فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا فرۆكەكانی توركیا راودەنێن

جیهان

22/08/2019‌ 7227 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی دێبكای ئیسرائیلی، كە نزیكە لە دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتەوە بڵاویكردەوە، لەگەڵ پێشرەوییەكانی سوپای سوریا بۆ دەركردنی چەكدارانی سەر بەدەستەی ئازادكردنی شام لەشارۆچكەی ستراتیژی خان شێخون لەپارێزگای ئیدلب ، رۆژی ٢٠ی ئاب فرۆكە جەنگییەكانی توركیا لەجۆری F-16 بەسەر ئاسمانی شوێنی رووبەرووبوونەوەكاندا سووڕاونەتەوە، بەڵام  لەوكاتەدا فرۆكە جەنگییەكانی روسیا لە جۆری Su-35، كە لەبنكەی ئاسمانی حەمیم لەنزیك لازقییە هەستاون دەگەنە شوێنەكەو فرۆكەوانە توركەكان ئاگادار دەكەنەوە، كە شوێنەكە بەجێبهێڵن ئەگینا دەخرێنە خوارەوە .

سەرچاوە سەربازییە روسییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە لەپێگەكانی جێگیركردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئیس-٣٠٠" و "ئیس-٤٠٠"، كە لە حەمیم خراونەتە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، بەڵام دوای ماوەیەكی كەم لەدەركەوتنی فڕۆكە روسییەكان لەئاسمانی ناوچەكە، فڕۆكە توركییەكان بواری ئاسمانی سوریایان بەجێهیشتووەو پاشەكشەیان كردووە .

سەرچاوە سەربازییە رۆژئاواییەكان، كە چاودێری جەنگی ئیدلب دەكەن پێیانوایە ئەگەر جارێكی تر چەكدارانی دەستەی ئازادكردنی شام، ئەوانەی لەلایەن ئەنقەرەوە پاڵپشتی دەكرێن، جارێكی تر لەژێر زەبری هێزەكانی سوریا و روسیا پاشەكشەی زیاتر بكەن ، ئەوە ئەگەری گەرانەوەی فرۆكەكانی توركیا بۆ ناوچەكە هەیە، بۆیە مەترسی جەنگی ئاسمانی راستەوخۆی فرۆكە روسی و توركییەكان هەیە .

دواین رووبەڕووبوونەوەی ئاسمانی توركیا و روسیا چوار ساڵ لەمەوبەر بوو كاتێك فرۆكەیەكی توركیا لەجۆری  F-16  لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ فرۆكەیەكی هێرشبەری رووسی لەجۆری  Su-24Mی لەباكووری سوریا خستە خوارەوە، بەو هۆیەشەوە قەیرانێكی دیبلۆماسی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە درووست بوو، كە چەند مانگێكی خایاند ، تا ئەوكاتەی ئەردۆغان بەفەرمی داوای لێبووردنی لە روسیا كرد .

سەرچاوەكان دەشڵێن، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەقەد ئەوەی ئامادەیە لەپرۆسەی راستەوخۆدا رووبەرووی پۆتین ببێتەوە، بەقەد ئەوە سوورە لەسەر ئەوەی ئەو هەڵمەتەی سوریا و رووسیا بۆ سەر ئیدلب دەستیان پێكردووە شكست پێبهێنێت. 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەقیدێكی ناو یەكێك لە گروپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیا جەختیكردەوە، هێزێكی چەكداری توركیا پاڵپشتیان دەكات بۆ بەرگریكردن لە خان شێخون هاتوونەتە ناوچەكە، هەروەك بەپێی سەرچاوەكانی دێبكا ئەو هێزە میلیشیایەكی توركمانییە و لەژێر فەرمانی ئەفسەرە توركەكان شەر دەكەن.

هەروەها بەپێی راپۆرتەكانی پێشووتریش بۆردومانە ئاسمانییەكەی سوریا بۆ سەر كاروانەكەی سوپای توركیا شكستیهێناوە لەوەی كاروانەكە رابگرێت بەوەی نەچێتە شارۆچكەی موریك لەباكووری رۆژئاوای سوریا ، سەرچاوەكانیش باسیان لەوە كردووە، كە كاروانەكە ٥٠ ئۆتۆمبیلی سەربازی زرێپۆش بووە و پێنج تانكیشیان لەناودا بووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی