كە دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە، یان لێپێچینەوە لە‌خۆی بكات لەوەی پێشووتر كردوویەتی، پێیوایە گەل لەو كاروكردەوانەی خۆش دەبێت و دووبارە لە ئامێزی دەگرنەوە.

سەبارەت بە وڕێنە هزرییەكانیشی لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی، "ئەومیت كیفانج" لە پەرتووكەكەیدا بەوردی باسی لێوە كردووە، ئەو هەر بەو وڕێنانەوە نەوەستا، كە توركیای گەیاندە لێواری هەڵدێران، ئەو بەشداریش بووە لەو كوشتارەی گەلانی دەوروبەر تووشی هاتوون و ئاوارە و دەربەدەریش بوون، هەلیشی بۆ گروپەكانی مافیا تاوانكارەكان ڕەخساند، كە دەستبەسەر ناوچەكەدا بگرن.

 ‌ئۆغڵۆ بەڕێوەبەری جیبەجێكاری ڕاستەقینەی ئەو كۆشتن و بڕینەیە و لە كردەی "پڕۆسەی خەندەق" دەستی بەخوێنی بێتاوانان سوروە. ئەو تەنیا بوكەڵەیەك بوو، لەسەر كورسی سەرۆكایەتی وەزیران دایان نابوو.

ئۆغڵۆ كەسێكی سادەی ترسنۆكە، خاوەن دیدگایەكی ڕاست و ڕەوان نییە، سەرباری ئەوەش زۆر هەڵمەتی ڕەگەزپەرستانەی ئەنجامداون، كە هەستی پەرتبوون و دابەشبوونی لێكەوتوونەوە، ئەو كات لە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەكاندا هێزەكانی سوپا و پۆلیس لە پشتییەوە بوون.

بۆیە ئۆغڵۆ جارێكی دیكە لەسەر كورسی سەرۆكایەتی وەزیران دانانیشێتەوە، دەبێت دان بەو كارە خراپانەدا بنێت، كە كردوونی و چاوی لێ پۆشیوون.

ئەوان‌ دەوڵەتییان خەساند و هیچیان بۆ هاووڵاتییان نەكرد، دەستیان بە خوێنی بێ تاوانەكان سوور بووە، بەشدارن لەشاردنەوەی‌ ڕاستی رووداوەكان، لە داخستنی ڕۆژنامەكان و گرتنی ستەمكارانەی كەسانی بێ تاوان.

بۆیە دەبێت تۆ دادگاییەكی دادپەروەرانە بكرێیت، بەلایەنی كەمەوە ئازایەتی خۆت دەرخە و بەسەر ترسی ڕابردووتدا زاڵ بە.

پێگەی ئەلەكترۆنی : ئەحوال توركیا 
نووسینی : هایكۆ باغداد
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر