لەهەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا
ئۆغڵو و گویل لەسەركارلابردنی شارەدارە كوردەكان رەتدەكەنەوە

کوردستان

20/08/2019‌ 2475 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدوڵڵا گویلی سەرۆك كۆماری پێشووی توركیا و ئەحمەد داود ئۆغلووی سەرۆك وەزیری پێشووی ئەو وڵاتە بەتوندی رەخنەیان لەبڕیاری حكومەتی پارتی دادوگەشەپێدان بۆ لەسەركارلابردنی سەرۆك شارەوانییە كوردەكان گرت‌و ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد، كە ئەو بڕیارە لەگەڵ بنەما دیموكراتییەكان نایەتەوە .

ئەحمەد داود ئۆغڵو لە زنجیرە تویتێكدا لەو بارەوە نووسیویەتی: ئەو بریارە یارمەتی ئاشتی كۆمەڵایەتی نادات و جەنگی دژی تیرۆر لاواز دەكات، خەباتی سیاسی دژ بە تیرۆر كاریگەرترە، بەڵام نەوەك لەرێگای كەمكردنەوەی نوێنەرایەتی دیموكراتی، بەڵكو بە بردنەوەی دڵی خەڵك  و بردنەوەی هەڵبژانردنەكان، لەسەركارلادانی سەرۆك شارەوانییە تازە هەڵبژێردراوەكان بڕیارێكی دروست نەبوو بۆ دیموكراتییەتی توركیا".

داود ئۆغڵو، كە پێشتر كەسێكی نزیك بووە لە ئەردۆغان باسی لەوەش كردووە، ئەگەر هەڵبژاردنی پاڵێوراوەكان دژی یاسایە، ئەوە دەبێت كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان چاو بەوەدا بخشێنێتەوە، بەدڵنیایی دەكرێت دوای هەڵبژاردنەكان رێوشوێنی پێویست دژ بە ئەو تاوانانە بگیرێتەبەر، كە پەیوەستن بە تیرۆرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت مەرجە یاساییەكان لەبەردەم دادگا دابنرێن .

رۆژی دوو شەممە بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا سەرۆك شارەوانییەكانی ئامەدو وان‌و مێردین لەپۆستەكانیان دوورخرانەوە، كە مانگی چواری رابردوو هەڵبژێران‌و عەبدوڵڵا گویلیش لەمیانی لێدوانێكی ئەو بڕیارەی رەتكردەوەو رایگەیاند، ئەوانە هەڵبژێراون‌و دەبێت لەپۆستەكانیان بمێننەوە.

ئەوەی بەلای چاودێرانەوە جێی سەرنجە ئەوەیە، كە ئەو دوو كەسە هاتوونەتە پاڵ لیستی ئەو كەسانەی رەخنەیان لەو بڕیارەی ئەردۆغان گرتووە، لەكاتێكدا پێشتر هەردووكیان لەژێر سایەی پارتی دادوگەشەپێدان هاوپەیمانی ئەردۆغاب بوون، بەڵام ئێستا وەك دوو سیاسی نەیاری ئەردۆغان دەردەكەون .

ئەو سێ سەرۆك شارەوانییەی لەسەركار لارداون سەر بەپارتی دیموكارتی گەلانن و پارتەكە رایگەیاندووە، بڕیارەكە لەسەر بنەمای هەواڵی درۆ و بەڵگەی نایاسایی لادراون، وەزارەت ناوخۆی توركیاش تۆمەتی بوونی پەیوەندی گوماناوی بەرێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە ئەو بریارەی دەركردووە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی