ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەهێرش بۆ سەر مۆڵگەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق

عیراق

11/09/2019‌ 1529 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەهێرشكردنە سەر كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق تەواو بووە

عەبدول خالق عەززاوی ئەندامی لیژنەی بەرگری‌و ئاسایش لەمیانی لێدوانێكی دەڵێت: ئەو لیژنە حكومییانەی بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری تەقینەوەكانی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی درووستكرابوون كۆتاییان بە كارەكانیان هێناوە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، كە ژمارەی هێرشەكان ١٢ هێرش بوون و دەریش كەوتووە، لەڕێگای فرۆكەی بێفرۆكەوانەوە ئەنجام دراون و هەندێك لەو هێرشانەش ئیسرائیل لێیان بەرپرسە.

ئەو دەشڵێت: لایەنی ئەمەریكی، كە بەرپرسە لە پاراستنی بواری ئاسمانی عێراق، حكومەتی بەغدای ئاگاداركردووەتەوە، كە هێرشەكان بە فرۆكەی بێفرۆكەوانی ئیسرائیلی ئەنجام دراون.

عەززاوی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە پێگە و هێزەكانی حەشدی شەعبی ١٢ جار هێرشیان كراوەتە سەر و هەندێك لەهێرشەكان ئاشكرا كراون و هەندێكیشیان بێدەنگەیان لێكراوە .

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوای لەعادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیر و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان كردووە، كە ئەو خاڵانەی ڕێكەوتننامەی نێوان عێراق و ئەمەریكا، كە پەیوەستە بە پاراستنی بواری ئاسمانی عێراق بۆ پەرلەمان روونبكاتەوە، هەروەك پرسیاری ئەوە دەكات، كە ئەو پارەیەی بۆ دەزگا ئەمنییەكان خەرج دەكرێت چی لێدێت لەكاتێكدا ئەوان ناتوانن فرۆكەیەكی بێفرۆكەوان ئاشكرابكەن كاتێك ئاسمانی عێراق دەبەزێنێت .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی