پارتی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان چاوەڕێی دادگای فیدراڵییە

عیراق

11/09/2019‌ 228 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەفتەی داهاتوو دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی سكاڵای پارتی دیموكرات لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە دەچێت‌و ئەو حیزبەش چاوەڕی ئەنجامی دانیشتنەكە.

سەبارەت بە كاتی دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو سكاڵایەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشكەشی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو، 16ی ئەم مانگە دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە سكاڵاكەمان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە دەچێت و "ئومێدەوارین بڕیارەكە لە قازانجی دەنگدەران بێت".

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند، دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵی، "ئێمە خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەین".

لایەنە كوردستانییەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە هەوڵدان بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن و بچنە كێبڕكێ لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە بۆ ئەوەی ببنە لیستی گەورە و بتوانن كورسی زیاتر بە دەست بهێنن، لەبارەی هەنگاو و هەڵوێستی پارتی بۆ ئەم پرسە، خەسرۆ گۆران رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كۆبووینەوە و بڕیارە پەیوەندی بە لایەنەكانی دیكەوە بكەین و دوای چەند رۆژێكی تریش كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی تەواوی حیزبە كوردستانییەكان سەبارەت بەو پرسە ئەنجام دەدەین، چونكە یەكلیستی زۆر گرنگە و چەندە كورد یەكگرتوو بێت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوا دەستكەوتی زیاتر بەدەست دێنێت.

ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەرێوەدەچێت، كە پارتی دیموكرات لەهەمواری یاسای هەڵبژاردنەكە ناڕازییە، بۆیە سكاڵای لەسەر تۆماركردووە.

هـ ـ ح