بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 1 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە

عیراق

24/08/2019‌ 1335 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
وەرگێڕان‌و ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر

پێگەی حوڕە بڵاویكردەوە
لە ساتە وەختی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستانی عێراق، بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان تا مانگی یۆلیۆ 2019 گەیشتووەتە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە.


پێگەی ناس بڵاویكردۆتەوە
ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمریكای بە دەست تێكەڵاوكردن لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار كرد، كە فڕۆكەی كۆنتڕۆڵكراوی هێناوەتە ناو عێراقەوە بۆ بۆمبارانكردنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی.

موهەندیس لەمیانی لێدوانێكی وتی: دوژمنانی عێراق حەشدی شەعبی بە ئامانج دەگرن، پێشتر داعشیان بۆ هێنانین و بەسەریاندا سەركەووتین. 

ئەو وتیشی: هەر جارە و بە بیانوویەك كەسایەتییە تێكۆشەرەكانی حەشدی شەعبی بە ئامانج دەگیرێن، جارێك بەوەی دەیانخەنە لیستی تیرۆرەوە و جارێكی دیكە بە بۆردومانكردنی بارەگاكانیان بە هۆی فڕۆكەی كۆنتڕۆڵكراوی پێشكەوتووەوە.

ناوبراو ئەوەشی وت: زانیاریمان هەیە، كە ئەمریكا لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە 4 فڕۆكەی ئیسرائیلی هێناونەناوەوە و لە چوارچێوەی كەشتیگەلی هێزەكانی ئەمریكادا كاردەكەن و هێرشی سەربازی دژ بە بارەگا سەربازییەكانی عێراق ئەنجام دەدەن.
 
باسی لەوەش كردووە، پلانی ئەوەشیان هەیە سەركردەكانی حەشدی شەعبی تیرۆر بكەن، وتیشی: ئێمە ئەمریكا لەم ڕووەوەوە بە بەرپرسیار دەزانین و لەمڕۆوە هەرچی ڕوو بدات لە ئەستۆی ئەوان دایە و بەوەی هەشمانە بەرگری لە خۆمان دەكەین، لێكۆڵینەوەكانمان تەواو بوون و ئەو ڕاستیانەمان بۆ دەركەوتوون، بە سەركردایەتی هێزە هاوبەشەكانمان ڕاگەیاندووە كە هەر فڕۆكەیەكی بیانی بەسەر بارەگای هێزەكانماندا بفڕێت، بە كردەوەیەكی دوژمنكارانەی لە قەڵەم دەدەین و بە هەموو جۆرێك ڕووبەڕووی دەبینەوە.

لەبەرانبەردا ئەمریكاش ئەو تۆمەتانەی حەشدی شەعبی ڕەتكردوونەوە و ڕایگەیاندووە، ئەوان بە گوێرەی ڕێككەوتننامەیەكی فەرمی لەگەڵ حكومەت لەسەر خاكی عێراقن

هەواڵە دزەپێكراوەكانیش باس لەوە دەكەن و ڕۆژنامەی شەڕقلئەوسەتیش ئاماژەی پێكردووە، كە ئەمریكا و ڕوسیا ڕێككەوتننامەیەكیان واژووەكردووە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات ئێران بە ئامانج بگرێت، بەو مەرجەی بە ئاشكرا ئەم هێرشانەی ڕانەگەیەنێت.

فوڕات نیوز بڵاویكردەوە 
ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە دەدات، كە 6 ملیۆن و 700 هەزار عێراقی پێویستیان بە پاراستن و  یارمەتی نێودەوڵەتی مرۆیی هەیە.

ڕاپۆرتەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، 132 ملیۆن كەس ‌ لە ساڵ 2019  لە 42 دەوڵەتی جیهاندا پێویستیان بە پاراستن و یارمەتی مرۆیی هەیە، یارمەتییەكانیش تەنیا گەیشتووتە 93 ملیۆن كەس.

یەمەن لە پێشەنگی ئەو دەوڵەتانەدایە بە 24 ملیۆن كەس، ئینجا سوریا بە 13 ملیۆن كەس، دواتر كۆنگۆی دیموكراتی بە 12.8 ملیۆن كەس، دواتر و بە دوای یەكدا، هەریەك لە ئەسیوبیا و باشووری سودان و نەیجیریا و عێراق و ئەفغانستان و سودان دێن.

مەركەز بەیت ئەلعێراق بلاویكردەوە
بە سەرپەرشتی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق ، لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، كۆبوونەوەی هەرسێك سەرۆكایەتییەكەی عێراق بەرێوەچوو، كۆبوونەوەكە بە مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنی و بە تایبەتیش تەقینەوەكانی كۆگای چەكەكانی بوو لە عێراقدا.

لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر لێكۆڵینەوەی ورد لە هەموو ئەو پێدراو و ئەو زانیارییانە كرایەوە، كە پەیوەستن بە ڕووداوەكە و ئەو لایەنانەش پەیوەندیدارن بە تاوتوێكردنی ئەو بابەتەوە.

كۆبوونەوەكە ئەوەی دووپاتكردەوە، پێویستە پابەندی بەندەكان (سیاسەتی نیشتمانی یەكگرتوو بن سەبارەت بە پێشهاتە ئەمنی و هەرێمییەكان)، لە یەكگرتوویی ناوخۆیی و وەستانەوە دژ بە سیاسەتی تەوەربەندییەكان و پابەندبوون بە سیاسەتێكی نیشتمانی عێراقی كە سەروەری خاكی عێراق بپارێزێت.

جەخت لەوەش‌ كرایەوە، كە دەبێت هەموو دامەزراوەكانی عێراق پابەندی ئەو سیاسەتە نیشتمانییە بن و نەگلێنە ئەجیندای لایەنە هەرێمییە ناكۆكەكانەوە. كۆبوونەوەكە تیشكیشی خستەسەر دوا پەرەسەندنەكانی دۆخی داعش و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی لە عێراقدا.

هەرسێ سەرۆكایەتییەكە جەختیان لەوە كردەوە كە حەشدی شەعبی بەشێكی كۆسیستەمی سەربازی و ئەمنی عێراقییە و دەبێت پارێزگاری لێ بكرێت، جەخت لەوشە كرایەوە كە دەبێت فرمانە دیوانییەكەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی حەشدەوە جێبەجێبكرێت.

ئەوەش‌ دووپات كرایەوە، كە هەر بڕیارێكی ئەمنی و سەربازی یان لێدوانێك لەوبارەوە پەیوەستە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە هەروەك لە دەستوردا هاتووە، بۆیە دەبێت هەموو دەزگا و فەرماندە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەكان پابەندی فەرمانەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەن وەزیران بن.

شەڕقلئەوسەت بڵاویكردەوە
محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئیمانوێڵ ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا، رایگەیاندووە، ناكرێت جارێكی دیكە دانوستان سەبارەت پلانی كاری پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەستپێبكەینەوە.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی كرێكارانی ئیرانی (ئیلینا)، زەریف گفتوگۆكانی لەگەڵ ماكڕۆن بە ئەرێنی وەسفكرد،  راشیگەیاند، فەڕەنسا پێشنیاری خستووەتە بەردەستمان و ئێمەش پیشنیاری خۆمان خستۆتەڕوو بۆ چۆنییەتی چارەسەركردنی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە و ئەو هەنگاوانەی پێویستە بگیرێنەبەر.

هەروەها رایگەیاندووە، بەشێكی گرنگی سەركەوتنی گفتوگۆكان پەیوەستە بە دەوڵەتە ئەوروپییەكانەوە لە جێبەجێكردنی ئەو پابەندبوونانەی دەكەوێتە سەرشانیان لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامەكە.

هەوڵەكەی ماكڕۆن بۆ دەربازكردن رێككەوتننامەكە،  پێش لوتكەی حەوتینە دێت كە بڕیارە كۆتایی ئەم هەفتەیە تیایدا چاوی بە تڕەمپ بكەوێت. ووتیشی هەوڵ دەدەین ئیران بگێڕینەوە ناو ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە.

دۆسییەكە دەخرێتە بەردەم 7 دەوڵەتە پیشەسازییەكە كە ڕۆی شەممەی ئایندە لە شاری "بیاریتس" ی باشووری خۆرئاوای فەڕەنسا دەبەسترێت.

ئەو ڕێككەوتننامەیەش كە ئێران و دەوڵەتانی (5+1) پێی گەیشتبوون باس لەوە دەكات بەشێك لە سزاكانی سەر ئیران هەڵبگیرێن و لە بەرامبەریشدا تاران بەڵێن بدات كۆشش بۆ دەستخستنی چەكی ئەتۆمی نەكات.

ئیرانیش هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە ئەگەر لایەنەكانی ڕێككەوتننامەكە هاریكاری ئێران نەبن بۆ دەربازبوون لە سزاكانی ئەمریكا و بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە فرشتنی نەوت و گازی ئێرانی، وە لەوبارەوە نەگەنە هیچ ڕێككەوتنێك، ئەوا تاران واز لە پابەندبوونەكانی دیكەی بە ڕێككەوتننامەكەوە دێنێت.

ڕۆژنامەی عەرەب بڵاویكردەوە
دەسەڵاتدارانی تازەی بەریتانیا كۆت و بەندی دیكەی تازەیان خستووەتە بەردەم بانقی ڕەیانی قەتەری و چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكانی كارگێڕی دارایی بەریتانیاش دەكەن، ئەمەش‌ لە ئاكامی ئەو بەڵگەنامانەی سەرچاوە دادوەرییەكان ئاشكرایان كردن كە گوایە بانكی ناوبراو، ڕێكخراو  كۆمەڵە و سەندیكاكانی سەر بە گرووووپە توندڕەووەكانی پارەدار (تەمویل) كردوون كە لیست تیرۆری جیهانیدان.

دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ڕێگەیان لە بانكەكە گرتووە ژمێرەی دیكەی تازە بكاتەوە، نەوەكو ئەو ژمێرانە لە لایەن كەسانی تاوانكارەوە بە مەبەستی خراپەكاری بەكاربهێندرێن.

قسەكەرێكیش بە ناوی بانكەكەوە ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردەووه، پێشتریش ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكی فراوانیدا ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە لەبەر حاڵەتی ئەمنی، ژمێرەی چەند ‌كەسێكی ئەو بانقە سڕكراون، ڕۆژنامەكە باسی لە 15 ڕێكخراوی ئیسلامی كردووە كە بانقی ناوبراو ئاسانكاری دارایی و بانقی بۆ كردوون.

بانقەكە كە بارەگاكەی لە شاری بیرمنگاهامی بەریتانیایه،‌ خزمەتگوزاری بانقی پێشكەش بە زیاتر لە 85 هەزار لە مامەڵەكەرانی خۆی كردووه، دەشڵێن بانقەكە بە گوێڕەی شەریعەتی ئیسلامی مامەڵە داراییەكانی بەرێوە دەبات و پێداویستی مامەڵەكەرانی لە دەوڵەمەندەكانی كەنداو بەرێوە دەبات.