دواین نوێنەری بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد شەڕی مانەوە لەناو یەكێتی دەكات

کوردستان

28/08/2019‌ 68915 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە ئیبراهیم ئەحمەد، هیچ رۆڵێكی لەدامەزراندن‌و ئاراستەكردنی یەكێتی نیشتمانی نەبووە، بەڵام بەهۆی نزیكی لەسیاسییەكانی ئەو حیزبە بەتایبەتی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی هەمیشە كاریگەری بەسەر ئەو حیزبەوە هەبووە.

كاریگەرییەكانی ئیبراهیم ئەحمەد بەسەر یەكێتییەوە، زیاتر لەرووی فەلسەفییەوە بووە، لەگەڵ ئەوەش ئەندامانی بنەماڵەكەی كوڕو كچەكانی رۆڵی راستەوخۆو گەورەیان لەناو یەكێتی هەبووە، بەتایبەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كە هاوكات هاوسەری جەلال تاڵەبانی بوو.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چ لەسەردەمی شاخ، چ لەسەردەمی شار، لەگەڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی گەورەی هەبووە، كە ئەو رۆڵەی ئەو وایكردووە، رێگە بۆ خوشك‌و براكانیشی (هەڵۆو شاناز) بكرێتەوە، بێنە ناو سیاسەت‌و لەناو یەكێتی رۆڵی خۆیان بگێڕن.

هەرچەندە تا چەند ساڵی رابردوو، رۆڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەسەر یەكێتییەوە، بەتایبەتی دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی لەساڵی 2012 كاریگەری گەورەی هەبوو، بەڵام بەم دوایانە، بەهۆی چوونە تەمەن‌و خراپی باری تەندروستی ئەو رۆڵەی بەرەو نەمان چووەو دیاریش نییە لەداهاتوو دەتوانێت بگەڕێتەوە، یان نا.

ئێستا لەغیابی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو دووركەوتنەوەی هەڵۆی برای رۆڵێكی نوێ‌ بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هاتووەتە پێش، كە دەكرێت بەدواین نوێنەری بەنەماڵی ئیبراهیم ئەحمەد لەناو یەكێتی ناوی ببرێت‌و دوا چانسی بنەماڵەكەش بێت بۆ مانەوە لەناو ئەو حیزبە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئێستا كۆنگرەی یەكێتی، كە رەنگە لەكۆتایی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، بەدەرفەتێك دەبینێت، بۆ ئەوەی بچێـتە پێشەوەو وەك دوا نوێنەری بنەماڵەكەی لەناو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی داهاتووی یەكێتی جێگەی خۆی بكاتەوە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كێیە؟
ساڵی 1954 لە شاری سلێمانی و لەگەڕەكی سابوونكەران لەدایكبووەو ساڵی 1977 لەگەڵ لەتیف رەشید هاوسەرگیریكردووەو خاوەنی دووكوڕو كچێكەو زمانی كوردی عەرەبی‌و فارسی و ئینگلیزی دەزانێت.

لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا زانكۆی تەواو كردووەو ژیانی سیاسی لە منداڵییەوە دەستیپێكردووەو بەهۆی باوكییەوە بەردەوام 1977 بووەتە ئەندامی كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لەدەرەوەی وڵات‌و ساڵی 1991 پشتیوانی دامەزراندنی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان كردووەو لەسەرو بەندی شۆڕشی نوێشدا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا سەرجەم بڵاوكراوەكانی شۆڕشی نوێی وەرگێڕاوەو پاشان بڵاوكراوەكانی گەیاندووەتە خەڵكی.

ئەندامی inc  بووە و بەشداری كۆبوونەوەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی كردووەو لەساڵی 2003 بە رەسمی بەرپرسیاری رێكخستنەكانی یەكێتی لەدەرەوەی وڵاتی وەرگرتووەو پاشان ساڵی 2012 وەك لێپرسرای ناوەندی دەرەوەی یەكێتی دەست بەكاربوو تا ئێستاش لەو پۆستەدایە.

