دەوڵەتی یاسا چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بەكاتكوشتن دەزانێت

عیراق

16/09/2019‌ 1095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات چوونی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا تەنیا بە "كاتبەفیڕۆدان" وەسف دەكات‌و جەختدەكاتەوە ئامادەبوون تێیدا "بێسوودە" .

مەنسوور بەعیجی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، كە دیداری چاوەڕوانكراوی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا بێسوودە ، لەبەر ئەوەی ئەوە یەكەمجار نییە شاندی هەرێمی كوردستان دێتە بەغدا و هەموو دیدارەكانی پێشووتریش لەسەر بابەتە هەستیارەكانی وەك دۆسییەی نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەكان نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێك، یان لەیەكتێگەیشتنێك بەگوێرەی دەستوور .

پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا راشیگەیاندووە، كە هەرێمی كوردستان نەوت هەناردە دەكات و كۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەكانی كوردووە، لەگەڵ ئەوەش پشكی خۆی لە بودجەی فیدراڵی وەردەگرێت بێ ئەوەی هیچ كام لە داهاتەكانی خۆی رادەستی بەغدا بكاتەوە، یان هیچ كام لەو پابەندیانەی بەگوێرەی دەستوور دەكەوێتە سەری جێبەجێیان بكات.

بەعیجی باسی لەوەش كردووە، كە ناكریت ڕێگە بدرێت ئەو رەوشە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی "ئێمەش نوێنەری یاسایی و شەرعی پارێزگاكانی خۆمانین، بۆیە ناتوانین ئەو دۆخە قبووڵ بكەین و دەبێت زۆر بەلێبراوانە بەڕووی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بوەستینەوە".

هەروەها رایگەیاندووە، كە یان هەرێمی كوردستان گوێ لە لۆژیكی عەقڵ دەگرێت و پابەندی ئەو ئەرك و مافانە دەبێت، كە لە دەستووردا بۆی دیاریكراوە، یان لەسەر سیاسەتە هەڵەكانی بەردەوام دەبێت لەڕێگای هەناردەكردنی نەوت‌و دەستگرتن بەسەر داهاتەكانیدا، ئەوكاتیش لەساڵانی داهاتوودا یەك دینار لە بودجەی فیدراڵی وەرناگرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە بەم نزیكانە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات‌و بۆ پرسی نەوت‌و بودجە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كۆبوونەوە بكات، كە چەند ساڵێكە لەسەر ئەو پرسانە كێشە لەنێوانیان هەیە.

هـ ـ ح