رەخنەگرێكی تووند
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەمیشە لەنووسین‌و وتارەكانی رەخنە دەگرێت، كە رەنگە لەوەدا چووبێتەوە سەر ئەو رەوتەی باوكی، كە هەمیشە بۆ بۆنە جیاوازەكانی قسەی هەبووەو قسەكانیشی زیاتر رەخنەیی بوون.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەرەخنەگرتندا، بەوە لەباوكی جیادەبێتەوە، كە ئەم رەخنە گرێكی تووندەو بەردەوام لەنووسینەكانی بەتوندی دادەبەزێتە سەر ئەو كەسەی لەسەری دەنووسێت، كە ئەوە خاڵی لاوازییەتی‌و بەو هۆیەشەوە بەرەیەكی گەورەی لەسیاسییەكان، چ لەناوخۆی یەكێتی‌و چ لەدەرەوەی ئەو حیزبە دژ بە خۆی دروست كردووە.

ئەو خاڵە لاوازەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد تاكە هۆكارێكە، كە رەنگە رێگری لێبكات بۆ چوونە پێشەوەو بوون بەئەندامی سەركردایەتی، چونكە ژمارەیەكی زۆر لەسەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی ئێستا یەكێتی بەهۆی ئەو رەخنانەوە دژایەتی دەكەن‌و لەگەڵ ئەوە نین ببێتە ئەندامی سەركردایەتی.

خاڵە بەهێزەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەرێگەی ئەو پێگەیەی لەناو خانەوادەی تاڵەبانی هەیەتی‌و بەهاوكاری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی‌و كوڕەكانی جەلال تاڵەبانی (قوباد‌و بافێڵ) دەیەوێت رۆڵەكانی لەناو یەكێتی زیادبكات، بۆ ئەوەی لەدوای كۆنگرەی داهاتوو وەك كەسایەتییەكی كاریگەر دەربكەوێت‌و پێگەیەكی بەهێز لەداهاتووی یەكێتی دەست بخات.

لەگەڵ ئەوەی زۆرجار بەهۆی نەبوونی پێشینەی خەباتی چەكداری لەشاخ رەخنەی لێدەگیرێت، بەڵام لەچەندین بۆنە وەڵامی ئەو رەخنانەی داوەتەوەو لەو بارەوە دەڵێت: لەو ماوەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بووە، لەسەر رۆشنایی رێنماییەكانی ئیبراهیم ئەحمەد‌و جەلال تاڵەبانی سەرقاڵی كاری حیزابایەتی و بڵاوكردنەوەی پەیامی حیزب بووە بەدنیای دەرەوە، ئەوەش یەكێكی ترە لەو خاڵە بەهێزانەی، كە دەیەوێت بیكاتە پاڵپشتییەك بۆ كاری داهاتووی لەكۆنگرەی یەكێتی. 

ئەو زۆر بەكەمی لەمیدیاكامدا دەردەكەوێت، بەڵام وەك كەسە نزیكەكانی باسی دەكەن توانایەكی باشی لەبواری وتارداندا هەیە، ئەمە جگە لەوەی لەبواری ئەدەبی‌و رەخنەی سیاسی شارەزایی باشی هەیە، كە ئەمانە هەموو خاڵی بەهێزی ئەون‌و دەكرێت ببنە هۆكارێك بۆ شاردنەوەی خاڵە لاوازەكەی.

لەچەند ساڵی رابردووش چەند هەوڵێكی جدی هەبوون بۆ دوورخستنەوەی، بەڵام هیچكام لەهەوڵەكان نەیانتوانی ئەو لەپۆستەكەی دووربخەنەوە، تەنانەت دەستبەرداری ئەو شێوە رەخنەش نەبوو پێی ناسراوە، كە رەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، ئەندامێكی خانەوادەی ئیبراهیم ئەحمەدەو لەماڵی تاڵەبانی نزیكە، كە دوورخستنەوەی ئاسان نەبێت، ئەوەش بۆ بەهێزی پێگەی بنەماڵەكەی دەگەڕێتەوە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هەرچەندە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی نییە، بەڵام زۆرجار لەبۆنە حیزبییەكان لەپێشەوەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی دەركەوێت‌و بەم دوایانەش جوڵەو دەركەوتنەكانی زیاتربوون، بەتایبەتی لەدوای دابەشبوونی رۆڵی هێرۆ ئیبراهیم لەناو بنەماڵەی تاڵەبانی.

ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، كە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەو خاڵە بەهێزو لاوازانەوە دەتوانێت جێگەی خۆی لەسەركردایەتی داهاتووی یەكێتی بكاتەوەو وەك دوا نوێنەری بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵ بگێڕێت؟ كە رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا كۆنگرەی داهاتوو بیداتەوە.